کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژ بوونەوەی تەمەنی لانەی گەندەڵی و ئیستبداد بە واتای ڕەنج و لەبەین چوونی زیاتری ئینسانەکانە

  گەندەڵی دارایی لە دەزگا دەوڵەتی و ناوەندە جۆراو جۆرەکانی ڕژیمدا دیاردەیەکی نوێ نییە. ئەگەر رۆژانە گۆشەیەکی لە لاپەڕەی رۆژنامە و سایتە ئینترنێتیەکاندا ئاشکرا دەبێت، بەشی زۆری بە بەرەکەتی ناکۆکیە دەرونیەکانی ڕژیمەوه‌یه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ کە هەموو باڵەکان و دەستە بەندیەکانی نێوخۆی ڕژیم ئاوێتەی گەندەڵی دارایین، بیروڕای گشتی لە بەدەست هێنانی زانیاری سەبارەت بە گەندەڵی لە هەموو دارودەستەکانی ڕژیم کەم نایەنێت.  محەممەد جەعفەر مونتەزری، دادستانی گشتیی ئێران رۆژی سێ شەممە یەکی مانگی خه‌رمانان لە بەردەم هەواڵنێراندا لە تاران سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی فیشی حقوقی هێندێک لە مودیران وتویەتی:” بەداخەوە ئەم فیشانە ئەمرۆ بوونه‌ته‌ ئامرازێک بۆ كێشه‌ی جەناحی و دەوڵەت و قوەی قەزاییە دەبێ بە شێوەی جیدی بەرخوردی لەگەڵ بکەن.” ئەو لە هەمانحاڵدا وتی کە سیاسی کردنی بابەتەکە و کەڵک وەرگرتن لێی بۆ هێرشی جەناحی کارێکی ” ئەخلاقی” نییە.  ماوەیەکە کە وێڕای ئاشکرا بوونی دزیە کەڵانە ملیاردیەکان، هەواڵی حقوقی ڕەسمی کەڵانی مودیرەکانیش هەیە. مانگێک لەوە پێش ئاشکرا بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە مودیرانی دەوڵەتی لە ئاستە جۆراو جۆرەکاندا حقوقی کەڵانی دەیان ملیۆن تمەنی وەردەگرن. لە پاڵ ئەم حقوقانەدا لە وەرگرتنی ژێر میزی کەڵان و کوموسیۆن وه‌رگرتنی سەدان ملیۆنی له‌ هەموو جۆرە دەرفەتێک بۆ کەڵکە کردنی سەروەتیش بێ بەهرە نین. وەک نمونە بەپێی قانونێک کە لە بەرنامەی تەوسعەی پێنجەمی دەوڵەتی رۆحاندا پەسند کراوە دەستی خاوەنکارانی دەوڵەتی بۆ پەرداختیە نا ئاساییەکان لە حقوقی غەیرە موستەمەڕیدا کراوەیە.743 (1)

 ئەوە یەکەم جار نییە کە پەروەندەی گەندەڵی ماڵی و ئیداری و بابەتی حقوقە کەڵانەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگەیەنەرەکاندا باس دەکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک فەراموش دەکرێن. مەسەلەکە روونە. پەروەندەکانی گەندەڵی دارایی کە هەر جار ناجارێک لە لایەن یەکێک لە باندە مافیاییەکانی نێوخۆی ڕژیمەوە لەدژی باندی ڕەقیب ئاشکرا دەکرێن، بە هاسانی لەبیر دەچنەوە، لەبەر ئەوەی کە باندەکان لە بانترین ئاستی ڕژیمدا بە یەک دەگەنه‌وه‌ و  دەردەکەوێ کە پێی گەلێک لە سەرانی و مۆرەکانی سەرەوەی ڕژیم تێیدا گیرە. لەم روەوە قەزیەکە کۆتایی پێدێنن. بەڵام ئاستی گەندەڵی دارایی نێوخۆی ڕژیمی ئیسلامی، نە سنورێکی هەیە و نە تایبەت بە بوار و مەیدانێکی دیاری كراوه‌. بابەتی گەندەڵی دارایی لەنێوخۆی دەزگای حکومەتیدا بە ڕادەیەک زۆر و بەرینە کە ناشاردرێتەوە. گەندەڵی وەها تانوپۆی ئەم ڕژیمەی تەنیوە کە لەمرۆدا ئاشکرا بوونی چەند گۆشەیەکی هەستی کەس ناجوڵێنێ و هەموان وەک بابەتێکی ئاسایی و رۆژانە تەماشای ئەکەن. لە مەراجعی قەزایی ڕژیمدا گەلێک پەروەندەی قەبەی زەوی خۆری، هێرش کردنەسەر سەرچاوە سروشتیەکان، ئیختلاسی بانکی، ئەرزی، نەوتی و هیتر هەیە. ئاستی دزیەکان بە ڕادەیەک زۆر بووە کە تەنانەت بە وتەی خودی نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی ڕژیمیش ” دەرفەتێک بۆ پێڕاگەیشتن پێیان نییە.”

