کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار، ڕۆژی لەدایکبوونی فاتیمەی کچی محەمممەد و خەدیجەی وەک “ڕۆژی دایک” ناوزەد کردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە دایکان لە ئێران یەکێکن لە ئامانجەکانی سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و ئەم دووڕوویی و فریوکارییەی ڕێژیم ناتوانێ ڕەنج و مەینەتییەکانی کە بەسەر دایکانی جگەرسووتاودا هاتووە و هەروەها خەبات و تێکۆشانی پڕ بەها و بەردەوامی ئەوان لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بشارێتەوە. ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێران و لەوانە ژنان و دایکاندا هاتووە، چیرۆکی دڵتەزێنە کە هەمووان پێی ئاشنان. خەباتی بەکۆمەڵی دایکان، دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ژێر ناوی “دایکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە” و لە سنەوە دەستی پێکرد. ئەوان ئاوێتەیەک بوون لە دایکانی پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان، دایکانی زیندانیانی سیاسی و دایکانی هەڵسووڕاوانی پێشمەرگە، کە بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی دیدار و چاوپێکەوتنە سروشتییەکانی خۆیانەوە، پەیوەندی و ئەرکە تەشکیلاتییەکانیان بەڕێوە دەبرد. دوای ئەوە، ناوی دایکانی خاوەران بوو بە وێردی سەر زمان. ئەم ئازیزانە، دایکانی سەربەرزی هەزاران زیندانی سیاسیی شۆڕشگێڕ و خەباتکار بوون کە بە فەرمانی خومەینی لە ماوەی دوو مانگدا لە زیندان لەسێدارە دران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردران. دوای ئەوان “دایکانی پارکی لاله” وەک ڕێکخراوێکی خەباتکار بە ڕیزی خەباتی ڕزگاریخوازانە و دژە کۆماری ئیسلامییەوە پەیوەست بوون. ئەوان دایکی ئەو گیانبەختکردووانەن کە لە ئاخێزی جەماوەریی ساڵی ١٣٨٨دا گیانیان لەدەستدا. ئەم دایکە تێکۆشەرانە لە پارکی لالەی تاران کۆدەبوونەوە و بەردەوام لەگەڵ هێرشی دڕندانەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم بەرەوڕوو دەبوونەوە، لەمڕووەوە بە دایکانی پارکی لاله ناسران.
داواکاریی ئەم دایکانە، لە ڕاستیدا ویست و داواکاریی سەرجەم دایکانی جگەرسووتاو، دادخواز و خەباتکاری ئێران بوو. ویست و داواکارییەکانیان بریتین لە: “ئازادی بێ شەرت و مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئیدئۆلۆژی، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان“، لێپێچینەوە و سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی هەموو ئەو تاوانانەی کە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بەرێوە چووە لە دادگایەکی ئاشکرا و دادپەروەر و جەماوەریدا، بەهرەمەنبوون لە ئازادی ڕادەربڕین، بیروباوەڕ و نووسینی بێ شەرت و مەرج، مافی لەبەرکردنی جل و بەرگی ئیختیاری و مافی کۆنترۆڵکردنی جەستە بەبێ هیچ مەرجێک، بەهرەمەندبوون لە مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی، مانگرتن، کۆبوونەوە، ڕێکخراوبوون، پێکهێنانی ڕێکخراو و حزبی سەربەخۆ، بەهرەمەندبوون لە مافی یەکسانی شارۆمەندی و هەروەها نەهێشتنی هەر چەشنە هەڵاواردنێک و جیایی دین لە دەوڵەت. مانگی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢٣ “ئەنجومەنی دایکانی دادخوازی خەزەڵوەری ٩٨“، بوونی خۆیان ڕاگەیاند. مەبەست لە پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە بریتی بوو لە “وەبیرهێنانەوەی جینایەتەکانی مانگی خهزهڵوهری ٩٨، بەڵگەنامەکردن و تۆمارکردنی دۆسیە بۆ دادخوازیی ئەو کۆمەڵکوژییە“. ڕۆژی ١١ی ژوئەنی ٢٠٢٣، دایکانی دادخوازی کوردستان، لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی لە مێژینەی خۆیاندا لە دژی ڕێژیم، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ژێر ناوی: “دایکانی شۆڕش”، ڕێکخراوی نوێی خۆیان وەک بەشێک لە دایکانی “شۆڕشی ژینا” ڕاگەیاند. ماه مونیر مەولایی ڕاد، دایکی بوێر، وشیار و خەباتکاری کیان پیر فەلەک، یەکێک لەو خەباتکارانە بوو کە لەو سەردەمەدا درەوشایەوە.
دایکانی بەلوچ دوای کۆمەڵکوژییەکەی ناسراو بە هەینی خوێناوی زاهیدان، سەریان هەڵدا. لە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، “کۆمەڵەی دایکانی پێشڕەو” لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بوونی خۆی ڕاگەیاند و تا ئێستا چەندین ڕاگەیاندنیان بڵاوکردووەتەوە. ئەوان کۆمەڵێک لە دایکانی قوتابیانی قوتابخانە و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و بەشداربووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینان. دایکانی ناو ئەو ڕێکخراوانەی کە ئاماژەیان پێکرا، لە نوێترین چالاکی خۆیاندا، ڕۆژی هەینی ٣٠ی سەرماوەز، شەوی یەڵدا (درێژترین شەوی ساڵ)، وەک نەریتێکی خەباتکارانە، چ وەک بنەماڵە، چ وەک تاک و یان بەکۆمەڵ، لە سەر گڵکۆی جگەرگۆشە گیانبەختکردووەکانیان کۆبوونەوە و سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی مەئموورانی بەکرێگیراوی ڕێژیم، گڵکۆی ئازیزانیان گوڵباران کرد. لەم کۆبوونەوانەدا دایکان و باوکان و خزم و دۆستان لە قسە و باسەکانیاندا، لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانەی گیانبەختکردوان، جەختیان کردەوە. پەرەسەندنی خەبات و تێکۆشانی دایکانی دادخواز، هاوکات لەگەڵ خەباتی ژنانی ئازادپووش وەک دڕکی چاوی کۆماری ئیسلامی و زمانحاڵەکانی، نیشانەی لاوازبوونی بەرچاوی هێز و هەیمەنەی ئەم ڕێژیمەیە لە ئاست جەماوەری خەباتکاری ئێراندا.