له درێژه‌ی گوشاره‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئێران، ڕۆژی شه‌ممه ٢٥ی خه‌رمانان، هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كان هێرشیان كرده سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی “حه‌دیس نه‌جه‌فی” و چه‌ند كه‌س له ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
“ئه‌فسوون نه‌جه‌فی” خۆشكی هه‌میشه زیندوو “حه‌دیس نه‌جه‌فی” له ئه‌كاونتی شه‌خسی خۆیدا هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: كاتژمێر پێنجی ئێواره هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كان به شێوه‌ی نایاسایی و به‌بێ به‌ڵگه‌ی قه‌زایی ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌لووپه‌لی شه‌خسی ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌دا گرتووه. جێگای ئاماژه‌یه كه شه‌وی چوارشه‌ممه ٣٠ی خه‌رمانانی ١٤٠١، “حه‌دیس نه‌جه‌فی” كاتژمێر ٨ی شه‌و له بلواری ئیره‌می كه‌ره‌ج به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم گیانی به‌خت كرد.