ڕۆژی دووشه‌ممه ٤ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، خوێندكارانی مه‌دره‌سه و زانكۆ له زۆربه‌ی شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران مانگرتنیان ده‌ستپێكردووه و كلاسه‌كانی ده‌رسیان داخست، هه‌روه‌ها خوێندكاران له زانكۆكانی “ته‌ربیه‌ت موده‌ڕس“ی تاران و زانكۆی پزیشكی ته‌ورێز ڕێپێوانی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌بردووه.
به‌پێی بانگهێشتی شۆرای هاوئاهه‌نگی فه‌رهه‌نگیانی ئێران، خوێندكارانی مه‌دره‌سه و زانكۆ له شاره جیاجیاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران مانگرتنی گشتیان ده‌ستپێكرد و نه‌چوونه سه‌ر كلاسه‌كانیان و زۆربه‌ی زانكۆكانی ئێران په‌یوه‌ستی ئه‌و مانگرتنه بوون و ڕایانگه‌یاندووه تائه‌و كاته‌ی هاوڕێ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانیان ئازاد ده‌كرێن درێژه به‌مانگرتن ئه‌ده‌ن. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا خوێندكارانی زانكۆی “ته‌ربیه‌ت موده‌ڕس“ی تاران ئه‌مڕۆ ڕێپێوانێكی ناڕه‌زایه‌تییان له ناوه‌ندی ئه‌و زانكۆیه به‌ڕێوه‌برد و خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی هاوڕێكانیان بوون.