له کاتیکدا كه كۆمه‌ڵگای ئێران هه‌نگاو به هه‌نگاو له بارودۆخێكی شۆڕشگێڕانه نزیك ده‌بۆوه، سه‌رمایه‌دارى ئیمپریالیستی، به سه‌رۆكایه‌تى ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا كه له‌و په‌ڕى توانایى پیشه‌سازى و گه‌شه‌كردنى ئابووریدا بوو، پێویستیه‌كی ته‌واوى به په‌ره‌پێدانى بازاڕه‌كانى سه‌رمایه هه‌بوو. كێبركێی نێوان یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت و ئا‌مریكا ته‌وه‌ره‌ی سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بوو و به مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هه‌رێمه‌كانى نفووزى یه‌كتر، شه‌ڕ و پێكدادان و ململانێی فراوان له ناوچه جیاجیاكانى جیهاندا له ئارادا بوو. ئا‌مریكا بۆ پێش‌گرتن له په‌ره‌سه‌ندنى نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت له ناوچه‌كانى ژێر نفووزى خۆیدا، پێویستى به ده‌وڵه‌تانى سه‌قامگیر بوو.
له كۆتایى ده‌یه‌ى ٧٠ی زایینی‌دا وڵاتى ئه‌فغانستان، دواى كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی كه له‌و وڵاته‌دا روویدا، به‌كرده‌وه بوو به هه‌رێمێكى ژێر نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت، به‌م بۆنه‌وه نیگه‌رانى له سه‌ر ئێران بۆ ئه‌مریكا چووه قۆناغێكى زۆر گرینگه‌وه. له وه‌ها باروودۆخێكدا گه‌لانى ئێران، به هیواى به‌دستهێنانى ئازادى و به‌شدار بوون له ژیانێكى باشتر و مرۆڤانه‌تر، دژ به رژیمى شا راپه‌ڕین و شه‌پۆله‌كانى شۆڕش له ماوه‌ى ساڵێكدا سه‌رتاسه‌رى ئێرانى گرته‌وه و به درێژایی مانگه‌كانى وه‌رزى پاییز‌ى ساڵى ١٣٥٧، ناكارامهیى و لاوازی رژیمى شا له دامركاندنه‌وه و كونترۆڵى شه‌پۆله‌كانى شوڕش بۆ ئا‌مریكا ئاشكرا ببوو.
دواى تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى راپۆرته رۆژانهكانى باڵوێزه‌كانى ئا‌مریكا و بریتانیا (سولیوان و بارسونز) كه له تارانه‌وه راسته‌وخۆ چاودێرى باروودۆخهكهیان ده‌كرد، ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه چیتر به‌رگریكردن له شا سوودبه‌خش نییه و له‌وانه‌یه باروودۆخهكه به‌ره‌و خاڵێكى بێگه‌ڕانه‌وه ببات و هه‌ر وه‌ك ئه‌فغانستان، ئێرانیش بكه‌وێته داوێنى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ته‌وه.
له‌م قۆناغه‌دا، ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا باوه‌ڕى به توانایى نه‌ته‌وه‌خوازه لیبڕاڵه‌كانى ناو ئوپۆزسیۆنى رژیمى شا، بۆ كونترۆڵى بارودۆخه‌كه، نه‌بوو.
ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه رۆژئاواییهكانى به مه‌به‌ستى پاراستنى ئێران و دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسى ده‌رچوونى ئێران له‌و پشتوێنه ئه‌منییه‌تییه‌ی كه پێشتر به ده‌وری یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا كێشا بوویان، پێویستیان به سه‌نگه‌ر و ریزبهندییهكى تازه بوو. ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا زۆر له پێشتره‌وه ئاگادارى بوونى ماددى و بیروبۆچوونه‌كانى ره‌وتى ئیسلامى له ناو ئوپۆزسیۆنى شا و توانایى و لێهاتوویى ئه‌و ره‌وته بۆ كردنی به قه‌ڵاى دژه كۆمۆنیستى بوو.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌یكه راوێژكاره ئهمریكاییهكانى شا و ده‌ربار به به‌رده‌وامى هانى بده‌ن بۆ گرتنه به‌رى رێوشوێن و هه‌ڵسووكه‌وتى نه‌رم ونیانتر به‌رامبه‌ر به رێبه‌رانى ئه‌م ره‌وته و “شا”ش رێنماییه‌كانی ئه‌وانى په‌ێڕه‌و ده‌كرد. بۆ نموونه له حاڵێكدا كه كتێبه‌كانى عه‌لى شه‌ریعه‌تى به هه‌زاران دانه چاپ و به ئاشكرا بڵاو ده‌كرانه‌وه و ناوه‌ندى فه‌رهه‌نگى حوسه‌ینیه‌ى ئیرشاد له تاران به ئیمكاناتێكى فراوان و چاپخانه‌ى پێشكه‌وتوه‌وه له خزمه‌ت ئه‌و و هاوفیكرهكانیدا بوو، هه‌روه‌ها گۆڤارى “مه‌كته‌بى ئیسلام” له شارى قوم به ئاشكرا چاپ و بڵاو ده‌كرایه‌وه، چالاكوانانی چه‌پ ته‌نها به هۆى خوێندنه‌وه‌ى نامیلكه‌یه‌كی ماركسیستییه‌وه ده‌بوا ساڵانێك حه‌بس و زیندانیان ته‌حه‌مول بكردبایه.
