ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٢ی گه‌لاوێژ، به‌دوای مانگرتنی به‌رینی كرێكارانی پاڵاوگه‌ی قشم، ئابادان، لامه‌رد و پارسیان، كرێكارانی فازی ٢٢ و ٢٤ی پاڵاوگه‌ی پارسی جنووبیی كه‌نگانیش، بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه و مانیان گرت.
كرێكارانی ناڕازی هه‌ر وه‌ك باقیی هاوكارانیان له پاڵاوگه‌كانی دیكه‌ی ئێران، به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به نه‌درانی چه‌ندین مانگه‌ی حه‌قده‌سته‌كانیان و ناڕوون بوونی باروودۆخی پیشه‌یی خۆیان و هه‌روه‌ها به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتنی گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندیی كاره سه‌خت و زیانباره‌كانیان، ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه و له شوێنی كاره‌كه‌یان كۆبوونه‌وه.