
به پێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی پاوە بە تۆمەتی ئەوەیکە لە کاناڵی تلێگرامی خۆی چهمكی “شەهیدی” بۆ قاسم سلێمانی بەکار نەهیناوە، دەستبەسەر کراوه.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی شەممە ١٤ی بەفرانبار هێزە ئەمنییەکانی پاوە “مزەفەر وەلەد بەیگی” ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیاریان کردووە. “مزەفەر وەلەدبەیگی”، بەرپرسی ماڵپەڕ و کاناڵی تێلگرامی “دەنگی نوریاو”ە کە بە بیانویی ئەوەی هەواڵی سایتی “خەبەر ئانلاین” کە بە قاسم سلیمانی وتووە کوژراوە لە کاناڵەکەی خۆی بڵاو کردووەتەوە، دەستبەسەر کراوە. شایانی باسه، ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە. جێگهی ئاماژهیه، “مزەفەر وەلەد بەیگی” مانگی پووشپەری ساڵی ٩٧یش، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
