به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخرای مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم له یهك ڕۆژدا لانیکەم ١٤ هاووڵاتییان لە شارەکانی بۆکان، مەریوان، کەرەج و مەهاباد دەستبەسەر کردووە.
بەگوێرەی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هاووڵاتییەكی خهڵكی ئهمشارهیان بە ناوی “عەزیمە ناسری” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. شایانی باسه، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە جلی ئاسایی و بە بیانووی چاکردنەوەی کێشەی گاز چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییەوە دەستبەسەریان کردووە. هەمان ڕۆژ لە شاری مەریوان چەند هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی دوو کەسیان بە ناوەکانی “کاروان مینووی” و” دانا سەمەدی” ئاشکرا بووە. لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت لە شارۆچکەی ڕەبەت سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی “فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور و بەهمەن یوسفزادە” دەستبەسەر کردووە. فەرهاد موساپوور خوێندکار و مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەهمەن یوسفزاده خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری مەهاباد بووە. هاوکات حەوت هاوڵاتی دیكه بە ناوەکانی “دەریا تاڵەبانی، شەپۆل خزری، سالاری ڕەهەوی، فەرزاد سامانی، ئەفشین مامئەحمەدی، سیروان نووری و سوهەیب بادرووج” دەستبەسەر کراون. “سوهەیب بادرووج” خەڵکی مەریوان و شەش خوێندکاری دیکە خەڵکی شاری مەهابادن. به پێی ئهم ڕاپۆرته، ههمان ڕۆژ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵی خهڵكی ئهمشارهیان بە ناوی “ئیمان عەبدی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.