به‌دوای ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به كوشتنی “جۆرج فلۆید” و “ئادام تێرائۆره”، به هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی شاره جۆراوجۆره‌كانی یونان و فه‌ڕانسه ڕۆژی چوارشه‌ممه بۆ جارێكی دیكه هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌دژی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریكا و فه‌ڕانسه خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، ده‌رگای چوونه‌ژووره‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له شاری ئاتێن له لایه‌ن چه‌ند گرووپێكی ئانارشیستهوه ئاگر تێبه‌ردرا. شایانی باسه، پۆلیسی یونان بۆ بڵاوه‌پێكردن به ناڕازییان له گازی فرمێسك‌ڕێژ و گولله‌ی په‌لاستیكی كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و له ئه‌نجامی ئه‌م تێكهه‌ڵچوونه، ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران برینداربوون و ژماره‌یه‌كیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه پۆلیسی فه‌ڕانسه به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ر جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له پێته‌ختی ئه‌م وڵاته قه‌ده‌غه ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام زیاتر له ٢٠ هه‌زار كه‌س له شاره‌كانی فه‌ڕانسه له‌وانه، لیۆن، لیل و مارسه‌ی، هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و سه‌ره‌ڕای وتنه‌وه‌ی درووشم له‌دژی كوشتنی “جۆرج فلۆید” و “ئادام تێرائۆره”، له ناڕه‌زایه‌تیی به توندووتیژی پۆلیسی ئه‌م وڵاته درووشمیان وته‌وه. “ئادام تێرائۆره”ی ڕه‌ش پێست و ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ ڕێكه‌وتی ١٩ی ژووئیه‌ی ساڵی ٢٠١٦ دوای دوو كاتژمێر له ده‌ستبه‌سه‌ركرانی له شاری “بۆمون سووراواز“ی فه‌ڕانسه، گیانی له‌ده‌ستداوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه دادگای پێڕاگه‌یشتن به‌م ته‌وه‌ره، له‌م ڕۆژانه‌دا دهستوپێوهندهكانی ئه‌م ڕووداوه‌ی ته‌برئه كردووه. ئه‌م حوكمه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆری به تایبه‌ت له لایه‌ن چالاكانی مافی ڕه‌نگین پێستهكانهوهلێكهوتووهتهوه.