ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣٠ی مانگی گه‌لاوێژ، دادستانی گشتی مێكزیك و ٦٤ پۆلیسی ئه‌و وڵاته به تۆمه‌تی بێسه‌روشوێنكرانی ٤٣ خوێندكاری زانكۆی فه‌رهه‌نگیانی “ئایۆت زیناپا” له‌ساڵی ٢٠١٤ی زاینی، ده‌ستبه‌سه‌ركران.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دادستانی فیدڕاڵی مێكزیك ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو فه‌رمانی ده‌ستبه‌سه‌ركرانی “خسووس ماریلۆ كارام“ی به تۆمه‌تی “بێسه‌روشوێنكردنی به ئه‌نقه‌ست، ئه‌شكه‌نج و ڕێگری له به‌ڕێوه‌چوونی یاسا” ده‌ركردبوو. جێگای ئاماژه‌یه كه ٤٣ خوێندكاری چه‌پگه‌رای ناڕازی، ساڵی ٢٠١٤ی زاینی خوازیاری چاكسازی له ژیان و مه‌عیشه‌تی خویندكاران و خه‌ڵكی هه‌ژاری مێكزیك و ڕێگریكردن له چالاكی مافیاكانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بوون و به مه‌به‌ستی ڕێكخستنی خۆپێشاندانێك له “مێكزیكۆ سیتی” پایته‌ختی ئه‌و وڵاته، خویان گه‌یانده شاری “ئیگوالا” تاكوو ئۆتوبووسێك بگرن، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بێسه‌روشوێنكران. به‌دوای به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئه‌و وڵاته، لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ستیپێكرد و ته‌رمی سووتاوی ده‌یان لاو له ناوچه‌كه ده‌زرایه‌وه و له ڕووی سێ ته‌رمه‌وه توانیان ده‌ری بخه‌ن كه ئه‌و كه‌سانه هه‌مان ٤٣ خۆێندكاری ونبوون.