کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژەی ناڕەزایەتیی خەڵک و شپرزەیی قوەی قەزاییە

بەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرین لە تاران و چەند شاری دیکەی ئێران لەدژی هەژاری و گرانی، سادق لاریجانی سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیمی ئیسلامی رۆژی سێشەممە ٥ی مانگی پوشپەڕ کە لە کۆبوونەوەی سەرتاسەری قوەی قەزاییەدا سوخەنڕانی دەکرد وتی:” ژمارەیەک بە سەرمایه‌ی کاڵانه‌وه‌ دەیانەوێ سەقامگیری ئابووری تێکبدەن. ئەم کەسانە بە هەڵڕشتنی پارە لە بازاڕدا و کۆکردنەوەی دۆلار و سکە دەیانەوێ نەزمی بازاڕ تێکبدەن و هێزە ئیتلاعاتیەکان دەبێ هەوڵبدەن ئەم کەسانە شناسایی بکەن.” سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم وتی: ” ئێمە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشیان لێ ناکەین و هۆشدار ئەدەم کە ئەم کارە وەک تێکدانی نیزامی ئابووری وڵات سزایەکی قورسی هەیە و ئەگەر میسداقی فەساد فی الارز بن یاسای ئێعدامیان بۆ لەبەرچاو دەگرین.” سادق لاریجانی لە حاڵێکدا کە سەرۆکی دەوڵەتیش لە جەلەسەکەدا ئامادە بوو، وتی:” بە دەوڵەتییەکان و به‌ غەیرە دەوڵەتییەکان و بە هەموان هۆشداری ئەدەین کە ئاگایان لەخۆیان بێت لەبەر ئەوەی دەزگای قەزایی بە دڵنیاییەوە لەگەڵ خەتاباران و ئەوانەی کە دەستیان لەم خراپکاریەدا بووە بەرخورد دەکات.”

هەڕەشەکانی قوەی قەزاییە لەدژی کەسانی نەناسراو لەبەر تێکدانی ” سەقامگیری ئابووری” لە حاڵێکدایه‌ کە ڕۆژی سێشەممەش بەشێک لە دوکانداران و کەسەبەی تاران، ئیسفەهان، تەورێز و کرماشان و چەند شاری دیکەی لە ناڕەزایەتیی بە ڕکودی کەسب و کار بازاڕیان داخست و هاوکات لاوانی ناڕازی بە بێکاری و گرانی لە چەند شوێنێکی شار بە بەڕیوەبردنی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی لەدژی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری دروشمیاندا. بەپێی ڕاپۆرتەکان شەقامەکانی “لالەزار، میللەت، ئێکباتان و پازدەی خورداد”ی تاران شوێنی سەرەکی بەڕیوەچوونی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانە بوون. ناڕەزایەتیی لە تاران بە هێرشی هێزەکانی پۆلیس و یەگانە ئەمنییەتییەکان توندووتیژی لێكه‌وته‌وه‌. لە خیابانی لالەزار بەهۆی هێرشی هێزەکانی پۆلیسەوە چەند کەس لە لاوانی خۆپیشانده‌ر بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش بۆ بەرگرتن لە هێرشی بەکرێگیراوانی ڕژیم بە ئاگردانی سەتڵی گەورەی زبڵ شەقامەکانیان داخست.150

له‌ ڕاستیدا سەرەڕای ئیدیعای سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم كه‌ گۆیا ژمارەیەک بە سەرمایە زۆرەکانیان “سەقامگیری ئابووری”یان تێکداوە، قەیران و شپرزەیی ئابووری له‌ ئێران قوڵتر لەوەیە کە بە هەڕەشە و گرتن و ئێعدام کردنی چەند کەس لە کڕیارانی گەورەی دۆلار و سکە کۆنترۆڵ بکرێت. ئەم بارودۆخە ئاڵۆزه‌ ڕیشەی لە قوڵتر بوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری ئێراندایە. لە ئاکامی قوڵتر بوونەوەی ئەم قەیرانە، لە سالەکانی دواییدا گەلێک لە بواره‌كانی بەرهەمهێنان بەرەو ڕووی ڕکوود بوونەتەوە و وەرشکست بوون، داخران و دابەزینی زەرفییەتی بەرهەمهێنانی کارخانەکان بۆتە ڕەوتێکی گشتی. هەڵاتنی سەرمایەکان، پەرەسەندنی خێڵی ملیۆنی بێکاران، دابەزینی بەردەوامی ئەرزشی ڕیاڵ، تەوەڕوم و گرانی سەرسوڕهێنەر، دابەزینی ئاستی حەقدەستەکان بۆ چەند قات خوار هێڵی هەژارییەوە، پەرەسەندنی خەسارە کۆمەلایەتییەکان لە باقی نیشانەکانی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانەیە کە هەمو ڕۆژێک ئاستێکی تازەتر بەخۆیەوە دەگرێت. ئاسەوارەکانی ڕەوانی مەترسی گەڕانەوەی سەرلەنوێی گه‌مارۆ ئابووریەکان لەسەر ناوەرۆکی قوڵ بوونەوەی ئەم قەیرانە، بە تایبەت لە بارودۆخێکدا کە بەشێک لە بەرهەمهێنان و نیازمەندیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێرانیش ئەساسەن بە توجاڕەتی خاریجی و هاوردە کردنەوە بەستراوەتەوە، لەسەر خراپی ئەم بارودۆخە ئابووریە کاریگەری هەبووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ناتوانی ئەم قەیرانە کۆنترۆڵ بکات، بەڵکوو خۆی هۆکاری سەرەکی توند بوونەوەی ئەم قەیرانە و بونبەستی ئابوورییە.

