2017-01-05 | ۱۳۹۵-۱۰-۱۶
نشریه پیشره و
نەبەرد بو هێنانهدهری شاری مووسڵ لە دهست هێزەکانی “دەوڵەتی ئیسلامی درێژەی هەیە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ بهدهست داعشهوهیه. لە هەمانحاڵدا داعش هێز و چەکوچۆڵێکی زۆری لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە دامەزراندوە. دیاردەکان دهریدهخهن کە شەڕی موسڵ بەپێچەوانەی بهراوردی خۆشبینانەی سەرەتاكان، درێژماوە دەبێت. ئاماره بڵاوکراوەكانیش باس لەوە دەکهن کە ١٠٧ هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەمشارە ڕایانكردووه. زیاتر لە میلیۆنێک کەس لەنێوان ئاگری هەردوو بهرهدا گیریان خواردووە و مەترسیی سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی لە چەشنی ئەوەیكه لە شاری حەڵەبی سووریەدا ڕوویدا، هەڕەشە لە خەڵکی ئەمشارەش دەکات. ئەگەر داعش لە خەڵکی بێدیفاع وەک قەڵغانی مرۆیی کەڵک وەردەگرێت، لە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی عێراق و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانیشدا، ڕۆژانە دەیان کەس لە خەڵکی ئاسایی دەبنە قوربانی.
هەواڵنێری ڕۆیتێرز لەم دواییانەدا لە زمان کاربەدەستانی بەڕێوەبەری ئەم جهنگهوه ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە گەلێک خاڵی جێی سهرنجی تێدایە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “کۆماری ئیسلامی ئێران، دەوڵەتی عێراقی ناچار کردووە كه بەپێچەوانەی تەرحی سەرەتا کە تەوافوقی هێزەکانی هاوپهیمانیی دژی داعشیشی لەسەربوو، ڕازی بێت بەوەیكه تەرحێکی دیكه بۆ نەبەردی موسڵ بگرێتهبهر. ئامانجه ستراتێژیكه تازهكه ئەوەیە کە بەر بە پاشەکشەی هێزەکانی داعش بۆ سووریە بگیرێت. بە پێی ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆیتێرز، ئیستراتیژی یەکەم ئەوە بوو کە موسڵ لە شێوەی “ناڵه ئەسپ” تەنها لە ٣ لاوە گەمارۆ بدرێت و مەسیری چوارەم لە ڕۆژئاوای شارەکە بۆ پاشەکشەی هێزەکانی داعش کراوە بێت. لە حاڵێکدا کە تاكه ڕێگای دەرچوون لەوشارە داخراوە، بههەزاران کەس لە چەکدارانی داعش، هیچ ڕێگایەکیان نییە بێجگە لەوەیکە ههتا دواساتەکان بجهنگن. “کاتێک دوژمنەکەت بخەیتە سووچێك و ڕێگای هەڵاتنی لێ بگری، ئەو ناچارە ههتا کۆتایی بجهنگێت”.
بەڵام لەپاڵ درێژماوەبوونی ئەم شەڕەدا، کوژرانی ههر ڕۆژەی خەڵکی بێدیفاع و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس، ئەویش لە وەرزی زستاندا، نیگەرانییەکی واقعیتریش لە ئارادایە کە ئەویش ئەوەیە دوای گیرانەوەی شارەکە، هێزە سەرکەوتووەکان لەگەڵ یەکتر و بهتایبهت لەگەڵ خەڵکدا چۆن مامهڵه دەکەن؟ میلیشیای شیعە کە پێشینەیەکی دوورودرێژی لە جەنایەت و ئینسان کووشتندا هەیە و یەکێک لە هۆکارەکانی خەڵتانی خوێن بوونی عێراقە، لایەنێکی نیگەرانیەکانە. میلیشیای عەشایەری سوننهش کە لە شەڕ لەگەڵ داعشدا بەشدارن، لەنێو خۆیاندا تووشی تەفرەقە و چەند دەستەین و لەسەر حاکمیەتی
داهاتووی موسڵ و کۆنتڕۆڵی چاڵە نەوتەکانی ئەم ناوچەیە لە ئێستاوە بۆ یەکتر خەت و نیشان دەکێشن.
عەلی عەلاق، نوێنەری مەجلیس و یەکێک لە کەسانی نزیک لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێ: “دوای گرتنهوهی شاری موسڵ دابەشکرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای نەینەوا لەنێو ڕەوتە سوننهكانی ئەمشارەدا بەڕادەیەک قووڵ دەبێتەوە کە ڕەنگە کار بگاتە شەڕی چەکداری. “ئەو لەمبارەوه بە ڕۆژنامەی ئەلحەیاتی وتووە : “ڕەنگە ئاستی ئەو تێکهەڵچوونانەی لە سەلاحەددیندا ڕوودەدەن باقی ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە، لەحاڵێکدا کە ڕقابەتی تووندی ئابووری و دارایی و سیاسی بۆ دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتیش دەبیندرێت”.
