دوای ئەوەیکە کۆشکی سپی ئامریکا ڕایگەیاند کە باراک ئۆباما پەسه‌ندکراوی مەجلیسی نوێنەران له‌سه‌ر درێژکردنەوەی تەحریمی ئێران بۆ دە ساڵی دیكه وێتۆ ناکات، کێشە و ناکۆکیی نێوان باڵە حکومەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لەسەر بەرجام، قووڵتر بۆته‌وە. بەشوێن درێژکرانەوەی تەحریمەکان بۆ دە ساڵی دیكه عەلی خامه‌نەیی، دەرفەتی هێنا و لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی دەریاییدا گرفتی تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکانی بە سەرچاوەگرتوو لە “پەلە و بێ مولاحیزەیی” وتوێژە هەستەییەکان زانیوه. خامه‌نەیی وتی:” کاتێک كه پەلە ده‌كه‌ین و ده‌مانهه‌وێ کارەکە زووتر تەواو بکەین و بەجێگه‌یەکی بگەیەنین، لە وردەکاریەکانی غافڵ دەبین و هه‌ندێجار غافڵبوون لە بابەتێکی چکۆلە، دەبێتە هۆی دزه‌كردن و خاڵیکی سلبی لە کارەكه. “لە ڕوانگەی وەلی فەقیهی ڕژیمی ئیسلامییەوە، ئه‌م گرفته‌ی ئێستا لە تەوافوقی هەستەییدا به هۆی ئه‌وه‌یه کە تەحریمەکان هەڵنەگیراون و درێژکرانەوەشیان بە بۆچوونی ئەو، “پێشێل‌کرانی تەعەهودەکانی پێشووە لە لایەن لایەنی بەرانبەر.”گومان له‌وه‌دا تێدا نییە کە نووكی ڕەخنەكانی خامه‌نەیی لە دەوڵەت و شەخسی ڕوحانییە. خامه‌نەیی ڕایگەیاند کە دەوڵەت لە كاتی وتووێژه هەستەییه‌كاندا، سه‌رنجی نه‌داوه‌ته “دووربینیی” و “پێشبینی”یەکانی ئه‌و له‌سه‌ر سەر ئاکامی موزاكره لەگەڵ ئامریکا و بە پەلە و بێ مولاحیزەیی، بەرجامیان بەسەردا سەپاندووە. حەسەن ڕوحانییش ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، لە کاردانەوە بەم ڕەخنانە و بەو مه‌به‌سته كه پەردە لەسەر درۆکانی ڕه‌هبه‌ر لابدات، وتی كه “هیچ هەنگاوێکم لە بەرجامدا بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ مه‌قامی مۆعه‌ززه‌می ڕه‌هبه‌ریی هەڵنەگرتووه،کۆبووینەتەوە و نامەی کەتبیی ئەو كه ده‌ستوری منیشی له‌سه‌ره، هه‌ر ئێستاش له‌به‌ر ده‌ستن.”ئەو لێدوانه‌ی ڕوحانی و جەختکردنەوەی لەسەر نامەکانی خامه‌نەیی لە ڕەوتی وتووێژەکان و تەوافوق لەسەر بەرجام، نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه ئەگەرچی خامه‌نەیی هەوڵ دەدات بەشێوەی فرسه‌ت ته‌ڵه‌بانه و ئۆپۆرتۆنیستیی بە ئامانجی ڕاکێشانی سه‌رنجی ئوسولگەرا توندڕۆ‌کان، ڕۆڵی خۆی لە تەوافوقاتی هەستەییدا کەمڕەنگ بکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا خامه‌نەیی ڕێگه‌خۆشکەری کادری ڕێبەریی سپای پاسداران بوو بۆ دەستپێکردنی وتووێژ و تەوافوقی هەستەیی. خامه‌نەیی لەحاڵێکدا تیمی دانوستانكاری دەوڵەت بە پەلەکردن لە موزاكراتی هەستەیی تۆمه‌تبار دەکات کە بە پێی به‌ڵگه‌كان، ئەو لە دەستووری ٢٩ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤‌دا بۆ ئیجرای بەرجام، ئەم وتووێژانەی بە “درێژماوه و شه‌كه‌تهێنه‌ر” وەسف کردووە و به‌و ماوەیە ناڕازیی ببوو كه بۆی له‌به‌رچاو گیرابوو.
ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە، ئه‌وه‌یه كه سەرکەوتنی دۆناڵد تڕا‌مپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا و درێژکرانەوەی تەحریمە ئابوورییە دە ساڵەكانی ئامریکا له‌دژی ئێران، لە هه‌مان كاتدا کە ئەم دەرفەتەی بۆ خامه‌نەیی ڕه‌خساندووه کە “ئامریکاهەراسیی” دەوڵەت بداتە بەر ڕەخنە، لەو لاشه‌وه دەوڵەتی ڕوحانی بۆ داهاتووی بەرجام، زۆر نیگەران کردووە. به‌هۆی ئه‌وه‌وه كه دەوڵەتی ڕوحانی بەرەوپێشبردنی سیاسه‌ته ئابوورییەکانی لەبواری ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی و گەشەی ئابووریی، بەرهەمهێنان بۆ بازاڕە جیهانییەکان و واده‌ی ڕەخساندنی هەلی کاری بەتەواویی سپاردۆته كاتی ئیجڕای بەرجام و به‌و پێیه ئیجڕای بەرجام بۆ ڕزگاربوونی نیزامی ئیسلامیی لەم قۆناغه دژوار ئاسته‌نگییانه‌ی ئێستا، بە حەیاتیی دەزانێ.
کارناسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تەنانەت بەر لە سەرکەوتنی تڕا‌مپ و درێژکرانەوەی تەحریمە دە ساڵانه‌کان، ئاگاداری ئەم ڕاستییانه بوون کە یەکێک لەو گرفتانەی کە دواتر بەرجام له‌گه‌ڵیدا به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه، ده‌خاڵەت و کاریگەریی ته‌حریمه هه‌ڵنه‌گیراوه‌كان لەسەر تەحریمە هه‌ڵگیراوه‌كانی پێوەندیدار بە تەوافوقی هەستەیین. هه‌ندێک لە تەحریمەکان لەدژی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی، ماوه‌ی زیاتر لە بیست ساڵه كه لە لایەن ئامریکا، شوڕای ئاسایش یان دەوڵەتانی ئوروپاییەوە لەپێوەند لەگەڵ په‌ره‌پێدانی تواناییە موشەکییەکان و چالاکیی تیرۆریستیی داندراون و لەباری مەوزوعییەوە پێوەندییەکیان بە مەسەلەی هەستەییەوە نییە و لەگەڵ موزاكره هەستەییەکاندا هەڵنەوەشاونەتەوە. کەواتە له‌مپه‌ره حقوقییه نێونەتەوەییەکان به‌رده‌وام یەکێک لە گرفتەکانی سەر ڕێگه‌ی بەرجامن. بەڵام ئەوەیکە ئەم کۆسپانە هه‌تا چ ڕادەیەک دەتوانن بەر بە ئیجڕای بەرجام بگرن، هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئەوەیکە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هه‌تا کوێ مل بۆ ئەو مەرجە نەنووسراوانەی ڕۆژئاوا كه‌چ ده‌كات کە لە تەوافوقی هەستەییدا جەختیان لەسەر کراوەتەوە. گوشارەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا، هەروا یەکێکن لە بەربەستە سیاسییەکانی سەرڕێگه‌ی ئیجرای بەرجام. هه‌تا کاتێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ده‌ست لە سیاسەتەکانی سه‌باره‌ت به سورییە، عێراق، یەمەن، لۆبنان و ئەفغانستان هەڵنەگرێت، کۆسپ و بەربەستە حقوقییە نێونەتەوەییەکان لە بواری دخاڵەتگەریی و کاریگەریی گەمارۆ هەڵگیراوەکان دەتوانێ ئامرازێكی گوشاری کۆماریخوازەکانی ئامریکا یاخود هاوپەیمانەکانیان بن بۆسه‌ر ڕژیمی ئیسلامی. لەم کێشمەکێشانەدا ئامریکا بەتەنیا نییە. ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی سەرماوەز بوو کە ” ترێزا مێی” سەرۆک وەزیرانی بریتانیا وێڕای بەشداریی لە ٣٧مین کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی ئەندامی شوڕای هاوکارییه‌كانی کەنداودا، باسی له ڕۆڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند کە “بریتانیا ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەم شوڕایەدا هاوکاری بکات بۆ پاشەکشەکردن بە “کرداری هێرشبه‌رانه‌ی ئێران لەسه‌ر ئاستی ناوچەکە.”
