کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

داهاتووی ئێران نەک ترامپ، بەڵکوو ئەم جەماوەرە تووڕە و دڵ پڕ لە هیوایە، دیاری دەکەن

103547607 trump khamanei.jpg

گرژییەکانی نێوان حکوومەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا پەرەیانسەندووە کە ڕژێمی ئێران لە لاوازترین دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەسەر دەبات. لەم نێوەندەدا، پرسیار ئەوەیە کە ئایا نامەکەی مارسی ٢٠٢٥ی ترامپ بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و وەڵامی ناڕاستەوخۆی تاران لە ڕێگەی عومانەوە، نیشانەی هەوڵی هەردوو لایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، یان تەنها ئاگرێکی ژێر خۆڵەمێشە کە بەم زووانە بڵێسە دەستێنێت؟

ڕۆژی چوارشەممە، شەشی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٥)، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترامپ، لە ڕێگەی عومانەوە نێردراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەید عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا لە ژێر گوشاری گەمارۆکان و هەڕەشە سەربازییەکاندا ڕەتکردووەتەوە. وەڵامی ئێران بە نامەکەی ترامپ لە چوارچێوەیدانوستانی ناڕاستەوخۆدا پێناسە دەکرێت، فۆرمولێکی کە لە ڕاستیدا شتێک نییە جگە لەپاشەکشەیەکی ئابڕوومەندانەبە مەبەستی پاراستنی ڕواڵەتی خۆی لە بەرامبەر بیروڕای گشتی ناوخۆییدا. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم شێوازە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گەمارۆکان یان گۆڕینی هەڵسوکەوتی ئەمریکا، یان ئەوەی کە تەنها دەرفەتێکە بۆ کڕینی کات؟

دەقی نامەکەی ترامپ بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن عەبدولخالق عەبدوڵڵا ڕاوێژکاری پێشووی محەممەد بن زایەد، سەرۆکی ئیماراتەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەم نامەیە هەڵگری هەشت داواکاری سەرەکی بووە کە بە شێوازێکی سووکایەتی پێکردن و نادیپلۆماتیک نووسراوە، کە بریتی بوون لە: وەستاندنی بەتەواوەتی بەرنامەی ناوەکی ئێران. داخستنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی مووشەکی دوور مەودا. کۆتایی هێنان بە پشتگیری لە گرووپە بە وەکالەتەکان لە ناوچەکەدا، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق. مۆڵەتی دوو مانگ بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە. هەڵگرتنی گەمارۆکان و کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری لە ئەگەری قبوڵکردن و هەڕەشەیهێرشی سەربازی بەربڵاولە ئەگەری ڕەتکردنەوەیدا.

خاڵی جێی سەرنج بریتییە لە جیاوازی و دژبەیەکی لە ئیدیعاکانی بەرپرسانی ئێراندا. محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پارلمانی ئێران، لە وتارێکی پێش نوێژی هەینی قودسدا، ئیدیعای کرد کە لە نامەکەی ترامپدا هیچ ئاماژەیەک بە هەڵگرتنی گەمارۆکان نەکراوە. ئەم دژوازیانە نیشان دەدەن کە تەنانەت لە ئاستی باڵای حکوومەتی ئێراندا، کۆدەنگییەک سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکا بوونی نییە.

کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ و چارەهەڵنەگر بورەوڕووە، لەوانە: ئابووریەکی داڕماو، هەڵاوسانی بەردەوام، دابەزینی بەهای دراو، دابەزینی بێوێنەی ئاستی بەرهەمهێنان و بێکاری بەربڵاو و بێتوانایی لە دابینکردنی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەموو ئەمانە نیشانەی ڕەوتی ڕوو لە داڕمانی ئابوورین. هەروەها مەشرووعییەتی ئەو ڕژیمە بەتەواوەتی لەدەستچووە: ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، واتە لە بەفرانباری ٩٦ بۆ خەزەڵوەری ٩٨ و هەتا ئاخێزی ١٤٠١، بە ئاشکرا نیشان دەدەن کە پەیوەندی زۆرینەی خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی گەیشتووەتە خاڵێکی بێ گەڕانەوە. گەندەڵی سیستەماتیک: پەروەندە داراییەکانی بەرپرسانی باڵای حکوومەت و منداڵەکانیان، کە هەر ڕۆژە و بەشێکی لێ ئاشکرا دەبێت. شکستی ئەو پڕۆژەیەی کە بە مێحوەری خۆڕاگریی لە دەرەوەی سنوورەکان ناودەبرا و هەروەها کەمبوونەوەی نفووز و کاریگەری ئێران لە عێراق، سووریا، و یەمەن و هتد.

لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، قبووڵکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، نەک بژاردەیەکی ستراتیژی، بەڵکوو کاردانەوەیەکی ناچارییە بۆ ڕێگری کردن لە داڕمانی بەتەواوەتی. کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگە چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە ناچارە خۆی لەگەڵدا هاوئاراستە بکات.

بەڵام ئەمریکا بە سەرکردایەتی ترامپ، بە شوێن ئامانجەگەلێکی ئەولاتر لە مەسەلەی ناوەکی ئێرانەوەیە. ئامانجی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بریتییە لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی هەژموونی لەدەستچووی ئەو وڵاتە. بە واتایەکی دیکە، بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتی بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا دەدات لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەنگاو گەلێکی وەک ناردنی پێنج فڕۆکەی بۆمب هاوێژی ستراتیژی B-2 بۆ بنکەی دیەگۆ گارسیا و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر یەمەن (کە میدیاکانی ئێران بەپەلامار لە دژی حوسییەکاننەک هێرش بۆ سەر خەڵکی یەمەن ناوی دەبەن)، بەشێکن لەم ستراتێژیەتی نمایشی هێزە.

سەرەڕای لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا هێشتا ستراتێژێکی ڕوونی بۆ سەردەمی دوای کۆماری ئیسلامی نییە. ئەمریکا دەزانێت کە ڕووخانی لەناکاوی ئەم ڕژێمە لەوانەیە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی لە هەموو ناوچەکەدا بخاتە مەترسییەوە. لەمڕووەوە، سیاسەتی ئێستای ئەمریکا ئاواێتەیەکە لە گوشاری هەرچی زیاتر و ڕێگریکردن لە ڕووخانی بەتەواوەتی. ئەم دژوازییە، ڕێگە لەوە دەگرێت کە ترامپ بە تەواوی لە کارتی گەمارۆکان یان هەڕەشەی سەربازی کەڵک وەربگرێت.

واقیعییەت ئەوەیە کە یاری دیپلۆماسی و دانوستانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەر تایبەتمەندییەکی هەبێت، داهاتووی سیاسی ئێران نە لە نامەکانی ترامپ و وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوبراو، بەڵکوو لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگای ئێراندا دیاری دەکرێت. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ەوە تا هاتووە خێراییەکی زیاتریان بەخۆوە گرتووە، ئەمڕۆ ئیتر بوونەتە هێزێکی حاشاهەڵنەگر:

مانگرتنەکانی ناوەندی پیشەسازی نەوت و فولاد و پێترۆشیمی، مامۆستایان و خانەنشینان، نیشانەی یەکگرتووییەکی چینایەتییە لە دژی ئەم دۆخەی ئێستا. خەباتی ژنانی ئازادپۆش لەدژی حیجابی زۆرەملێ، بووەتە هێمای خۆڕاگریی لە دژی حکوومەت. ئەو گەنجانەی کە بە دروشمینا بۆ کۆماری ئیسلامیومەرگ بۆ دیکتاتۆر، خوازیاری گۆڕانکارییەکی ڕیشەیین. بنەماڵە دادخوازەکان: ئەو دایک و باوکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بوونەتە سیما و سیمبولی ناڕەزایەتییەکان. خەبات لەناو زیندانەکان لە دژی سزای لەسێدارەدان. ئەم خەباتانە تێکەڵەیەکن لە داخوازییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەرێکی کە چیتر ئامادە نین ئەو دۆخەی هەنووکە قبووڵ بکەن.

بەڵام قەیرانی ئێستای پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، تەنها یەک ڕووی دراوەکەیە. ڕووەکەی دیکە، بریتییە لەو گۆڕانکارییە قووڵە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ناخی کۆمەڵگای ئێراندا لە ئارادایە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هێشتاکەش بە پشت بەستن بە دام و دەزگای سەرکوت، درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، بەڵام چیتر ناتوانێت مەشرووعییەتی لەدەستچووی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکاش ناتوانێت بە پشت بەستن بە سیاسەتی یەکلایەنە، چارەسەرێکی بەردەوام بۆ ئەو قەیرانە بخاتەڕوو. لەم نێوەندەدا، ئەوەی کە یەکلاکەرەوە دەبێت، بریتییە لە ئیرادەی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی چەوساوە و خوازیاری ئازادی و یەکسانی، کە بەردەوام دەبن لەسەر  خەبات و تێکۆشانی خۆیان لە پێناو گۆڕانکاریدا. داهاتووی ئێران نەک ترامپ، بەڵکوو ئەم جەماوەرە تووڕە و دڵ پڕ لە هیوایە، دیاری دەکەن.