ڕۆژی سێشه‌ممه ٢ی مانگی جۆزه‌ردان، دوو هاووڵاتی یارسانی خه‌ڵكی سه‌حنه به‌ناوه‌كانی “فه‌ریبۆرز شاه ئیبراهیمی” و “فه‌رهاد زۆلنوری” و لاوێكی خه‌ڵكی شاری ئابدانانی ئیلام به‌ناوی “ناسر ڕه‌زایی” له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزراون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه‌كانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران له شاری سه‌حنه هێرشیان كردۆته سه‌ر ماڵی “فه‌ریبۆرز شاه ئیبراهیمی” و “فه‌رهاد زۆلنوری” و به لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌وه هه‌ر دووكیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه. شایانی باسه كه ئه‌و دوو هاووڵاتیه ساڵی ڕابردووش له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش ماوه‌یه‌ك به دانانی وه‌سیقه له زیندان ئازاد كرابوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه “ناسر ڕه‌زایی” هاووڵاتی خه‌ڵكی “سه‌راو باخی” سه‌ر به شاری ئابدانان ڕۆژی ڕابردوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعات له ترمیناڵی ئه‌هواز ده‌ستبه‌سه‌ر و هیچ زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی له‌به‌رده‌ستدا نییه.