حەوت هەزار کەس چەند حەفتەیە کە لە وڵاتانی هێندوڕاس، گواتمالا و ئێڵ سالوادۆرەوە بههۆی ئهوهیكه ئاسۆیهك بۆ ژیانێکی ئینسانی لە وڵاتی خۆیاندا شک نابەن بە هیوای قەبووڵ بوون وەک پەنابەر لە ئەمریکا، کەتونەتە ڕێ. دوای چەند حەفتە ڕێپیوان ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی مانگی خەزەڵوەر، ٨ی مانگی نۆوامبر لە ستادیۆمێک لە شاری مێكزیك کۆبوونەتەوە. لە مەیدانی ناوەندی ستادیۆمەکەدا خێوەتێکی گەورە هەڵدراوە و زۆربەیان نهخۆش كهوتوون. بە پێچەوانەی وڵاتەکانیان لەوێ سەرمای زستان جەستەی ماندویان ئازار ئەدات. شاری مێكزیك خۆی بۆ هاتنی ئەوان ئامدە کردبوو. ئاودەستی کاتی، پەتو، دۆشەک، لیباس و ئیمکاناتی سەرەتایی پزیشکی لە لایەن خاچی سوورهوه ئامادە کرابوو. کۆمەڵێک ژهنیار و ئەکتەری سیرک لە ستادیۆمەکەدا ئامادە بوون و بۆ چەند ساتێک ماندویەتی ڕێگایان لە جەستە دەسڕنەوە و هەڵبەت کەس نازانێ کە ئەم یارمەتیانە تا کەی دتوانن بەردەوام بن.
پێداویستی و نیازێکی واقێعی ئەوانی وەحەرەکەت خستووه. ئەوان به كاروان کەوتونەتە ڕێ تا خۆیان لە کەوتنە دەست قاچاخچیەکان، باندەکانی جەنایەتکاری مادەی هۆشبەر و ئەو کەسانەی کە ژنان بە زۆر وادار بە لەش فرۆشی دەکەن، بپارێزن. کۆبوونەوەیان لە ستادیۆمێکی ناوەندی شاری مێكزیك بۆ ئەوەیە کە سەبارەت بە مەسیرێک کە قەرارە پێیدا بڕۆن ڕاوێژ بکەن. زۆربهیان کە ئێستا کەوتونەتە ڕێ تەنیا بیستبویان کە گوروپێک بەرەو ئەمریکا لەڕێدان. و ئەم هەواڵە بەس بوو تا ببێتە هاندهری ئەوان بۆ ڕزگار بوون لە بارودۆخێکی موسیبەتبار و پەیوەست بوون بەم کاروانەوە. ئەوان لە ڕێگای تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوه لە لایەن هەواڵنێرێکی هێندوڕاسیەوە کە خۆی ناچار بە ڕاکردن لە وڵاتەکەی بووە و پەنای بردووهتەبەر وڵاتی مێكزیك، بە یەکەوە گرێدراون. ئەوان بە هەڵکەوت یەکتر دەناسن بەڵام چەند حەفتەیە کە بەشەو و ڕۆژ بەیەکەوە خەریکن ڕێگا دەبڕن. وێڕای هۆکارێکی کەم و زۆر وەک یەک کە بووهتە هۆی وەحەرەکەت کەوتنیان، ئێستا جۆرێک هاوچارە نووسی ئەوانی بەیەکەوە گرێداوە. و ئەمەش بنەماڵەیەکی ٧ هەزار کەسی لێ دروست کردوون. گەنجەکان بوونەتە گۆچانی دەستی پیرەکان و منداڵەکان ئەو بنەماڵەیە یەکتر لەکۆڵ دەکەن. ئەوان خۆیان ڕێکخستووە، تا بەیەکەوە بڕیار بدەن. دەستە و گرووپی بچوک و گەورە نوێنەریان هەڵبژاردووە تا هەموو شەوێک لەدەوری یەکتر کۆببنەوە، بەیەکەوە ڕاوێژ بکەن و لە کۆتاییدا بڕیار بدەن. ئەوەی کە باشترە لە کام سنوورەوە