
ڕۆژی سێشه‌ممه ٥ی سه‌رماوه‌ز، بۆ سێهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام لایه‌نگرانی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپی ئه‌مه‌ل له‌م وڵاته هێرشیان كرده سه‌ر خۆپیشانده‌ران. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌ی خۆپیشاندانه‌كان و بارودۆخی ناله‌باری ئابووری له لوبنان، هه‌ندێ له ناوه‌نده‌كان خوازیاری به‌ڕێوه‌بردنی مانگرتنێكی سێ ڕۆژه بوون.
به پێی ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان، هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه به پێش به په‌ره‌سه‌ندنی تێكهه‌ڵچوونه‌كان له نێوان ناڕازییان كه خوازیاری پێداچوونه‌وه و گۆڕینی سیستمی سیاسی و لایه‌نگرانی حیزبوڵڵا و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل بگرن. شایانی باسه، له‌ئه‌نجامی ئه‌م تێكهه‌ڵچوونانه‌دا له هه‌ندێ له ناوچه‌كانی شاری به‌یرووت تیرئه‌ندازی كراوه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، لوبنان ماوه‌ی پێنج حه‌فته‌یه كه شایه‌تی خۆپیشاندانی دژه ده‌وڵه‌تییه. خۆپیشاندانه‌كان له ناڕه‌زایه‌تیی به ناكارامه‌بوون و گه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌تی ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام دواتر خۆپیشانده‌ران خوازیاری گۆڕانكاری سیاسی له ناوه‌نده جۆراوجۆره‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كاربه‌ده‌ستانی سیاسیی لوبنان بوون.