به درێژاى سه‌رده‌می شه‌ڕى سارد، ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا وه‌ك سیاسه‌تێكى ده‌ست نیشانكراو، نه ته‌نها ده‌وڵه‌ته‌كانى هاوپه‌یمانى خۆى له رووخان و هه‌ره‌سهێنان ده‌پاراست، به‌ڵكوو له هه‌مان حاڵ‌دا نیونیگایهكیشی به‌ره‌و ئوپۆزیسیۆنى ئه‌و رژیمانهوه هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانى داهاتووى خۆى، له ناویاندا بدۆزێته‌وه و ده‌ست نیشانیان بكات.
چه‌ندین به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گر به ده‌سته‌وه‌ن كه ده‌ریده‌خه‌ن، ئا‌مریكا له رێگاى جۆراجۆره‌وه له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سانى ناو ئوپۆزیسیۆنى ئه‌وكاتی ئێران په‌یوه‌ندى هه‌بوه كه دواتر له حكومه‌تى نوێی ئیسلامی‌دا پۆست و مه‌قامى گرینگ‌یان وه‌رگرت. بۆ نموونه پاش چوونى خومه‌ینى بۆ پاریس، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان پێوه كرد و هه‌ندێك قه‌رار و به‌ڵێنیان له یه‌كتر وه‌رگرت.
جێگاى سه‌رنجه كه ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا دواى رووخانى ده‌وڵه‌تى زاهیرشا له ئه‌فغانستاندا، پێڕه‌وى هه‌مان سیاسه‌تى كرد و له گه‌ڵ نه‌یاره ئیسلامییه‌كانى كابولدا پێوه‌ندى هه‌بوو. پاره و چه‌كى ئامریكایى له رێگه‌ى پاكستانه‌وه، بزاڤی ئیسلامى ئه‌فغانستانى به‌هیز ده‌كرد و گه‌یاندییه ده‌سه‌ڵات. سه‌باره‌ت به ئێرانیش گه‌یشتبوونه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه رژیمێكى ئیسلامى بۆ سه‌نگه‌رگرتن له به‌رامبه‌ر نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا، گه‌لێك پوتانسێڵی به‌رچاو و سه‌رنجڕاكێشى هه‌یه.
له سه‌رده‌مى شۆڕشى ساڵى ٥٧ دا به بۆچوونى ئا‌مریكا و ده‌وڵه‌تانى سه‌رمایه‌دارى رۆژئاوا، به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كونترۆڵى باروودۆخى سیاسى و مههاركردنى شه‌پۆله‌كانى شۆڕش، كه ئاكامه‌كانى پێش بینى نه‌ده‌كرا، له پله‌ى دووه‌مدا بوو. هه‌ر چه‌ند بهڵگهنامهگهلێك له دست دایه كه ده‌ریده‌خه‌ن خومه‌ینى پێش له وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات، سه‌باره‌ت به درێژه‌پێدانى بێ كێشه‌ى هه‌نارده كردنى نه‌وت بۆ رۆژئاوا، به‌ڵێنى ته‌واوى به لایه‌نه رۆژئاواییه‌كان دابوو. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ئورووپایهكانى له كۆنفرانسى (گوادولۆپ)دا رژیمى شا و داهاتووی ئێرانیان تاوتوێ كرد. (كارتێر، ئێشمیت، كالاهان، ژیسكاردێستن) ئه‌وان له لایه‌كه‌وه به كۆى ده‌نگ ئه‌وه‌یان په‌سند كرد كه چیتر پێویست ناكات پشتگیرى رژیمى شا و ده‌ربار بكه‌ن و له لایه‌كى تره‌وه بڕیاریاندا پێداویستییه‌كانى مههارى شۆڕش، بۆ ره‌وتى ئیسلامى دابین بكه‌ن. له راستیدا كۆنفرانسى گوادولۆپ چاره‌نووسى رژیمى شاى ده‌ستنیشان كرد و هه‌وڵ و چالاكییه‌كانى وڵاته رۆژئاواییهكانى بۆ دانانى خومه‌ینى له شوێنى شا هاوئاهه‌نگ كرد. پاش ئه‌و بڕیار و رێكه‌وتنانه، ئه‌رته‌ش رایگه‌یاند كه بێلایه‌نه و ده‌زگاى راگه‌یاندنى رۆژئاوا له به‌رژه‌وه‌ندى ره‌وتى ئیسلامی‌دا كه‌وته كار و چالاكى.
