
“جێنین ئانییهز” كه ڕۆژی پێنجشه‌ممه وه‌ك سه‌رۆك كۆماری كاتی بولیوی سۆندی یاسایی خواردبوو، ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. هاوكات ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له نێوان لایه‌نگرانی مۆرالێس و نه‌یارانی ناوبراو تێكهه‌ڵچوون هاتووه‌ته ئاراوه.
به‌دوای په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ئاست ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری له بولیوی، مورالێس كه بۆ چواره‌مین جار له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا سه‌ركه‌وتبوو، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ر ناچار بوو ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه و په‌نا ببات بۆ مێكزیك. هاوكات “جێنین ئانییهز” به‌ڵێنی داوه كه به‌م زووانه هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت. به پێی ده‌ستووری بولیوی، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار نه‌توانێ ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه ببات، تا هه‌ڵبژاردنی دوای سه‌رۆك كۆماری، سه‌رۆكی مه‌جلیسی سێنا و دوای ناوبراو جێگری سه‌رۆكی سێنا وه‌ك سه‌رۆك كۆماری كاتی ئیداره‌ی وڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن. شایانی باسه، دوای ئه‌وه‌یكه سه‌رۆكی مه‌جلیسی سێنا و جێگره‌كه‌ی كه له لایه‌نگرانی مورالێسن له چوونه ناو مه‌جلیس خۆیان بوارد، “جێنین ئانییهز” جێگری دووهه‌می مه‌جلیسی سێنا به پێی ده‌ستوور وه‌ك سه‌رۆكی كاتی بولیوی دیاری كرا.
