کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

درێژکردنەوەی ماوەی به‌ندكرانی پێنج چالاکی ژینگەپارێز له‌ مه‌ریوان

درێژکردنەوەی ماوەی به‌ندكرانی پێنج چالاکی ژینگەپارێز له‌ مه‌ریوان

زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانی پێنج چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان به‌ ناوه‌كانی “ئازاد ڕۆحی”، “لایق ئەحمەدی”، “سەرکەوت عیبادی”، “دلێر محه‌ممه‌دی” و “ئالان ئه‌رده‌شێری”  تێپەڕ دەبێت و ئێستا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ماوەی به‌ندكرانیانی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کردووەتەوە.

به‌پێی زانیارییه‌كان، “ئازاد ڕۆحی” و “لایق ئەحمەدی” لە گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنە بەهۆی نەخۆشیی سییەکان کە بەهۆی کوژاندنەوەی بەردەوامی ئاگری دارستانەکانی مەریوان لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی بوون، لە دۆخێکی دژواردان و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە. “ئازاد ڕۆحی”، “لایق ئەحمەدی” و “سەرکەوت عیبادی” ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ و “دلێر محەممەدی”، خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاریی کارەبا و دانیشتووی گوندی “باڵک”ی سەر بە شاری مەریوان و هەروەها “ئالان ئەردەشێری”، تەمەن ٣٢ ساڵ ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. شایانی باسه‌ كه‌ دایکی “ئالان ئەردەشێری” له‌كاتی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی دا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و باری ته‌ندرووستی ناجێگیره‌.