بەپێی دوایین هەواڵەکان، هێرشە هەواییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازی و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارە جیاوازەکانی ئێران هێشتا بەردەوامن و شەڕەکەی گەیشتووەتە دەیەمین ڕۆژی خۆی.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمە، چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان، ئەهواز، شەهریار، خوڕەم ئاوا و هەندێک ناوچەی دیکە تۆمار کراوە. لە گەڕەکەکانی ڕەساڵەت، سوهرێوەردی، ئاپادانا و هەروەها لە دەوروبەری چیتگری تاران تەقینەوە و هێرش کراوەتە سەر هەندێک دامەزراوەی حکومەتی و سەربازی. هەورەها ناوچەکانی فەردیس و مێهرویلای کەرەج لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئامریکا و ئیسرائیلەوە بە توندی کراونەتە ئامانج و زیانێکی زۆری ماددیان بەرکەوتووە. هاوکات لە شاری ئیسفەهان، هەندێک ناوچەی دەورووبەری مەیدانی نەخشی جیهان و ناوچەی دەوڵەت ئاباد، بە توندی کەوتوونەتە بەر هێرش و بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان ئەگەری برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئارادایە. هەروەها لە شارەکانی شەهریار، شیراز، دزفوول، یەزد، زەنجان، بەندەرعەباس، و چابەهار، بنکەکانی پەیوەندیدار بە ئەرتەش و سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرش کراوەتە سەریان و زیانێکی گیانی زۆر بەر هێزەکانی ڕژیم کەوتوون.
