ڕۆژی هەینی ١٧ی نۆوامبر، ٢٦ ی مانگی خەزەڵوەر زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس لە کارمەندانی کۆمپانیای زیمێنس لە بەرانبەر دەفتەری ناوهندی ئهم كۆمپانییایه لە شاری بێڕلینی ئاڵمان لەسەر بانگهێشتی یەکێتیی فلزکاران کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. ڕۆژێک لەوەبەر سەرۆکی کۆمپانیای زیمێنس لە وتووێژێکی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند کە ٦ هەزار و ٩٠٠ کەس کارەکانیان لەدەست دەدەن. ناوبراو لە هەمان کۆنفڕانسدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا، زیمێنس بڕی ٦ و نیو ملیارد یۆرۆ سودی خالیسی هەبووە کە بەرز ترین ڕەقەمە لە مێژووی ئەو کۆمپانیایەدا. مودیرانی زیمێنس تەنانەت بە پێویستیان نەزانیوە کە ئەم بڕیارانهی بێكاركردنی ژمارهیهكی زۆر كرێكار لە پێشدا بە ئاگاداری شوڕای کرێکارانی زیمێنس بگەیەنن. ئەوان بەم کارەیان لە ڕاستیدا ئەوەی کە بەپێی سوننەتی ئێستا لە ئاڵمان واتە ناوی بێ ناوهڕۆكی ” شەریکە کۆمەڵایەتیانەی” لە بەینی یەکێتییە کرێکارییەکان و سەرمایەداراندا هەیە بە گاڵتە گرت. چەندین دەیەیە کە ڕێبەرانی برۆکراتیکی یەکێتییە کرێکاریەکانی ئاڵمان وەک ” شەریکە کۆمەڵایەتییەکانی” سەرمایەداران لە هەیئەتی مودیرەی ئینحسارات و ئەو کۆمپانیا گەورانەدا ئامادە بوون و بەرپرسیاریەتی درووست کردنی نەزمیان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا وەئەستۆ گرتووە. توڕەیی ڕێبەریی یەکێتیی فلزکاران و سوخەنرانی توندی نوێنەری یەکێتییەکە لە میتینگی ڕۆژی هەینیدا دەبێ لە بەشداری پێنەکرانیان لە لایەن سەرۆکی زیمێنسەوە ببیندرێت. لە حاڵێکدا کە شاغڵینی زیمێنس لە چاوەڕوانی داهاتویەکی نادیار دان، هاوکات خاوەنانی سەهامی زیمێنس نوقمی شادی بوون.
لە ڕاستیدا مەسئهلەی سەرەکی دەست ڕاگەیشتن بە ئەوپەڕی سوود و بەرز کردنەوەی توانایی ڕقابەتی نێوان کۆمپانیا گەورەکانە. لەم نێوانەدا ئەو کەسانەی کە دەبێ ببنە قوربانی، ئەو موزد و حقوق بگیرانەن کە ئەم سودە میلیاردیە بەرهەمدێنن. لە میتینگی ڕۆژی هەینیدا، ئەوە تەنیا ڕێبەریی یەکێتیی فلزکاران نەبوو کە بە گەرموگەڕیەوە دیفاعی لە شوێنی کاری کارمەندانی زیمێنس کرد، بەڵکوو سەرجەم حیزبە بۆرژواییەکانی ئاڵمان، هەر ئەوانەی کە کاربەدەستانی سەرمایەن بە نۆرە چوونە پشت میکرۆفۆن، فرمێسیکی درۆینەیان بۆ چارەنووسی ٦ هەزار و ٩٠٠ كرێكار ههڵ ڕشت. ئەوان داوایان لە مودیرانی زیمێنس کرد پێ بەندبن بە بهڵێنهكانیان لەبەرانبەر ” شەریکە کۆمەڵایەتییەکانیان” و وڵاتی ئاڵماندا. وەک ئەوەیكه بۆ خاوەنانی سەرمایە بهڵێنێك بێجگە لە تەعەهود بە دەستەبەر کردنی زیاترین سوود و قازانج بوونی هەیە. ئەزمونی گشت بێ کارسازییەکانی ساڵانی دوایی نیشانی ئەدات کە داخوازی سەرمایەداران بە هەست کردن بەناو بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر وڵاتدا، لە بەرانبەر خەڵک و لە بەرانبەر داهاتووی كاریاندا هەر بەو ڕادەیە وهڵامی وەرگرتۆتەوە کە “ئامین”ی ڕۆژی یەکشەممە لە کلیساکاندا.
بانگەوازی کۆمپانیای زیمێنس بە بهڵێنه کۆمەڵایەتییەکەی لەبیر کردنی مێژوی خوێناوی ئەو کۆمپانیایەیە لە دەورانی فاشیزیمی هێتلێری و خۆڵ کردنە چاوی ئەوانەوە کە دەبنە قوربانیانی ئەم بێ کارسازیانە.
