به پێی ڕاپۆرتهكان، “سەعید شیرزاد”، بهندكراوی سیاسی له زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، به مهبهستی تێپەڕاندنی ماوەی حوكمهكهی، دەستبەسەر و رهوانهی زیندان کرایهوه.
شەوی یهكشهممه لهسهر دووشهممه ٦ی خەزەڵوەر، “سەعید شیرزاد”، کە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر بۆ یەکەم جار ناردرایهوه بۆ مەرەخەسی، لە شاری “پەرەند” سهرلهنوێی دەستبەسەر کرایەوە. جێگهی وهبیرهێنانهوهیه، “سەعید شیرزاد”، چالاکی مافی منداڵان، ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ٩٣، لە شوێنی کارەکەی لە پاڵاوگەی تەورێز دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ زیندانی ئێوینی تاران، بەهۆی داکۆکیکردن لە مافی منداڵانی کار و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو. پاش ئەو ماوەیە ناوبراو بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئەوین گوازرایەوە و پاش ماوەیەکی کورت و بەبێ هیچ هۆکارێکی تایبەت، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزرا. ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ڕژیم له شاری تاران، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تەبانی و هەوڵدان لهدژی ئهمنییهتی میللی”، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا، دواتر حوكمهكهی لە دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران پشتڕاست کرایەوە. هەروەها حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعلیقی ناوبراو کە لە ساڵی ٩١ بە هۆی بەشداری لە یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی شاری “ئەهەر”، بە سەریدا سەپابوو، خرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.