هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” ڕۆژی سێشهممه ٢٣ی مانگی ڕهزبهر دەقی رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی سوورییه سهبارهت به هاتنی سپای سوورییه بۆ چەند ناوچەیەکی رۆژئاوا بڵاوکردەوە.
راگەیەندراوەکەی هەسەدە واژۆی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوورییهی دیموکرات و سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگەی بەسەرەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە هەسەدە رازی بووە هێزەکانی سپای سوورییه دەسەڵاتیان لە تەواوی ناوچەی عەین دیوار لە رۆژهەڵات بۆ جەرابلووس لە رۆژئاوا هەبێت. بەو پێیە سپای سوورییه لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵات و باکووری فورات بڵاودەبنەوە، لە هەمان کاتدا هەردووە ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپی وەکو ناوچەی شەڕی ناجێگیر دەمێننەوە “تاوەکو ئەوکاتەی ئازاددەکرێن. ئەم رێککەوتنە بەپەلەیەی هەسەدە لەگەڵ سپای سوورییه دوای ئەوە هات، کە تورکییه بە یارمەتیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی سوورییه، هێرشێکی فراوانی کردە سەر رۆژئاوا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار هاووڵاتیی ئاوارەبوون، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی ئەو هێرشەی تورکییهن، بەڵام تورکییه بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکەی.