کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درۆ کردن، ڕیاکاری و پیلانگێڕان لە ماجەرای کوژرانی رۆژنامە نووسە سعودیەکەدا

238

ماجەرای کوژرانی رۆژنامە نووسی ڕەخنەگری دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی، جەماڵ خاشقچی، لەنێو کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەدا لە ئیستانبول، هەرایەکی نێو نەتەوەیی لێكه‌وتۆته‌وه‌. ئاشکرایە کە بابەتەکە تەنیا بەم هۆیەوە نەبۆتە مەسەلەیەکی جیهانی کە لە شوێنێکی دیپلۆماتیکدا، ئینسانێک لەبەر ئەوەی ڕەخنەی گرتوە لە دەوڵەتێکی دیاریکراو لەت له‌ت کراوە، بەڵکوو تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی بە دەوڵەتەکانەوە هەیە، ئەساسەن بەم دەلیلەیە کە هەرکامەیان بەجۆرێک دەیەوێ لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێت و لە سفرەکەی عەرەبستانی سعودی بەشێکی چەوری بەربکەوێت و یان ڕەقیبە توجاڕی و بازرگانیەکانی بخاتە ژێر گوشاره‌وە و ئیمتیازی سیاسی وەربگرێت. عەرەبستانی سعودی دەوڵەتێکی دەوڵەمەندە و لەسەر دەریایەک لە زەخیرەی وزەی جێی پێداویستی دنیا رۆنیشتوە. ئەم دەوڵەتە هەم بە پارەی زۆر دەتوانێ سەرۆکی دەوڵەتەکان بکرێت و هەم بە بەرز کردنەوە و دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت سەرجەم بازاڕەکانی دنیا بخاتە ژێر کاریگەریەوە.

نەفسی ماجەراکە هەڵبەت هێشتا نەوتراوی زۆری لە بارەوە هەیە. گەلێک پرسیار لەم بوارەدا بەبێ وڵام ماونەتەوە. بۆچی و چۆن عەرەبستانی سعودی کەوتە ئەم داوەوە؟ کوشتنی رۆژنامە نووسێکی ڕەخنەگری میانەڕەو، بۆ دەوڵەتێک کە شەڕی نیابەتی لێره‌ و له‌وێ وه‌ڕێ ده‌خات و ژمارەیەکی زۆر بەکرێگیراو و تیرۆریستی لە گۆشە و کەناری دنیادا و لەوانە لە خودی تورکیە هەیە و، بە دەست و دڵبازیه‌وه‌ دەتوانێ تیرۆریستە حیرفەییەکان بەكرێ بگرێت، بۆچی لەنێو شوێنێکی دیپلۆماتیک دا لەژێر چاودێری دووربین و میکرۆفۆنی ئاشكرا و شاراوه‌ دایه‌ جێگیر بەڕێوەدەچێت؟ چۆن خاشقچی خۆی بە هاسانی بۆ وەرگرتنی بەرگەیەکی تەڵاق بە پێی خۆی بەرەو قوربانگا دەچێت؟ یان ئەوەی کە خاشقچی کە رۆژگارێک یەکێک لە نزیکەکانی دەرباری سعودیه‌ بووە، لە پێوەند لەگەڵ ناکۆکی دەروونی بنەماڵەی پاشایەتی سعودی، یان هەر بابەتێکی تردا، چ زانیاریەکی هەبووە کە کوشتنی ئەوی بۆ پاشایەتی سعودی کردۆتە پێویستیەکی هەنووکەیی؟ دەوری دەوڵەتی تورکیە لە دانانی ئەم داوەدا هەم بۆ دەزگا ئەمنیەتیەکانی سعودیە و هەم بۆ خاشقچی چی بووە؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکەی لەم جۆرە هه‌یه‌ کە ڕەنگە وڵامه‌كانیان ساڵانێک لە ئاڕشیوی دەزگا سیخوڕی و ئەمنیەتیەکاندا ڕابگیرێن و قەتیسش ئاشکرا نەکرێن. توێژینەوە سەبارەت بەم بەشەی مەسەلەکە و دۆزینەوەی وڵام بۆیان زۆر گرنگ نییە. ئەم حاڵەتەش، وەک هەموو قه‌تڵه‌ سیاسیه‌كان و ئێعدام و تیرۆرەکانی دیکە مەحکومە و بۆتە بەشێک لە حەیاتی روتینی دەوڵەتان و هێزەکانی سەربەوان لە گوشە و کەنارەکانی دنیادا. بەڵام ئەم رووداوە لە گۆشە نیگایەکی ترەوە و بە مەبەستی ناسینی عونسوری ڕیاکاری، درۆ و پیلان گێڕان بۆ دەستەبەر کردنی سەروەت و پاراستنی دەسەڵات، لە پێوه‌ندی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداریدا، وەک نمونەیەکی دیاری کراو دەکرێت لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ بكرێت..

