له ڕۆژانی ڕابردوودا، هه‌شت هاووڵاتی له شاره‌كانی سنه، قوروه، دیوانده‌ره، ورمێ و بیجاڕ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و چاره‌نووسیان به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئێوارەی چوارشه‌ممه بەکرێگیراوانی ڕژیم هێرشیان كردە سەر ماڵی “عەلائەدین فەتحی” ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردوو “حه‌بیب فه‌تحی” له دیواندەرە و ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسته‌وه. هه‌روه‌ها چوار لاوی خه‌ڵكی قوروه كه دوو كه‌سیان مێرمنداڵی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵن به ناوه‌كانی “ئارمان سوڵتانیان”، “محه‌ممه‌د شێخ جه‌عفه‌ری”، “مه‌تین قه‌نبه‌ری” و “تاها وه‌رمه‌قانی” له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ڕفێندراون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه هاووڵاتیه‌كی خه‌ڵكی سنه به ناوی “تارق حسێن پور” و شارۆمه‌ندێكی خه‌ڵكی گوندی “گردوان”ی سه‌ر به ناوچه‌ی “مه‌رگه‌ڤه‌ر”ی ورمێ به ناوی “عه‌باس موسه‌وی قاسملوو” و لاوێكی خه‌ڵكی بیجاڕ به ناوی “میلاد محه‌ممه‌دیاری” له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌كانیان بێ ئاكام ماوه‌ته‌وه.