کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

داوی هەژاری” کام ڕێگای ڕزگار بوون؟

247

ڕۆژی یەکشەممە ٦ ی مانگی خەزەڵوەر، ٢٨ی ئۆکتۆبر کۆبوونەوەیەک لە زانکۆی زانستی کۆمەڵایەتیی تاران لەژێر ناوی” داوی هەژاری، لە ڕێگای گەڕان بۆ ڕێگایەکی ڕزگار بووندا” بەڕێوەچوو. بە سەرنجدان لە بەشێک لە قسەی ئەو کەسانەی کە وەک کارناسی ئەم حەوزەیە ئامادە بوون، دەرخەری بە ئاشکرای هەوڵێکی ئابووریە کە ماوەیەکە بۆتە بابەتێکی حاشاهەڵنەگر لە کۆمەڵگادا.

بە هەمان ڕادەی کە وتەی سوخەنڕانان سەبارەت بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت هەژاری مەوجود لە کۆمەڵگادا دەرخەری ڕاستییە ئاشکراکانە، بەهەمان ئەندازەش لە هەوڵی ” دۆزینەوەی ڕێگای ڕزگار بوون”دا بە لاڕێدا چوون و ڕێگای ڕزگار بوون لە ئیسلاح کردنی ڕێگاچاره‌كانی دەوڵەت و یان بێ لیاقەتی بەرپرسانی حکومەتیدا دەبینن. هاوکات ترسی خۆیان لە ” شۆڕشی هەژاران” رادەگەیەنن. ناکۆکی لە نێوان دەربڕینی واقعیەتەکانی قەیرانی ئابووری و ڕێگاچارەکاندا، یەک جێ دەبیندرێن.

یەکێک لە بەشداران دەڵێ” ئەو سیاسەتانەی کە دوای شەڕ ڕەچاو کراون، وەک سیاسەتی هاوسەنگ کردنی ئابووری و خوسوسی سازی و ئازاد کردنی نرخەکان هەژاریان بەشوێنەوە بووە”، بەڵام ئەو نایەوێ و یان ناتوانێ حاڵی بێت کە سەرجەمی ئەم سیاسەتانە و تەبەعیەتی سەرجەم دەوڵەتەکانی ڕژیم، بە هەموو باڵەکانەوە لەم سیاسەتانە، تابیعیەت لە نەزمێکی جیهانییە کە ناوی لیبڕاڵیزمە، و هەموو ئەم سیاسەتانە ئاکامی پەێڕەوی کردن لە فەرمانەکانی بانگی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پووڵە. ئەو بە دروستی ئاماژە بە بەهێز بوونی ڕێكخراوه‌کانی وەک بونیادی موستەزعەفین، بونیادی شەهید، ئاستانی قودەسی ڕەزەوی، کە لە دەوڵەتیش گەورەتر بوونەتەوە و چاودێری تەواویان بەسەرەوە نییە، دەکات بەڵام نایەوێ دانی پێدا بنێ کە سەرجەمی ئەمانە ئاکامی عەمەل کەردی نەزمی سەرمایەداریە کە بە ئیستبدادی مەزهەبیەوە گرێدراوە، و بوونی بوروکراسیەکی گەورە، ناوەندەکانی هاوتەریب و ڕاند خۆر یەکێک لە فاکتۆڕەکانییەتی. ئەو لە هەمانحاڵدا ترسی لە ” شۆڕشی” خەڵک ناشارێتەوە. لەبەر ئەوەی کە” هەرچی هەژاری زیاتر بێت کۆمەڵگا بەهەمان ئەندازە زیاتر شاهیدی شۆڕش و ئاخێزە کۆمەڵایەتیەیکان دەبێت و خەڵک هەرچی هەژار تر بن بە جێگای ئەوەی کە داخوازیەکانیان لە ڕێگای دێمۆکراتییکەوە پەیگیری بکەن، بەرەو ئاراستەی شۆڕش هەنگاو دەنێن.”

یەکێک لە بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە ڕەخنەی ئەوەی هەبوو کە ” ئێمە بەڵگەیەکی جیدیمان سەبارت بە هەژاری نییە” ئەو نایەوێ قەبوڵی بکات کە لە نێوان کەڵەکە بوونی سەروەت لە دەست ژمارەیەکدا و توشی هەژاری بوونی ژمارەیەکی تر پێوەندیەکی لۆژیکی بوونی هەیە. مەگەر دەکرێت ژمارەیەک سەروەتەکانیان بگاتە ئاستێکی نوجومی بەبێ ئەوەی کە دەستیان بەسەر سەمەرەی کاری ئینسانەکاندا گرتبێت.

سوخەنرانێکی تر کە خۆی جیگری وه‌زارەتخانەی کار، تەعاون و ڕیفاهی کۆمەڵایەتییە، خەتاباری سەرەکی” نیزامیەکان و بانکداران” لە دنیادا دەزانێ و دەڵێ ” یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکی هەژاری و نایەکسانی لە ئێراندا باسی دەسەڵاتی بەشێک نیسبەت بە باقی بەشەکانە”. ئەو دەرفەتی بۆ هێرش کردنەسەر رەقیبە ” نیزامییەکانی” دەوڵەت بە غەنیمەت زانی و بە ناو ڕێگای ڕزگار بوون لە هەژاری لە یەک دەست بوونی حاکمیەتدا دەبینێ.

