لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران، چەند ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە ئامانجی هێرش و تەقینەوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە ناوچەی کرماشان کارگەیەک کە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەبووە کراوەتە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی و ژمارەیەک لە کەسانی سەر بە حکومەت لە ناو ئەو ناوەندەدا کوژران. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەندی شاری کرماشان دەکەن. لە ناوچەی نەغەدە، لە ئەنجامی بۆمبارانێک بۆ سەر کارخانەی ئارد و نشاسته، یازدە کرێکار گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە دەوروبەری شاری بانه، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران هاووڵاتییەک بە ناوی “ئارمان خالق پەناه” گیانی بەختکردووە و سێ هاووڵاتیی دیکەش بە ناوەکانی عەبدولڵا مەهجور، سالار ئازەر و زاهد شەهابی دەستبەسەرکراون.
