لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گوشارێکی توندی ئەمنییان خستووەتە سەر هاووڵاتیان.
بەپێی دوایین هەواڵەکان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە دانانی سەدان خاڵی پشکنینی نوێ، هێرش بۆ سەر ماڵی هاووڵاتیان بە بێ بەڵگەی قەزایی، داخستنی دوکانی شارومەندان و هەروەها زەوت کردنی داراییەکانیان، گوشارێکی زۆری ئەمنییان خستووەتە سەر هاووڵاتیان و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ڕژیم بە بیانووی گەڕان بە دوای چەک و ئامێری ستارلینک، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سەدان هاووڵاتی و تەنانەت بەوپەڕی توندوتیژییەوە لەگەڵیان هەڵسوکەوتیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستبەسەرکرانی هەر هاووڵاتییەک بە هۆکارێکی ئەمنیەتی، سزای توند بە دوای خۆیدا دەهێنی و هەروەها هەموو داراییەکانی لە لایەن دەزگای قەزایی ڕژیمەوە لە بەرژەوەندی حکومەت دەستی بەسەردا دەگیردرێت.