ئه‌وان له‌و كاته‌دا به باشى ده‌یانزانى كه ده‌وڵه‌تى شاپوورى به‌ختییار توانایى كونترۆڵى شۆڕش و به‌رگرى له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رۆژئاواى، له به‌رامبه‌ر مه‌ترسى نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا نییه. ده‌وڵه‌تى به‌ختیار وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یرى ده‌كرا تا له ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌ودا مه‌جالى ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه له گه‌ڵ ره‌وتى ئیسلامی‌دا رێكبكه‌ون. ئه‌وان نیگه‌رانى ئه‌وه بوون كه موداخیلهى چاوه‌ڕوان نه‌كراوى ئه‌رته‌ش باروودۆخهكه خراپتر بكات و ببێته هۆى ناسهقامگیرییهكى درێژخایه‌ن. له روانگه‌ى ئه‌وانه‌وه وه‌ها پێشهاتێك سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه ئێران بكه‌وێته داوێنى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ته‌وه. كه واته ئه‌و بۆچوونه‌ى كه ئه‌ڵێ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى ژنراڵ (هایزر) بۆ تاران، وه‌رگرتنى پشتگیرى ئه‌رته‌ش بۆ ده‌وڵه‌تى به‌ختیار بوو،لێكدانه‌وه‌یه‌كی دوور له راستییه.
له راستیدا (هایزر) وه‌ك ژنراڵێكى خاوه‌ن ئه‌زموون و سیاسهتمهدارێكى لێهاتوو كه نفووزێكى زۆرى له ناو گه‌وره فه‌رمانده‌كانى ئه‌رته‌شى شادا هه‌بوو، به مه‌به‌ستى پێش‌گرتن له هه‌ر چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌كی كودهتایى له لایه‌ن ئه‌رته‌شه‌وه و به ئامانجى ئاماده‌كردنى بارودۆخه‌كه بۆ به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خومه‌ینى ره‌وانه‌ى ئێران كرا. سه‌ركرده‌كانى ئه‌رته‌ش به‌ته‌واوتی گوێڕایه‌ڵى شا بوون و هه‌ر ئه‌ویش به‌ختیاری هێنابووه سه‌ركار. له‌م رووه‌وه ئه‌رته‌ش هیچ كێشه‌یه‌كى له گه‌ڵ به‌ختیاردا نه‌بوو و فه‌رمانى پشتگیرى له به‌ختیاری له لایه‌ن شاوه پێگه‌یشتبوو.
به‌ڵام ئه‌مریكاییه‌كان باش ده‌یانزانى كه ده‌سه‌ڵاتى به‌ختیار ده‌وام ناهێنێت. كه‌واته پێویست بوو ئه‌رته‌ش رێگهخۆشكهرى ده‌سه‌ڵاتى ئیسلامییه‌كان بێت تا ئه‌وانیش، شه‌پۆله‌كانى شۆڕش كونتروڵ بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌شێك له ستراتژییهكه بوو، به‌شێكى تر‌ى جێ خستن و داسهپاندنى خومه‌ینى وه‌ك ئاڵترناتیڤى رژێمى سه‌ڵته‌نه‌تى به سه‌ر راى گشتى خه‌ڵكى ئێران‌دا بوو.
خومه‌ینى كه له سه‌ره‌تادا بڕیار بوو دواى دوورخستنه‌وه‌ى له عێراق، له كوه‌یت یان سووریه نیشته‌جێ بێت، به وه‌رگرتنى راى راوێژكاره‌كانى، به‌ره‌و پاریس رێكه‌وت. پاش نیشته‌جێ بوونى خومه‌ینى له (نووفل لۆشاتۆ)، ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانى رۆژئاوا به‌گشتى و به تایبه‌تی به‌شه فارسیی زمانه کانیان بۆ ئه‌و ته‌رخان كران. ئه‌مه له حاڵێكدا بوو كه ئێمه‌ى چه‌پ له ناوخۆى وڵات به كه‌مترین ئیمكاناته‌وه راگهیاندننامهكانى خۆمان به (پولى كۆپى) نه‌شر ده‌كرد و له ئاستێكی سنوورداردا بڵاومان ده‌كرده‌وه. به‌ڵام هه‌موو شه‌وێك به‌شى فارسى رادیۆى (بى.بى.سى) فه‌رمانه‌كانى خومه‌ینى بۆ سه‌رتاسه‌رى ئێران ده‌گواسته‌وه و هه‌واڵى ده‌ركه‌وتنى وێنه‌ى ئیمامى له‌ناو مانگدا ده‌كرد به قوڕگى خه‌ڵكدا. به م جوره بوو که ئاسانکاری کرا بو به ده سه لات گه یاندنی حکومتی ئیسلامی له ئیران