کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ده‌بێ شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان پێک بێنین

“دەبێ شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان پێک بێنین”، ئەم وتەیە و ڕاگەیاندنی ئیرادە، بەشێک لە قسەکانی یەکێک لە کرێکارانی ناڕازی گوروپی میللی فولادی ئەهوازە. کرێکارانی ئەم موجتەمەعە سەنعەتیە دوای ناڕەزایەتیەکانی رۆژی شەممە ٢٧ ی مانگی گەلاوێژ کە لە حەساری کارخانە بەڕێوەچوو، رۆژی سێ شەممە ٣٠ مانگی گەلاوێژ بۆ سێهەم رۆژی بەردەوام لە بەردەم بانکی ناوەندی ئەهواز کە لە ئێستادا خاوەنی ئەو کۆمەڵە پیشەسازیەیە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد. کرێکاران لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا کە بە ئامادە بوونی بەردەوام و بەرینی هێزە ئینتیزامیەکان لەسەر شەقامەکانی دەوروبەر بەڕێوەچوو، خوازیاری دانی خێرای ٤ مانگ حه‌قده‌ستی دواخراو و دەستەبەر بوونی باقی داخوازیەکانیان بوون و ڕایانگەیاند کە تا کاتی جێبه‌جێ بوونی مافەکانیان، دەرێژە بە ناڕەزایەتیەکانیان ئەدەن. کرێکارانی ئەم موجتەمەعە سەنعەتیە لە شەپۆلی تازەی ناڕەزایەتیەکانیاندا هەروەها لەسەر پێویستی دروست کردنی شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان جەختیان کردەوە. گوروپی سەنعەتی فولادی ئێران بریتی لە کارخانەی فولادسازی، نەوەردی کەوسەر، نەوەردی تیرئاسن، کارخانەی لولە سازی و ماشێن سازییە و نزیکەی ٤ هەزار کرێکاری لەسەرکاری هەیە کە ٤ مانگە بەرانبەر به‌ کارێک كه‌ کردویانە حەقدەستیان وەرنەگرتوە.

کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز لە بانگەوازێکدا کە شەوی یەکشەممە ٢٨ ی مانگی گەلاوێژ بڵاو بۆوە، ڕایانگەیاند کە:” لە کوێی دنیا ڕەسم وایە کە بە هەزاران میلیارد لە خەزانەی وڵات دزی بكرێت و کەس متەقی لێوە نەیەت بەڵام پاره‌ی پێویست بۆ بوژاندنەوەی ئەم شیرکەتە نه‌بێت؟.” “لە بەشێکی دیکە لەم بانگەوازەدا، کرێکارانی موجتەمەعی سەنعەتی بە دەربڕینی ئەوەی کە ” خوێنی هاوکارەکانمان کە بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان ده‌نگیان هه‌ڵبڕی، هێشتا بە ئاسفاڵتە گەرمەکانی ئەهوازەوەن شاهیدی قسەکانی ئێمەیە” جەختیان کردەوە کە:” ئێمە بە ئەندازەی کافی سەبرمان کرد، دەرفەتی بەرپرسان کە تەنانەت لە ئاشکرا کردنی ناوی گەندەڵەکانیش دەترسن کۆتایی هاتوە و سەرلەنوێ ئەوە کرێکارانی گوروپی میللین کە دێنەوە سەر شەقامەکان و مافەکانیان بە زۆر دەستێنن.”

کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز لە جەریانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکەیاندا لەبەردەم بینای ناوەندی بانکی میللی ئەهواز بە دانی دروشمی ” کرێکار دەمرێت، زەلیلی قەبوڵ ناکات”، ” ئەم هەموو نا دادپەوەریە، کێ بینیویەتی”، ” مردنی گوروپی میللی، بەدەستی بانکی میللی”، ” نە زیندان نە هەڕەشە ئیتر کاریگەری نییە”، ” شەڕدەکەین، دەمرین، مافەکانمان وەردەگرین” لەسەر خەبات تا دەستەبەر بوونی سەرجەم داخوازیەکانیان جەختیان کردەوە. لەم کۆبوونەوەدا یەکێک لە کرێکارانی ناڕازی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز لە سوخەنڕانیەکدا ڕایگەیاند:” ئێمە ئامرازی ئابووری کەس نین و هیچ سەرمایەگوزارێک ناتوانێ ئێمە بکاتە دارده‌ستی دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی. ئەو جەختی کردەوە: ئێمە کرێکارین، ئێمە چەرخەی پیشەسازین و تواناییەکانمان ده‌ناسین. ئێمە دەبێ شوڕای سەربەخۆی کرێکاری پێکبێنین. بە پێکهێنانی شوڕای سەربەخۆی کرێکاری و چاودێری کردن بەسەر کار و کرداری ئەو ئاغایانەدا دەتوانین ڕێکار بدۆزینەوە.”

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە بەرپرسی کۆمیتەی حەقدەستی کانونی باڵای شوڕا ئیسلامیەکانی کاری ڕژیم رۆژی سێ شەممە ٣٠ مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە ” سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەک گەیشتۆتە ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تەمەن”. ئەم ڕەقەمانە کە تەنیا گۆشەیەکی چکۆلە لە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن نیشانی ئەدەن کە کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز و بنەماڵەکانیان کە چوار مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتوە لە چ بارودۆخێکی دژواردا دەژین.

سەرمایەداران بە پشتیوانی بێ دریغی حکومەتی ئیسلامی کرێکارانیان خستۆتە مەوقعیەتێکەوە کە نە تەنیا بۆ لە دەست نەدانی کار و پیشەکەیان واتە تەنیا وەسیلەی دابین کردنی بەڕێچوونی خۆیان و بنەماڵەکەیان دەبێ خەبات بکەن، بەڵکو بۆ وەرگرتنی حەقدەستی کارێک کە چەند مانگ پێشتر ئەنجامیان داوە پێویستە مانبگرن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرپا بکەن و لەگەڵ هێزە سەرکوت گەرەکان دەست و پەنجە نەرم بکەن. بەڵام ئەگەر ڕژیمی ئیسلامی و چینی سەرمایەدار لە ئێران توانیویانە بە کەڵک وەرگرتن لە نا ڕێکخراو بوون و نەبوونی تەشەکولە جەماوەریەکانی کرێکاران و بە داسەپاندنی ئەم بارودۆخە وەحشەتناکە پاشەکشە بە داخوازیەکانی چینی کرێکار بکەن، کرێکارانیش بە مانگرتن و ناڕەزایەتی ده‌ربڕینی بەردەوام و بە شانۆی پڕ شكۆی خەباتکارانەی خۆیان و هێندێک جار بە خۆڕاگری تا ئاخرین پشو، لە ساڵ و مانگەکانی دواییدا توانیویانە هاوسەنگی هێزێکی گونجاوتر بۆ بەرەو پێش بردنی خەباتیان بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا بسەپێنن.

لە بارودۆخی ئێستادا هەوڵدان بۆ دروست کردنی شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان کە کرێکارانی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز لە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیەکانی خۆیاندا جەختیان لەسەر دەکەنەوە وەک پێویستیەکی خەباتکارانە و زەرورەتێکی کرداری لە بەرانبەر هەموو هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا قەراریان گرتوە. بەبێ دروست کردنی ئەم شوڕا و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریانە لە ناوەندە گەورە پیشەسازیەکان و خزمەتگوزاری و پەیوەست بوونیان بەیەکەوە ناکرێ لەبەرانبەر هێرشی هەمە لایەنەی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا ڕیزەکانی یەک بخات و هێرشەکانیان تێک بشکێنێ. بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە جەریانی بەرپا بوونی هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا نەوەیەک لە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری پەروەردە کردوە کە بەبێ گیان فیدایی و دەور و نەخشی سازماندەرانەیان ئەم ڕادەیە لە بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری به‌دی نەدەهات. ڕەوتی خەباتی رۆژانەی کرێکاران ماتریاڵی ئینسانی و کۆمەڵێک کادری وشیار و خاوەن ئەزمونی بۆ دروست کردنی شوڕا و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریەکان دابین کردوە و درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لە ناوەندە جۆراو جۆرە کرێکاریەکان و ئاخێزە شارەیەکانیشدا دەتوانن بەستێنێکی گونجاو بن بۆ پێكهێنانی ئەو تەشەکولانە. پێش قەدەم بوونی ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و حوزوری بەرینی کرێکاران لە پرۆسەی دروست بوون و پاراستنی شوڕا سەربەخۆ کرێکارایەکاندا دەتوانێ بەرپا بوونی بە کردەوەی ئەم تەشەکولانە بەسەر ڕژیمدا بسەپێنێ.

لە بارودۆخی ئێستادا، ئاستی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، پەرەسەندنی بێکاری و دابەزینی کارەساتباری توانایی کڕینی کرێکاران، درێژەی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و ئاخێزە شاریەکان و داماوی ڕژیم لە کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکاندا و بێتوانایی لە وڵامدانەوە بە داخوازییە هەنوکەیی و کەڵەکە بووی کرێکاران و جەماوەری بێبەش دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو دەورەیەکی شٶڕشگێرانە دەچێت. لەم بارودۆخەدا پێكهاتنی شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان لە ناوەندە گەورە پیشەسازیەکان و خزمەت گوزاریەکاندا و هاوئاهەنگی و وەحدەتی عەمەلی نوێنەرانی ئەم شوڕایانە لەگەڵ ڕێبەرانی ناڕەزایەتیەکانی هەژارانی شاری، دەتوانن بناغه‌ی شکڵ گرتنی دەوڵەتی سەرچاوە گرتو لە شۆڕشی داهاتۆه‌ بن.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-