کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژەی ناڕەزایەتی هاوکاتی فەرهەنگیان

34

ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون باس لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوکاتی فەرهەنگیان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران دەکەن لە رۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی مانگی ڕیبەندان. ئەم کۆبوونه‌وەی ناڕەزایەتی و هاوکاتانە، لەگەڵ بانگەوازی تەشەکولە فەرهەنگیەکان لە ناڕەزایەتی سەبارەت بە دەستەبەر نەبوونی ئەو داخوازی و داواکاریەکانە بەڕێوەچوون کە ئەوان لە ناڕەزایەتیەکانی پێشویاندا تەرحیان کردبوون و تا ئێستا لە لایەن ڕژیمەوە وڵامیان پێنەدراوەتەوە. کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی فەرهەنگیان لە زۆرێک لە شارەکان لەوانە کرماشان، مەشهەد، سنە، ورمێ، مەریوان و ئەردەبیل لە بەردەم ئیدارەکانی ئەموزش و پەروەرش بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانەدا فەرهەنگیەکان بە سوخەنڕانی کردن و بە دەستەوە گرتنی پلاکارد و دانی دروشمی سینفی و سیاسی، سەبارەت بە بارودۆخی بەڕێچوونیان و ئاوڕ لێ نەدانەوەی ڕژیم لە داخوازیەکانیان ناڕەزایەتیان پیشاندا.

ئەو دروشم و پلاکاردانەی کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی رۆژی پێنج شەممە لە فەرهەنگیان دەبیسترا و دەبیندرا بریتی بوون لە:” ئاموزشی بە خۆڕایی مافی منداڵەکانمانە، کرێکارانی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێن، ویلا ماڵی دزانە موعەلیم لە زیندانە، لە بەهاری ئازادی سفرەمان هەموو خاڵی، حقوقی ئێمە ٢ ملیۆن هێڵی هەژاری ٦ ملیۆن، تەوەڕوم گرانی وڵام بدەوە روحانی، شکەنجە، موستەنەد ئیتر کاریگەری نییە، کرێکار موعەلیم دانشچو یەکگرن یەکگرن.”

ئەوەی لەم دروشم و نووسراوانەدا داواکاری فەرهەنگیان بوون، ئەو داخوازیانە بوون کە ساڵانێکە بۆ دەستەبەر بوونیان لە هەوڵ و کۆشش دان. ئەوان لە هەمانحاڵدا کە ناڕازی بوون لە حقوقێکی کە چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا و بە توندی ژیان و بەڕێچوونی خۆیان و بنەماڵەکانیانی خستۆتە مەترسیەوە، داخوازی سیاسی و واوەتر لە سینفیشییان هەیە. ئەوان وەک توێژێکی زەحمەتکێش، ستمەدیتو وە رۆشنبیر لە کۆمەڵگای ئێراندا، لە بەرانبەر باقی هەڵاواردن و ئەو بێ مافیانەی کە ڕژیم بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندوە، هەڵوێستیان هەیە و دەنگی ناڕيزایەتییان بەرز کردۆتەوە. دژی هەڵاواردن و نایەکسانی لە کۆمەڵگادان و لە مافی کرێکاران و خوێندکاران و دانش ئاموزان پشتیوانی دەکەن. سەبارەت بە ڕوانگە و بەرخوردی ئەمنیەتی و قەزایی ڕژیم بە هەڵسوراوانی فەرهەنگی، زیندانی کردنی مۆعه‌لیمان و هەڵسوڕاوانی کرێکارای و خوێندکاری و ژنان و داکۆکی کارانی مافەکانیان ناڕازین. سەبارەت بە خوسوسی سازی و بە پوڵی کردنی ئاموزش پەروەرش، ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و نا زانستی کتێبە دەرسیەکان، نەبوونی مافی خوێندن بە زمانی دایکی، یەکسان نەبوونی حقوقی مۆعه‌لیمان و باقی کارمەندان و خانەنشینان و بارودۆخی نابەسانی بەڕێچوونی فەرهەنگیان ناڕازی بوون. هەڵبەت تا ئێستا سەبارەت بەم هەڵوێستە ئینسانی و بەرپرسانەیە بەرەو رووی پەروەندەسازی دەزگا ئەمنیەتیەکان بوونەتەوە و بە تاوانی پڕوپوچی وەک ” کردەوە لەدژی ئەمنیەتی وڵات و بەشداری کردن لە کۆبوونەوە و هیتردا”، بە حوکمی قورسەوە کەوتونەتە زیندان و هەزینەی زۆریشیان داوە.