ڕێگا چارەی سەرمایەدارانە بۆ بەرەنگار بوونەوەی قەیرانی ئابووری ئێران و هەموو شوێنێکی دنیا توند بوونەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران، پەرەسەندەنی هەژاری و بێکاری، قوڵ بوونەوەی کەلێنی چینایەتی و ماڵ وێران کردنی زۆربەی خەڵکە. ئەم بابەتە کە لە ئێران ئاستی بێکاری و هەژاری و گرانی وەهای كاردی گەیاندۆتە سەر ئێسقانی کریکاران و هەژارانی شاری کە ڕێگایەکی بۆ پاشەکشەی زیاتر بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە. سەرانی ڕژیم بە باشیی دەزانن کە کاسەی سەبری کرێکاران و خەڵکی ئێران لێو ڕێژ بووە. هەڕەشە و هۆشداری سەرۆکی قوەی قەزاییە بە دەوڵەتییەکان و نا دەوڵەتییەکان سەبارەت بە بارودۆخی شپرزەی ئابووری لە درێژەی قسەکانی چەند ڕۆژ لەوە پێشی سەرلەشکر ” ڕەحیم سەفەوی” فەرماندەی پێشوی سپای پاسداران کە وتبووی ” جار جارە وا بەزەین دەگات ئەگەر دەوڵەت نەبێت، وڵات باشتر بەڕێوەدەچێت”، هەوڵێکە بۆ خستنە ژێر گوشاری دەوڵەت بۆ هاوئاهەنگی و وەحدەت عەمەلی زیاتر بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مانگرتنە کرێکاری و جەماوەرییەکان کە مانەوەی نیزامی ئیسلامیان خستۆتە مەترسیەوە. هەردوو باڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵیکدا کە لە بەرانبەر گوشارەکانی ڕۆژئاوا و ڕەقیبە ناوچەکانیاندا بەکردەوە و هەنگاو بە هەنگاو لە پێگەکانیان پاشەکشە دەکەن، دەیانەوێ ئەم پاشکشەیە لە بەرانبەر گوشارە دەرەکیەکاندا بکەنە دەرفەت بۆ سەرکوت و کرداری توندووتیژ ئامێزی زیاتر لە بەرانبەر مانگرتنەکانی ئێستادا.

بەڵام هەروەک گەلێک جار وتومە لە ئاکامی ئاڵوگۆڕیکدا لە ئاگاهی و زەینیەتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک و ئاستی خەباتیاندا روویداوە، ماشینی سەرکوتی ڕژیم دەورێکی ئەوتۆ و کارایی ڕابردوی نەماوە. بەم حاڵەشەوە، درێژەی مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری، هاوکاری چڕوپڕ تری هەردوو باڵی سەرەکی حکومەتی کردۆتە پێویستییەک بۆ مانەوەی نیزامی ئیسلامی و سەرکوت كردن سەرەکی ترین بژارده‌ی هەردوو بالەکەیە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە پەرەسەندنی مانگرتنەکانی ئێستا. بەڵام درێژە و بەیەکەوە پەیوەست بوونی خەباتی ئێستا لە ئاست و شکڵی جۆراوجۆردا و بەتایبەت هاوئاهەنگی و سەرتاسەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانی ماشێنی سەرکوتی ڕژیم بە تەواوی زەمنگیر بکات. لە بارودۆخی ئێستادا واوەتر چوون لە مانگرتنی تەکو توک و جودا و بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری و هاوکاتی کرێکاران لە کارخانەکان و ناوەندەکانی گەورەی بەرهەمهێناندا نەتەنیا دەتوانێ ناکارایی ساز و بەرگی سەرکوتی ڕژیم پیشان بدات، بەڵکوو دەتوانێ بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان چەند هەنگاو بەرێتە پێشێ. لەسەر ناوەرۆکی بەردەوام بوونی ئەم مانگرتن و بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەیە کە ئاگاهی و سازمان یابی کرێکاران و جەوەری خەڵک کامڵ دەبێت، ڕێگاچارەی نیئۆلیبڕاڵی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێران به‌رانبه‌ر بە ڕاستییه‌کان کاڵ تر دەبێتەوە و بوار بۆ شکڵ گرتنی پایه‌كانی یەک بەدیلی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بە چۆکدا هێنانی نیزامی سەرمایەداری لە ئاسۆی دایه‌، فەراهەم دەبێت.