لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، چالاکوانێکی فەرهەنگی لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و چارەنووسی بەندکراوێکی دیکەش لە ورمێ بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، “مەتین فەرامەرزی” چالاکوانی فەرهەنگیی خەڵکی مەهابادیان بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان لە پارکی شێخ شەڵتووتی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، “یووسف کەلۆنەک زادە“، مامۆستای زمانی کوردی و وەرگێڕی خەڵکی ورمێ، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا بەبێ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی لە زیندانی ئەو شارەدا ڕاگیراوە. جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی ڕژیم ڕێگری دەکەن لە ئازادکردنی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە و تا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانیان ناڕوونە.