هیچ شتێک فەلاکەتبار تر لەوە نابێت بۆ شاغڵینی زیمێنس کە متمانە بە قسەکانی نوێنەرانی ئەحزابی بۆرژوازی ئاڵمان بکەن. مەگەر نە ئەوەیە کە تەنانەت حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان کە ئەندامانی لە ڕێبەری یەکێتییەکانی کرێکاراندان، بەردەوام و بە تایبەت لە کاتە هەستیارەکاندا خیانەت لە قازانج و بەرژەوەندی کرێکاران دەکەن و وەک ” شەریکە کۆمەڵایەتییەکان” لە پاڵ خاوەنکاراندا دەوەستن. ئەوەندە بەسە چاوێک بە ناوچەی ” ڕێوێر”، قەلبی پیشەسازی ئاڵماندا بگێڕین. ههر ئهو شارانەی کە بە ملیۆن کرێکاری سەنعەتی فوولاد سازی، بەردی خەڵوز و ماشین سازی “ئهپێل”یان تێدایە و پێگەی سەرەکی حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمانیان پێک دێنا و لە ئێستادا بوونەتە کۆمەڵێک شار بە بەرز ترین ئاماری بێکارییەوە و بەشێکیان دەنگیان بە حیزبی ڕاسیست و فاشیستی ” ئاڵترناتیو بۆ ئاڵمان” دا. سەرجەم هەڕەشەکانی دەوڵەتی سۆسیال دێمۆکراتی ئەم ویلایەتە بۆ ڕاگرتنی کۆمپانیای ئەپێل بۆ مودیرانی ژنڕاڵ مۆتۆر و بێکار سازیی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە کارمەندانی، هیچ بایەخێکی نەبوو. مەگەر هەر مانگی ڕابردوو نەبوو کە شیرکەتی فرۆکەوانی “ئایربێرلین” ڕایگەیاند وەرشکست بووە و بە هەزاران کەس لە کرێکارەکانی فڕێدایە سەر شەقامەکان و هاوکات مودیری شیرکەت حقوقی ساڵانەی خۆی کە بڕی ٤ ملیۆن و نیو یۆرۆیە لە ساڵدا تا چوار ساڵی داهاتوو بە زەمانەتی بانکی لە لایەن خاوەنی ئایربێرلینەوە لاک و مۆر کردووە و بێ شەرمانە ئەوەی کە ئەم زەمانەتە چوار ساڵەیە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ٩ مانگ بەسەر تەمەنی مودیریەتی ئەودا تێنەپەڕێوە و لە بەرانبەردا ئەوانەی کە بەڕێکراونەتە سەر شەقامەکان ساڵانێکی دووردرێژ بوو کە لە زومرەی شاغڵینی ئەم شیرکەتە فرۆکەوانیە بوون.
بەم جۆرە پرسیاری سەرەکی بۆ کرێکاران و کارمەندانی زیمێنس لە ئێستادا ئەوەیە کە کام هێزی کۆمەڵایەتی پشتیوانی ئەوانە لە نەبەردی ڕۆژەکانی داهاتوودا. ڕواڵەتی ئەو شاغڵانەی کە لە میتینگی ناڕەزایەتیدا ئامادە بوون پێکهاتەیەک لە نیگەرانی، توڕەیی و لە هەمانحاڵدا رۆحیەی خەباتکارانەی پێوە دیار بوو. دەوترێت بەرپرسانی کارگا جۆراو جۆرەکانی زیمێنس جورئەتی دەرکەوتنی بە بێ پاسەوانیان نییە. ڕۆژی دووشەممە لە بەرانبەر کارگای بەرهەمهێنانی توربین لە بێرلین کۆبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو. ڕۆژی پێنجشەممە شوڕا کرێکارییەکانی یەکێتییەکانی فلزکاران لە هۆتێلێک لە بێرلین سەبارەت بە بەرەوپێش بردنی ئاکسیۆنە ناڕەزایەتییەکان قسە و باس و ڕاگۆڕینەوە دەکەن. بە پێی هەواڵه بڵاوكراوهكان لە گشت کارگاکانی زیمێنسدا فەزایەکی پڕ لە نیگەرانی و بشێوی زاڵە. لەم ڕوەوە دەکرێ بڵێین کە چارەنووسی ئەم شەڕە هێشتا یەکلا نەبۆتەوە. هێشتاش دەکرێ هێرشی وەحشیانەی کۆمپانیای زیمێنس توشی شکست بکرێت.
یەکێتیی فلزکاران بۆ حەفتەکانی داهاتوو میتینگی ناڕەزایەتیان ڕاگەیاندوە و دژایەتی خۆیان لەگەڵ بێکارسازییەکان و داخستنی کارگاکان دەربڕیوە. بێ گومان ئەم ناڕەزایەتیانە کارێکی باشن، بەڵام شاغڵینی زیمێنس دەبێ لەبیری ئەو شێوەیە لە خەبات و تێکۆشاندا بن کە یەکێتیی فلزکاران باسی دەکات. شاغڵین دەبێ داوا لە یەکێتییەکان بکەن کە مانگرتنی گشتی سەرتاسەری لە هەموو کارگاکانی زیمێنسدا نە تەنیا لە ئاڵمان، بەڵکوو لە هەموو وڵاتانی دیكهش بەڕێوە بچێت. لە عەینی حاڵدا دەبێ کۆمیتەکانی مانگرتن پێک بێن و هاوئاهەنگی نێونهتهوهیی لەنێوان خۆیاندا بەدی بێنن و لە هەرکوێیەک کە توانیان کارگاکان داگیر بکەن.
لەم نێوانەدا هەڵسوڕاوانی چەپی یەکێتییە کرێکارییەکان، سازمان و ئەحزابی چەپ و ڕادیکاڵ دەبێ چالاکانە لە خەباتێک کە لهپێشیانه بەشداری بکەن و کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بۆ هاوپشتی لەگەڵ شاغڵینی زیمێنس بانگەواز بکەن. شکستی دوای نەبەردێکی زۆر دژوار سەدان بەرابەر باشترە لە شکستی بێ تێکۆشان و بەرەنگار بوونەوە.