ئایا دەوڵەتی عێراق قبووڵی دەکات کە هێزەکانی هەرێمی کوردستان لەو ناوچە جێ ناكۆكیانهدا کە هێزی پێشمهرگهی ههرێم کۆنتڕۆڵی کردوون، بمێننەوە و ئەگەر قبووڵی نەکرد، چ کاردانەوەیەکی دەبێت؟ ڕاستییەکی تاڵی دیكهش لەم بوارەدا هەیە. ئهویش ئهوهیه كه دەوڵەتانی ئێران و تورکیە هەرکامەو بەرژەوەندی خۆی لە عێراقدا هەیە و بۆ پاراستنیان ئامرازهكهشیان فەراهەم کردووە. ئەوان دەتوانن هەر کات كه بیانهەوێ، ئاگری شەڕێکی فیرقەیی و مەزهەبی لە گۆشەیەکی عێراق لەوانە لە پارێزگای کەرکووک بەرپا بکەن و بەشێک لە خەڵکی ئهو ناوچهیه بهردهنه گیانی یهكتر. ئەساسەن ئەم بارودۆخە واقعییه و ئارایشی هێزە دەرگیرەکان لە بەرەکانی ئەم شەڕەدا، لەپاڵ خۆڕاگریی سەرسەختانەی داعشدا، ئەستاندنەوەی شاری موسڵی دژوارتر کردووە.
لەگەڵ ئەمانەدا هەمووان دەڵێن کە داعش تەنانەت دوای ئەوەیکە سەرزەمین و شارەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیشی لەدەست دەدات، لهبهر هۆكاری عەینی، لە عێراق ڕیشەکێش نابێت. گەلێک لە خۆیان دەپرسن داعش چۆن تاڕادەیەک بە هاسانی شار و ناوچە سوننهنشینەکانی عێراقی کۆنتڕۆڵ کرد و ئەمڕۆ بەم شێوەیە بەتوندی لەژێر ئەو هەموو گوشارە جەنگیەدا شەڕ بۆ پاراستنیان دەکات؟ سەرەڕای ئەوەیکە بەغداشی بهدهستهوه نیە، هەموو ڕۆژێک بە هاسانی گیانی دەیان کەس لە خەڵکی ئەمشارە دەستێنێ؟ چ شتێک ئازاردەرتر لەوەیه کە خەڵکی سوننهمەزهەب ناچار بن لەترسی میلیشیای شیعە پەنا بۆ داعش بەرن و لەبەغدا، شانه و ڕێكخستنهكانی داعش لە ناو شاردا، لەپاڵ خەڵکی سوننهدا درێژە بە ژیان و چالاکیەکانیان بدەن؟
وهڵام به گشت ئەم پرسیارانە گرێدراوی ئهم فاكتهرانهیه كه : ههتا کاتێک کە لە عێراقدا دەوڵەتێکی مەزهەبی لەسەر کارە، ههتا کاتێک کە دابەشبوونی دەسەڵات لەسەر بنهمای تەوافوقی ناسەقامگیری لەسەرەوە، لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیهكان و ههروهها حیزبیەکاندا بكرێت، وڵاتێک بەناوی عێراق، بەداخەوە ڕووی ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە خەڵک کە لە مەیدانی “تەحریر”ی بەغدا کۆدەبوونەوە و درووشمی ئهوهیان دهوتهوه كه: “ئێمە دەوڵەتی مەزهەبیمان ناوێ”، بوونە تروسکەی هیوایەک بۆ ڕزگاربوون لەم بارودۆخە کارەساتبارەی ئێستا. ئەگەرچی نەبوونی یەکگرتوویی و ڕێبەرییەکی وشیار، ڕێگهی بهوه نەدا کە ئەم بزووتنەوەیە بە ئامانجەکانی بگات و بەکردەوە بووه ئامرازی تەسویە حساباتی نیوخۆی ئەحزابی شیعە، بەڵام به گشت ئەمانەشهوه، ڕێگای ڕزگاربوونی پێشاندا. نە درێژەی سوڵتەی ئەحزابی شیعە، نە سوڵتەی ئەحزاب و ڕەوتە سوننهكان، نە دابەشبوونی دەسەڵات لەسەر بنهمای تەوافوقی نێوان ئەحزاب و ڕەوتەکانی مەوجود، ئهمانه هیچکامیان نەک هەر ئاسایش ناخهنه ناو ئەم وڵاتە، بەڵکوو تەنانەت ئەگەر ئارامیەکی کاتیش بێتهدی، گەرای شەڕێکی خوێناویتری دیکەی لە ناخدا شکڵ دەگرێت.