تێپەڕن، لە کوێ ڕاوەستن و کەی بکەونەوەڕێ. کۆبوونەوەی ١٧ی مانگی خەزەڵوەریش هەر بەم مەبەستە بەڕێوەچوو بوو. دەبوو بڕیاریان بدایە بەکام ڕێدا بڕۆن تا مەترسی کەوتنە دەست باندەکانی گواستنەوە و گەیاندی مادەی هۆشبەریان لەسەر نەبێت. و لە کۆتاییدا بڕیار بدەن کە لەبەر خۆلادان لەو مەترسیانەی هەن، بە مەسیرێکی دوور تردا بڕۆن، مەسیرێک بەرەو باکووری ڕۆژئاوای مێكزیك کە هاوسنوورە لەگەڵ ویلایەتی کالیفۆرنیا. ویلایەتێک کە دەوترێت بە بەراورد لەگەڵ تێگزاس کەمتر محافزە کارە. و بەم جۆرە ئەوان ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مانگی خەزەڵوەر ستادیۆمەکە بەجێدێڵن بە هیوای تێپەڕین لە سنوری مێكزیك و چوونە نێو ئەمریکاوە. و بەم جۆرەیە کە بەرەو سنووری مێكزیك- کالیفۆڕنیا دەجوڵێن. ئەوان چوار هەزار کیلۆمیتریان بڕیوە و ئێستا تەنیا دیوارێکی بەرزی ئاسن ئەوان لەگەڵ ئەمریکا لێک جیا دەکاتەوە. هیچ کەس نازانێ ئەم پەرژینە ئاسنییە کە چەندین میتر بەرزە کۆتایی ئاواتەکانیانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر یان ئیمکانێک بۆ تێپەڕبوون لەو دیوارە ئاسنی و ساردە دەدۆزرێتەوە.
کۆچبەركردن لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەندییەوە بەرەو ئەمریکا لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. سەرەڕای ئەوەیکە ئەمریکا و مێكزیك لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس لە کۆچبەرانیان گەڕاندۆتەوە بۆ هێندوراس، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان لە خەیاڵی چوون بۆ وڵاتێک دان کە دەوڵەتەکەی وێڕای دانانی نیگابانی سنووری دەیەوێ ٧ هەزار سەرباز بۆ پاراستنی سنوورەکانی مێكزیك و تێگزاس جێگیر بکات. هەڕەشەكانی ترامپ ڕۆژانە بەردەوامە. کۆچبەرەکان لە ڕوانگەی ترامپەوە بە ناو تاوانباران و لە ئەندامانی باندەکانی مافیایی مادەی موخەدرن کە نابێ کۆمەڵگای موقەدەسی سپیەکانی ئەمریکا ” پیس” بکەن. ترامپ باس لەو گرتوخانانە دەکات کە کۆچبەرەکانی تێدا بەند دەکات. ئەو تەنانەت ئیجازەی داوە بە مەئمورانی سەر سنور و ئەو هێزانەی ناردونی تا ڕوو لە کۆچبەرەکان تەقە بکەن. ترامپ هەڕەشە لە وڵاتانی هێندوراس، گواتمالا و ئێڵ سالوادۆر کردوە کە ئیتر بەناو یارمەتیەماڵیەکانیان پێنادات، لەبەر ئەوەی کە ئەوان بەر بە حەرەکەتی کۆچبەرەکان ناگرن. لەژێر گوشاری دەوڵەتی ئەمریکادا، دەوڵەتی مێكزیك ڕایگەیاندوە کە ئامادەیە ئەم کۆچبەرانە وەک پەنابەر بەڕەسمیەت بناسێ. ئەم بڕیارەی بەڵام تەنیا لە لایەن دهیان