به پێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژی یهكشهممه ١٠ی سهرماوهز، خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق بەردەوامن و لە نۆ پارێزگاشدا “ماتەمین” بۆ گیانی ئەو کەسانە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون ڕاگەیەندرا.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، لە شاری بەغداد خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتییان بەردەوامن و خۆپیشاندەران سوورن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت. هاوکات بەرەبەیانى ئەمڕۆ خۆپیشاندەران چوونەتە سەر کێڵگەى نەوتى مەجنون لە بەسڕە و رێگەی سەرەکى کێڵگە نەوتییەکەیان داخست. لە شاری نەجەفیش لە کاتى هێرشى خۆپیشاندەران بۆ سەر مەزارگەى محەمەد باقر حەکیم، هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگیرکرد. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠ خۆپیشاندەر لە هەردوو شاری نەجەف و ناسریە کوژران و سەدان کەسیش برینداربوون. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤیش لە عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون گەیشتووەتە ٤١٨ کوژراو و زیاتر لە ١٨ هەزار بریندار بوون.