  تەپڵی ڕێسوایی گەندەڵی دارایی لە کۆماری ئیسلامیدا وەها دەنگی داوەتەوە کە تەنانەت دامەزراوە نێو نەتەوەییەکانیش کۆماری ئیسلامی وەک نمونەی گەندەڵ ترین حکومەتەکان لە سەروی لیستەکانیاندا داناوە. ” سازمانی شەفافیەتی نێونەتەوەیی” کە ئامانجی خۆی خەبات لەدژی گەندەڵی لە ناوەندە دەوڵەتیەکانی وڵاتانی دنیادا ناساندوە و ڕاپۆرتی خۆی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و ئەرزیابی لە گەندەڵی دەوڵەتی لە بواری ئیختیلاس، ڕشوە وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنی پۆستە دەوڵەتیەکان، ڕشوە قەبوڵ کردنی دەزگای قەزایی، گەندەڵی ماڵی لەنێو سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی دەوڵەتی و هیتردا ئامادە دەکات، ڕژیمی ئیسلامی بە یەکێک لە گەندەڵ ترین ڕژیمەکانی دنیا ناو بردوە و لە پلە بەندیە جیهانیەکاندا لەنێوان ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٦٨ ی بۆ کۆماری ئیسلامی داناوە.

  بەڵام له‌ راستیدا ئه‌وه‌یكه‌ باڵەکانی ڕژیم بەم شێوەیە ئاشکرا یەکتر بێ ئیعتیبار دەکەن لە نیشانەکانی بونبەستێکە کە کۆماری ئیسلامی تێیدا گیری خواردوە و هیچکام لە باڵەکان بۆ دەرچون لێی ڕێگا چارەیان نییە. ئەوە ترس و وەحشەتە لە ئاخێز و تەقینەوەی قینی خەڵکی وەگیانهاتو کە کاری باڵە جۆراو جۆرەکانی گەیاندۆتە جێگایەک، پەتەی یەکتر بخەنە سەر ئاو و هەر جار نا جارێک گۆشەیەک لە گەندەڵیەک کە سەرتاپایانی داگرتوە، ئاشکرا بکەن.

  بەڵام کرێکاران و خەڵکی ئازادی خواز لە ئێران وشیار تر لەوەن کە هیوایان بەم جۆرە دیمه‌نه‌ جەنجاڵیانە کە نیشانەی داماوی ڕژیمە هەبێت. ئەگەرچی توند بوونەوەی ناکۆکی ناوخۆیی، سه‌رجه‌می ڕژیم لاواز ترده‌كات و هاوسەنگی هێزێکی لەبار تر بە قازانجی بەرەی خەڵکی چەوساوە و ستەمدیتو و بێبەش بەدی دێنێ، بەڵام ئاشکرایە کە ئەم ڕژیمە تەنیا لە ئاکامی ئەم ناکۆکیانەدا، خۆی لە خۆیەوە لە کۆمەڵگای ئێران پاک نابێتەوە. کارێکی وەها گەورە تەنیا لە توانای جەماوەری کرێکاران و خەڵکێدایە کە عەزمیان جەزمە بۆ بنیادنانی دنیایەکی باشتر لەسەر وێرانەکانی ڕژیمی ئیسلامی. قەیرانە، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی داوێنگیری ڕژیم قوڵ تر بوونەتەوە و ئاسۆیه‌ك بۆ باشتر بوونی نییە. کرێکاران، کە شوشەی تەمەنی ڕژیمیان بەدەستەوەیە، بۆ دابین کردنی ژیانێکی شایستەی ئینسان، بۆ دیفاع لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانی خۆیان ڕێگایەکیان بێجگە لە روخاندنی ڕژیم لەبەردەمدا نییە و لەم ڕێگایەشدا پێویستە کە هەموو بێبەشان و ستەم لێکراوانی ئەم کۆمەڵگایە کە هیوای روخانی ئەم ڕژیمەیان لە دڵدایە بکەنە هاوڕێی خۆیان. هەر ساتێک لە درێژ بوونەوەی تەمەنی ئەم ڕژیمەی لانەی گەندەڵی و ئیستبدادە بە واتای ئازار و لەنێوچونی زیاتری ئینسانەکانە.