کەسهوه پێشوازی لێکراوە کە ئیتر تواناییەکیان بۆ درێژەدان بە رۆیشتن نەبووە. بە تایبەت کۆچبەرە هێندوراسیەکان ڕایانگەیاندوە کە ئەوان بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ژیانێکی باشتر هەروا درێژە بە رۆیشتن دەدەن. هیچ وڵاتێکی ئەمریکای ناوەندی بە ئەندازەی هێندوراس حەیات خەڵوەتی ئیمپرالیزمی ئەمریکا نییە. کۆمپانیا گەورە ئەمریکاییەکان دەستیان بەسەر زۆربەی زەویە کشتوکاڵیەکاندا گرتووە. ئەوان قاوە، مۆز و دارستانەکانیان بۆخۆیان پاوان کردووە. بەشە گرنگەکانی ئابووری هێندوراس لەژێر سوڵتەی ئینحساراتی ئەمریکایی دایە. ئامارە ڕەسمییەکان نیشانی ئەدەن کە ٥٠ لەسەدی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ٢٠ لەسەدیان نەخوێندەوارن. ئەوەی کە هەموو ئەم کاروانەی کۆچبەران لە وتووێژەکانیاندا ئاماژەی پێدەکەن ئەوەیە کە ئێمە” کار، زەوی، نان و داهاتویەکمان بۆ منداڵەکانمان دەوێ، واتە سەرجەم ئەو شتانەی کە لە هێندوراس لێی بێبەشین و بە هیوای دەستەبەر کردنیان دەمانەوێ بچینە نێو ئەمریکاوە. ئەمانە هەڵبەت تەنانەت ئەگەر سەرکەوتوش بن و لە مەرز بپەڕنەوە بە خێڵێکەوە پەیوەست دەبن کە لەبەشی خزمەتگوزاریدا بە ئەنجامدانی کەم نرخ ترین کار دەکرێنە کۆیلە. و تەمەنێک دەبێ لەگەڵ ڕاسیسزم و هەڵاواردنی مەوجود دا لە ئەمریکا دەست و پەنجە نەرم بکەن. هەمان ئەو هێزە ڕاسیستەی کە لە ئیستاوە بە فەرمانی ترامپی فاشیت ئامادەن تا دیفاع لە سنوورەکانی کۆمەڵگای” سپی” خۆیان بگرنە دەست.
ئەم وێنا دژی ئینسانییە، لە بەشەریەتی پێشکەتوو، لە چەپی جیهانی و لە ڕێكخراوه کرێکارییەکان دەخوازێ کە ئاسۆیەکی پێشکەوتوی بانتر لە سنوورە جوغڕافیاییەکانیان لەبەرچاو بێت و بۆ سڕینەوەی سنوورە ڕاسیستی و فاشیستییەکان خەبات بکەن. نابێ سروشتی خەمبار و ئازاردەری بەملیۆن کۆچبەر بە فاشیست و ڕاسیستەکانی لە شێوەی ترامپ لە ئەمریکا، سالوینی لە ئیتالیا و ئەوریان لە ڕۆمانی بسپێرن. لە بارودۆخێکدا کە کۆمپانیاکانی ئەمریکایی لە حەیات خەلوەتی ئەمریکای ناوەندیدا بەملیۆن ئینسانیان لەژیر چەرخی بەهرەکێشی خۆیاندا دهچهوساندهوه، بۆچی ئەم خەڵکە نابێ مافی ئەوەیان هەبێت کە خۆیان لەژێر گوشاری ئەم كۆیلهتییه ڕزگار بکەن و ڕێگایەک بۆ ژیانێکی باشتر بدۆزنەوە. لەم کاتە دیاریکراوەدا ئەم کاروانەی کۆچبەرانه پێویستیان بە پشتیوانی چەپ و بزوتنەوەی کرێکاری مێكزیك و ئەمریکا هەیە. تەنیا دیوارێکی ئینسانی یەکگرتوو دەتوانێ دیواری ڕاسیستی و فاشیستی ترامپ و پلەو پایە” سپیەکەی” تێک بڕوخێنێ.