سوخەنڕانێکی دیكه‌ گرفتەکە لە تەمەرکوز گەرایی زۆردا دەبینێ و دەڵێ ” ئوستانی هۆرمۆزگان لە ئوستانە پڕ داهاتەکانی وڵاتە و بەڵام دوای سیستان و بەلوچستان دووهەمین ئوستانی هەژاری وڵاتە.” کەوایە پێشنیار دەکات کە” ئەگەر بیانەوێ خەباتێکی کاریگەریان لەگەڵ هەژاریدا هەبێت، دەبێ بۆ کەم کردنەوەی نایەکسانی و دابەش کردنی سەروەتەکان بەرنامە دابنێن.

سوخەنرانێکی دیکە کە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ” کەسی هەژار فەردێک نییە کە داهاتێکی کەمی هەیە، بەڵکوو کەسێکە کە له‌ شان و شکۆی ئینسانی خۆی كراوه‌ته‌ ده‌رێ” پێشنیار دەکات کە ” بە پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەکرێت کارێکی باش ئەنجام بدەن”. هەڵبەت دەبێ لەم کارناسە بپرسین لە کۆمەڵگایەکدا کە تەنانەت هەڵسوڕاوانی ژینگە دەکوژرێن و لە کۆمەڵگایەکدا کە هەموو جۆرە داخوازیەکی وەدواخرانی حه‌قده‌ست مەحکوم بە شه‌لاق لێدرانە، چۆن دەکرێت بە کۆمەڵگای مەدەنی هیوادار بیت.

له‌ ڕاستیدا هەوڵە ئابوورییەکان و گەشەی سەرسوڕ هێنەری نرخی کالا ئەساسیەکان وەها ئاستێکی بەخۆیەوە گرتووە کە بابەتی هەژاری بۆتە یەکێک لە گرنگترین فاکتۆڕەکانی قەیرانی ئابووری نابەسامانییە کۆمەڵایەتییەکان وبە دژواری دەکرێت بوونیان ڕەد بکەیتەوە. ئێمە بە دروستی لە لێکدانەوەی ئاخێزی مانگی بەفرانباردا کە دەربڕی بە ئاشکرای لێک ترازانێکی مێژوویی لە کۆمەڵگادا بوو، وتمان کە ئەم ئاخێزە لە بەستێنی هەوڵێکی ئابووریدا لە لایەک و ناڕزایەتیی کرێکاری و جەماوری لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەدەچێت. بەڵام بە دروستی وتمان کە ئاخێزی مانگی بەفرانبار ئاخێزی برسیەکانی شار و دێهاتە. ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی ڕژیم داماوانە هەوڵیاندا کە ئەم ئاخێزە بە دەستێوەردانی دەرەکییەوە ببەستنەوە. بەڵام مەگەر دەکرێت بە خەڵکێک کە هەموو ڕۆژێک شاهیدی خاڵی بوونی سفرەکانیانن، بەخەڵکێک کە لە ئاستی ملیۆنیدا بە زاغە نشینی مەحکوم کراون و یان بەرەو پەڕاوێزی شارەکان براون، بە خەڵکێک کە شاهیدی ئاگاهی دان بۆ فرۆشتنی بەشێک لە ئەندامی جستە لە ڕۆژنامەکان و ستونی نزیک نەخۆشخانەکانن، بڵێی کە هەموو ئەمانە پیلانی بەناو دوژمنانی ئیسلامە کە گۆیا چاوی بینی عەزەمەتی ڕژیمی ئیسلامییان نییە.

بەڵام هێشتا چەند حەفتەیەک لە ئاخێزی مانگی بەفرانبار تێپەڕ نەببوو کە مۆرەکانی ڕژیم ناچار بوون دانی پێدا بنێن. ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕەشەممە بەناو نوێنەری ئەورامانات لە مەجلیسی ڕژیم وتی کە” ٨٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان” هەر ئەوکاتە جێگری ئابووری ڕووحانی بە ئاماژە کردن بە مەترسی نائارامی زیاتر لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار وتی کە” ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین و لەم ڕەوتەدا برۆینە بەرەوە دەکەوینە بەر مەترسی و ئەم ئیمکانەش بوونی هەیە کە جارێکی تر دەرفەت نەمێنێ”. کاتێک لە مانگی پوشپەڕدا جارێکی تر شەپۆلێکی نوێ لە مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری کۆمەڵگای گرتەوە، نوێنەری مەجلیسی ڕژیم ڕوو لە دەوڵەت وتی: ” خەڵکی ئێرانتان ڕۆژڕه‌ش کردووە، لە هەژاری و بێچارەییدا چی بکەن. لەگەڵ وڵاتێک کە خاوەنی یەک سەدی جەمعیەتی دنیا و ٨ لەسەدی سەرچاوەکانی دنیایە چیتان کردووە”.

ئەم وێنایە پێمان دەڵێت کە ” ڕێگای ڕزگار بوون لە داوی هەژاری” مانەوە لە چوارچێوەی نەزمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا نییە. ٤٠ ساڵ ئەزمون بۆ خەڵک به‌سه‌ کە لێیان حاڵی بێت ئەم ڕژیمە دەبێ بڕووخێت. بەڵام ئەمەش بەبێ هاتنە مەیدانی هەموو پوتانسیەلێکی ناڕازی مەوجود لە کومەڵگادا و ستراتێژی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای ئەم پوتانسیەلە ئیمکان پەزیر نییە.