ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٨ی خه‌رمانان، حه‌وت هاووڵاتی خه‌ڵكی شاره‌كانی سنه، بانه، تاران، دێهلۆڕان، دێولان و ڕه‌شت له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه دوو شارۆمه‌ندی خه‌ڵكی سنه به ناوه‌كانی “خه‌بات و ڕامیار دێهدار” له هێرشی هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعات بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌یان به‌بێ به‌ڵگه‌ی قه‌زایی ده‌ستبه‌سه‌ر كران. به‌پێی زانیارییه‌كان، هێزه ئه‌منیه‌كان له‌كاتی به‌ندكرانی ئه‌و دوو لاوه بێ‌ڕێزیان به بنه‌ماڵه‌كانیان كردووه. شایانی باسه كه “خه‌بات دێهدار” ٢٨ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠١ و له ڕه‌وتی شۆڕشی “ژینا” ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. له شاری تارانیش لاوێك به ناوی “مه‌یسه‌م ئه‌نساری” له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ڕفێندرا و له شاری دێهلۆڕان هاووڵاتییه‌ك به ناوی “بێهنام سه‌مووری” ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. هه‌روه‌ها له شاری دێولان مامۆستایه‌كی زمانی كوردی به ناوی “ئازاد عه‌باسی” له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ڕفێندرا و هه‌روه‌ها له شاری ڕه‌شت چالاكێكی مافی ژنان به ناوی “فریشته سدیق سفه‌ت” له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزرا. له هه‌واڵێكی دیكه‌دا ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٧ی خه‌رمانان، هاووڵاتیه‌كی خه‌ڵكی بانه به ناوی “عه‌بدۆڵڵا ئه‌مینی” له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش دوو ساعه‌ت لێپرسینه‌وه ئازاد كرا.