گومانی تێدا نییە کە هیچکام لە سەرۆک دەوڵەتەکان و دەستە و دایەرەکانیان، لەم رووداوەدا، نیگەرانی پێشێل کرانی مافی مرۆڤ و دیفاع لە دیموکراسی و بابەتی لەم جۆرە نین. لە کارنامەی گشت ئەوانەی، كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ کوژرانی خاشقچی فرمێسکی درۆینە هەڵدەڕێژن، شوێنەواری دەیان قەتڵی سیاسی لەم چه‌شنه‌ دەکرێت بدۆزرێتەوە. ورد بوونەوە لە هەڵوێستی دەوڵەتەکان لە بەرانبەر کوژرانی ئەم رۆژنامە نووسەدا، ئەم ڕاستیە سادەیە روون دەکاتەوە کە چلۆن هەرکامە و هەوڵ ئەدات ئەم رووداوە بۆخۆی بکاتە دەرفەت..

ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەک تاجر مەسلەکێک کە بۆتە سەرۆک کۆمار، وێڕای وەرگرتنی بە وتەی رۆژنامەی نیویورک تایمز، حەق السکوتی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری، لە هەمان حاڵدا زەمانەتی پێویستیشی بۆ کڕینی چەک و چۆڵ لە ئێستا و داهاتوی عەرەبستانی سعودی لە بەرانبەر ڕەقیبەكانی ئوروپایی و روسیدا بەدەست هێناوە. شانۆگەرییەكانی ترامپ لە بەرانبەر رۆژنامە نووساندا، بێ ناوەرۆک تر لەوەبوون کە بتوانن ئەمانجە ڕاستەقینەکانی ئەو بشارنەوە..

سەرۆکەکانی یەکێتی ئەروپا کە خۆیان لەم ماجەرایەدا بە دۆڕاو دەبینن، ڕواڵەتێکی دیموکراتیک مەئابانە تریان بەخۆیانەوە گرتوە هەوڵ ئەدەن مەسەلەکە بۆ ئەمریکا پڕ هەزینەتر بکەن. ئەوان تێ دەکۆشن، دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ڕه‌چاو کردنی هەڵوێستێکی توند تر بخەنە ژێر گوشراەوە و لە عەینی حاڵدا سەهمی خۆشیان لەم ڕێگایەوە نیگەران تر کردنی عەرەبستان دەستەبەر بکەن..

دەوڵەتی تورکیە، یەکێک لە براوەکانی کوژرانی ئەم رۆژنامە نووسەیە. لەبەر ئەوەی بەڵگەی پێویستی سەبارەت بە چلۆنایەتی کوژرانی خاشقچی و هەوەها زانیاری فەوقی نه‌هێنی كه‌ ئه‌و هه‌ی بووه‌ ئەوی لە ئیختیار دایە و ڕەنگە خۆی لە ڕێکخەرانی ئەم داوە بووبێت. لەم روەوە بێ گومان لە بەرانبەر ئەم رووداوەدا بێدەنگ نابێت و یاریەکەی درێژە پێئەدات. عەرەبستانی سعودی دەبێ سەری کیسەکەیان زیاتر بۆ شل بکات و لە ڕقابەتە سیاسیە ناوچەییەکاندا ئیمتیازی زیاتریان بداتێ..

بەڵام لەم نێوانەدا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیش سه‌رنج ڕاكێشه‌. پەیامێک کە ئەوانیتر بە دەڕبڕینی بە ئاشکرا بۆ دەوڵەتی عەرەبستانیان ناردوە، کۆماری ئیسلامی بە بیدەنگ بوونی خۆی ئەو پەیامەی گەیاندوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا کاربەدەستانی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی هه‌ڵوێستێكیان لەبەرانبەر ئەم رووداوەدا نەگرتوە. لە ڕاستیدا سەرانی کۆماری ئیسلامی بۆیان دەرکەوتوە کە دەتوانن لەم دەرفەتە بۆ هێور کردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ عەرەبستانی سعودی کەڵک وەربگرن. بە تایبەت هەڕەشەی عەرەبستان بە کەم کردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، تەنانەت ئەگەر تەنیا هەڕەشەش بێت، بە قازانجی کۆماری ئیسلامی دەبێت..

كوشتنی بێ ڕەحمانە و جەنایەتکارانەی جەماڵ خاشقچی، لەپاڵ گەلێک لە نمونەکانی تردا کە بەشێوەی رۆژانە دەیانبینین، گۆشەیەک لە زەلکاوێکه‌ کە دنیای سەرمایەداری بۆ ئینسانی ئەم سەردەمه‌ی ئێمه‌ی‌ فەراهەم کردوە. لەم نیزامەدا ڕیاکاری، درۆ، پیلان گێڕان و گرتنبەری هەر شێوازێکی دژی ئینسانی بۆ پاراستنی دەسەڵات و کەڵەکە کردنی سەروەت و سەرمایەی زیاتر ڕێگه‌ پێدراوە و بە سروشتی بە ئەژمار دێت.