درێژەی ئەمجۆرە گوشارانە کە پێشبینیی دەکرێت لەگەڵ بەدەسەڵاتگەیشتنی کۆماریخوازەکانی ئامریکا زیاتریش بن، شەخسی خامه‌نەیی و ئوسولگەرا توندڕۆ‌کان له‌گه‌ڵ دژیه‌كیی جیددی به‌ره‌وڕوو دەکاته‌وه. خامه‌نەیی و لایەنگرانی لە باری سیاسیەوە پاراستنی هۆوییەتی “دژه ئامریکایی” و “دژه رۆژئاوایی” بە پێشمەرجی مانەوەی نیزامی ئیسلامیی دەزانن، بەڵام لە هەمانحاڵدا دەزانن کە ئەم نیازە سیاسییە لەگەڵ نیازی ئابووریی قەیرانلێدراوی ئێران‌دا ناته‌بایه کە مەترسیی لێکهەڵوەشانی له‌سه‌ره. لەڕاستیدا لە ترسی لێکهەڵوەشانی ئابووریی ئێران بوو کە باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم هاتنه‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه به وتووێژ لەگەڵ كۆمه‌ڵه‌ی ١+٥ ڕازیی بن.
دەوڵەتی ڕوحانی و ئیسلاحخوازانی حکوومەتیی نەك هه‌ر لە ڕوانگەی وه‌ڵامدانەوە بە نیازی سەرمایەداریی ئێران، بەڵکوو لە ڕوانگەی لێکهەڵوەشانی ئابووریی و بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی ئاخێزی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو، ئاسایی کردنەوەی موناسبات و پێوه‌ندییه‌كان لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئیجرای بەرجام بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی نیزامی ئیسلامیی، بە بابەتێکی حەیاتیی دەزانن. سپای پاسداران دژایەتییەکی ئوسولیی لەگەڵ بەرجام و سیاسەتی ڕێككه‌وتن و سازان لەگەڵ ئامریکا نییە، بەڵام دڵه‌خورپه و ترس و سامی ئیسلاحخوازان و ئیعتیدالگەرا حکومەتییەکان له درێژەی گوشارەکانی ئامریکا و پەلەکردن لە ئاساییکردنەوەی موناسبات لەگەڵیان، بە زیانی جێگه و پێگه‌ی کۆماری ئیسلامیی دەزانێت. ڕێبەریی سپا دەیهەوێ ئەم ڕەوتە، بەشێویەکی ته‌واو کۆنترۆڵکراو بەرەوپێش بچێت، به‌جۆرێك كه نە بەرژەوەندییە ئابوورییه‌كانی سپا و ناوەندەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی زیانیان پێ بگات و نە پێگەی کۆماری ئیسلامیش لاواز بکات. ڕێبەریی سپا بە سه‌رنجدان بە دابەزینی ڕۆڵی هێژمۆنیکیی ئامریکا لەسه‌ر ئاستی جیهان و ناوچەکە و درێژه‌ی کێشمەکێشی زلهێزە جیهانییەکان لەسەر چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرتنەبه‌ری ئەم سیاسەت و مانۆڕه سیاسییه بە عەمەلیی دەزانێ، بە بێ ئەوەیکە مانەوەی کۆماری ئیسلامیی خستبێته مەترسییەوە.
بەڵام لە دنیای واقعیدا بارودۆخی شپرزەی ئێران و هه‌راس لە مەترسیی هەڵچوونی نه‌فره‌ت و توڕەیی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگه کە به‌ده‌ست بێکاریی و هەژاریی و فەلاکەتێکی بێوێنه‌وه وەگیان هاتوون، لە مەیدانی کێشمەکێش لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا لەسەر بەرجام، فەزایەکی ئەوتۆی بۆ مانۆڕدانی سیاسیی ڕژیم نەهێشتۆتەوە.