به پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوهی ساڵی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ١٧ تازهلاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی لە شارەکانی کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و عهقیدهتی، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمهوه دەستبەسەر کراون.
بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا، لانیکەم ١٧ تازهلاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، لە شارەکانی کوردستان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییهوه دەستبەسەر کراون كه کەم تەمەنترین کەسەکانیش دوو تازهلاوی ١٥ ساڵ تهمهن بوون. شایانی باسه، زۆرینەی ئەو دەستبەسەرکراوانە کە ژمارەیان ١٤ کەسە، بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و “هاوکاری لەگەڵ حیزبه نهیارهكانی ڕژیم” و سێ کەسیشیان بە هۆی چالاكی عهقیدهتی دەستبەسەر کراون. جێگهی ئاماژهیه، لە زۆربەی پهروهندهكاندا ستانداردە دادوەرییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی منداڵان و لەوانەش سنووردار کردنی ماوەی دەستبەسەرکرانی بەر لە دادگا، دەستڕاگەیشتنی خێرا بە بنەماڵە، قەدەغە بوونی گوشاری جەستەیی و دەروونی و دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژی یاسایی پارێزەر، ڕەچاو نەکراوە. شایانی باسه، زۆرترین كهسانێك كه دەستبەسەر کراون و ژمارەیان دهگاته ٩ کەس، لە ئۆستانی كوردستان بووه و پاش ئەویش لە ئۆستانی ئازهربایجانی غهربی ٦ کەس و لە ئۆستانی کرماشانیش دوو کەس لە لایەن هێزه ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.