لە ساڵی ڕابردودا و بەتایبەت دوای ناڕەزایەتیەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ ی فەرهەنگیان لە شارە جۆراو جۆرەکان و لە ئاستی سەرتاسەریدا بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان و لەبەرانبەر هێرش و زوڵم و زۆری ڕژیمدا، دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەڕێوەبردنی مانگرتن و کۆبوونەوە. بە خۆشیەوە لەم دەورەیەدا مۆعه‌لیمان تەنیا نەبوون و لە پشتیوانی دانش ئاموزان، بنەماڵەکانیان، کرێکاران و خوێندکاران و جەماوەری خەڵکیش بەهرەمەند بوون.

ئەویکە هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی خواستی سیاسی و فەرا سینفی تەرح دەکەن، و هاوپشتی خۆیان بۆ باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێڕان نیشان ئەدەن، دەرخەری بەرەو پێش چوون و گەشەی وشیاری سیاسی ئەوانە. مۆعه‌لیمان دەزانن کە موشکلات و گرفتی فەرهەنگیان وەک کرێکاران و باقی توێژی هەژاری کۆمەڵگا ڕیشەی لە قەیرانی قوڵی ئابووری و ساختاریی ڕژیم دایە. قەیرانێک کە کۆماری ئیسلامی وڵامێکی بۆی نییە و رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرینتر دەبێتەوە و ژیان و بەڕێچوونی مۆعه‌لیمان و باقی چینە کەم داهاتەکانی زیاتر خستۆتە ژێر گوشارەوە. ئەم قەیرانە بە پێچەوانەی ئیدیعای بێ بنەما و درۆینەی عەلی خامنەیی لە پەیامی رۆژی چوار شەممەی دا کە وتی:” کۆماری ئیسلامی لە زومڕەی سەرکەوتو ترین دەسەڵات دارانی دنیایە لە گواستنەوەی سەروەت و خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنەکانی وڵات”، بۆتە هۆی داسەپاندنی هەژاری زیاتر بەسەر کۆمەڵگادا.

تا کاتێکدا کە ئێران لەژێر حاکمیەتی ئەم جۆرە ڕژیمانە دایە، نابێ نە هیوایەک بە باشتر بوونی بارودۆخی بەڕێچوون لە کۆمەڵگادا هەبێت و نە بە کرانەوەیەک لە فەزای سیاسی و فەرهەنگیدا. مامۆشتایان دەزانن بۆ بەرە روو بوونەوە لەگەڵ ئەم ڕژیمە زاڵمە خەباتی خۆیان بە خەباتی کرێکاران، ژنان و باقی چین و توێژەکانی ئۆردوی کار و زەحمەتەوە گرێبدەن. بەم هۆیەوەیە کە ئەوان لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیەکانیاندا بە دانی دروشمی” کرێکار-دانشچو- موعەلیم یەکگرتن یەکگرتن” بە دروستی لەسەر پێویستی هاوئاهەنگی خەباتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ نیزامی ئیسلامی سەرمایەداری جەخت دەکەنەوە. لە وەها بارودۆخێکدا بۆ ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی بێجگە لە پەنا بردنەبەر ئامرازی سەرکوت هیچی دیکە لەبەر دەستدا نییە. بەڵام ڕەچاوکردنی توندوتیژی لەدژی مۆعه‌لیمان، گرتن و زیندانی کردنی ئەوان و هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی نە تەنیا ناتوانێ یەرمەتی دەری درێژەی حاکمیەتی ڕژیم بێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قین و توڕەیی و نەفرەتی زیاتری جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لەدژی حاکمانی نیزامی ستەمگەر و زۆرداری ئیسلامی و کۆتایی تەمەنی ڕژیمەکەیان نزیک تر دەکاتەوە.

مۆعه‌لیمانی شەریف و ئازادی خوازی ئێران سەرمایەی مەعنەوی کۆمەڵگای ئێرانن. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا هەمیشە لە زومڕەی توێژی پێشڕەو و خەباتکاری کۆمەڵگا بوون. پێویستە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ئینسانە ئازادی خوازەکان لە ئێران پشتیوانی لە ویست و داخوازیەکانیان بکەن و لە بەرانبەر هەڕەشە و توندتیژی و هێرشی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە مۆعه‌لیمان کە ئاموزش دەری منداڵەکانیانن بێدەنگ نەبن و لە ماف و داخوازیەکانیان دەفاع بکەن و خوازیاری ئازادی سەرجەم مۆعه‌لیمان و فەرهەنگیانی بەندکراو بن.