ئاگه‌ركه‌وتنه‌وه له جه‌نگه‌ڵ و دارستانه‌كانی توركییه كه له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه ده‌ستی پێكردووه، بۆ شاره‌كانی “ئانتالیا”، “بۆدرووم” و “مارماریس” په‌ره‌ی سه‌ندووه و تا ئێستا لانیكه‌م ٨ كه‌س كۆژرا و به ده‌یان برینداری لێكه‌وتۆته‌وه و پتر له ١٠ هه‌زار ماڵی دانیشتووانی ئۆستانی “مۆغڵا” چۆڵ كراون.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، ئاگركه‌وتنه‌كانی ئه‌مساڵی توركیا، خراپترین ئاگركه‌وتنه‌وه بووه له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا و تا ئێستا لانیكه‌م ٩٥ هه‌زار دۆنم جه‌نگه‌ڵ و دارستانی به ته‌واوی سووتاندووه. ئه‌مانه له حاڵێكدایه كه ئاستی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته به هۆی نه‌بوونی به‌ڕیوبه‌رایه‌تییه‌كی به‌هێز بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه، تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه. بسپۆڕانی بوواری كه‌ش و هه‌وا گه‌رم بوونی جه‌وی زه‌وی به هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه ده‌زانن.