کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دانیشتنی” جی ٢٠” و به‌شی خەڵکی ئاڕژانتین

271

سێزدەهەمین کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی سەرانی ٢٠ وڵاتی بەهێزی ئابووری دنیا، ناسراو بە” جی ٢٠” ڕۆژی شەممە ١٠ی مانگی سەرماوەز، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ یەکی دیسامبر کۆتایی هات. ئەم ئیجلاسە کۆبوونەوەیەک لە ١٩ وڵات و یەکێتی ئۆرووپایە. وێڕای ئەوانە، سەرۆکی سندوقی نێونەتەوەیی دراو، سەرۆکی بانکی جیهانی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی جیهانی ئەرز و سەرۆکی بانکی ناوەندی ئۆرووپا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن. وڵاتانی بەشدار لە جی ٢٠ تەقریبەن دوو لەسەر سێی جەمعیەتی دنیا پیکدێنن و ٨٥ لەسەدی توانایی ئابووری دنیایان بە دەستەوەیە. ئامانجی ئیجلاس، ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری و ماڵی دنیایە و بە ڕواڵەت بۆ ئەوە دروست بووە کە ڕێگا چارەیەک بۆ قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بدۆزێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا، بەشدارانی ئیجلاس چ لە هەیکەلی دەوڵەتاندا و چ لە قامەتی دامەزراوەیەکی ماڵیدا، خۆیان هۆکاری ئەو قەیرانانەن. ڕقابەتەکان و بەرژەوەندیە ئابووری و ژئۆپۆلیتیکیە جیاوازەکان بەردەوام مۆری خۆیان لە کۆبوونەوەی جی ٢٠ داوە و خۆیان هۆکاری بشێوی، نا ئارامی، شەڕە نیابەتی و ناوچەییەکان، پەرەسەندنی هەژاری، لەنێو بردنی ژینگەن و ئەوجار قەرارە کە ئەوان ڕێگا چارە بۆ ئەم بێ نەزمیە جیهانیە بدۆزنەوە.

لانیکەم ئیجلاسی سەرانی ٧ وڵاتی سەنعەتی لە هاوینی ئەمساڵدا لە کانادا نیشانی دا کە ناکۆکی و بەرەنگار بوونەوەکان تەنانەت لەنێوان ئەم ٧ وڵاتەدا کە بەردی بناغەی جی ٢٠ن، قوڵتر لەوەیە کە لە بەیانییە ڕەسمییەکاندا باس دەکرێن، شکستی هەوڵەکانیان لە دوساڵی رابردوودا بۆتە هۆی ئەوەی کە هەروا ته‌وه‌ری بازه‌رگانی ئازادی جیهانی لە بەرانبەر سیاسەتی ئابووری حیمایەتی ترامپدا سێبەر بخاتە سەر ئەم ئیجلاسە.

گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وام، دابەش کردنی مادەی خۆراکی، ئاڵوگۆڕی ئیقلیمی، ژێر بینای وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا، ئاکامی شەپۆلی دواتری ئوتوماتیزاسیۆن لە بازاڕی کاردا، ئەو باسانە بوون کە دەبوو قسەیان لەسەر بکرێت. ئەگەرچی ئەم قسەوباسانە بێ گومان لە گرنگ ترین گرفتەکانی زاڵ بەسەر دنیادان، بەڵام بە کردەوە قەیرانی بازه‌رگانی ئازادی جیهانی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ڕووسییه‌ و ئۆکڕاین و بە واتایه‌كی دیكه‌ ڕووسییه‌ و ڕۆژئاوا بوونە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە. ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەیانەویست سەبارەت بە گرژیەکان لە دەریای ڕەشدا لەگەڵ پوتین قسە بکەن هەرچەند کە ترامپ بەرنامەی دیدارەکەی لەگەڵ پوتین هەڵوەشاندەوە و به‌كه‌سی تری سپارد، ئه‌ردۆغان دەیویست سەبارەت بە کوژرانی خاشقجی قسە بکات، محەممەد بێن سەلمان بە پێچەوانە خوازیاری لەبیر بردنەوەی ئەم بابەتە بوو، چین دەیویست سەبارەت بە شەڕی بازه‌رگانی مەوجود لەگەڵ ئەمریکا بدوێ و لەم نێوانەدا ئەوەی کە ون بوو هەمان بابەتی سەرەکی ئیجلاس بوو. بەیانییەی کۆتاییش هیچ شتێک نییە بێجگە لە زمانبازی هەمیشەیی و کۆمەڵێک ڕەستە کە تەنیا کارکردیان ئەوەیە کە ناکۆکییەکان پەردەپۆش بکەن، و هیچی تر. داکۆکی کارانی نەزمی دامەزراو لەسەر بازه‌رگانی ئازاد تەنانەت نەیانتوانی ڕستەیەک لە ڕەخنە له‌ ئابووری حیمایەتی ترامپ لە بەیانییەکەدا بگونجێنن. ترامپ زۆرجار ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەو” ئەمریکا یەکەم” گرنگترە لە هەموو شتێکی تر. ئەو بە ئاشکرایی ڕایگەیاندووە کە پایبەندی هیچ ڕێككه‌وتنێك و قەراردادێکی جیهانی نییە. ئەو لە ڕێككه‌وتننامه‌ی ئیقلیمی پاریس کشایەوە، ئەو لە بەرجام و قەراردادی بازه‌رگانی نەفتا چووە دەر و گرنگرتر لە هەموان ئەوەی کە ئەو هەم لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوی و هەم لەگەڵ ڕەقیبە ڕۆژهەڵاتیەکانی شەڕی بازه‌رگانی ڕاگەیاند. هەڵبەت” ئەمریکا یەکەم”ی ئەو، نە نانێکە بۆ سفرەی بە میلیۆن کرێکار و بێ بەشانی کۆمەڵگە، نە هەتوانێکە بۆ سەر زامی کوشەندەی هەڵاواردن لەدژی ڕەنگین پێستەکان و کۆچبەران و نە ڕزگار کردنی کۆمەڵگا لە ڕاسییزم و سکسیزم ی بە ئاشکرا. ” ئەمریکا یەکەم” سیاسەتێکە بۆ سەرمایەی ئەمریکایی کە ترامپ خۆی خاوه‌نی به‌شێكی ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌.

چۆن دەکرێت چاوەڕوان بیت لەگەڵ کەسێک کە مەترسی لەنێو چوونی ژینگە بە ئەفسانە دەزانێ و کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی ئەمریکا لەگەڵ مێکزیک ده‌داته‌ بەر هێرشی هێزە وەحشیەکانی سەر سنوور، سەبارەت بە گۆڕانی ئیقلیمی و یان قەیرانی کۆچبەری وتووێژ بکەیت. بەیانییە هاوبەشەکە نیشانی ئەدات کە لە گشت ئەم خاڵانەدا ناکۆکی قوڵ لەنێوان بەشداراندا بوونی هەیە. کاتێک کە تەنانەت یەکێتیی ئۆرووپا لەسەر قەیرانی کۆچبەری ناتوانێ سیاسەتێکی وەک یەک بگرێتە بەر و کاتێک کە سەدری ئەعزەمی ئاڵمان بۆ پاراستنی ئازادی عەمەلی کۆمپانیاکانی ماشێن سازی بەربەستی جیدی لەسەر ڕێگای هەموو جۆرە ڕێككه‌وتنێك داده‌نێ. جێگای سەرسوڕمان نییە کە بەیانییەکەی ئەو ئیجلاسە هەموو ئەم بابەتانە لە دوو توێی پەردەی شک و گوماندا جێبێڵێ.

هەڵبەت بۆ سەرۆک کۆماری نیئۆلیبڕاڵی ئاڕژانتینیش بابەتی سەرەکی ئەوە نەبوو کە ئەم باسانە چ پێوەندیەکیان بە ژیانی خەڵکی ئاڕژانتینەوە هەیە. ئەم سەردێڕە تابڵۆییانە بۆ شاردنەوەی ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو بوون. بۆ ئەو گرنگ ئەوە بوو کە ئاڕاژانتین کام دەوری لە دابەش کردنی کاری جیهانیدا لە ئەستۆ بێت و کام دەوری لە خزمەت بە هەناردە کردنی مادەی سەرەتایی و بەرهەمی کەشاوەرزی و ئاژەڵی ئەو وڵاتەدا بێت. بۆ ئەو گرنگ بوو کە بە بەشداران بڵێت کە ئاڕژانتین بووه‌تە یەکێک لە ناوەندەکانی کاری هەرزان. لە خۆڕا نەبوو کە یەکەم هەنگاوەکانی کەم کردنەوەی مالیاتی خاوەن زەویە گەورەکان و خاوەنانی کانەکان بوو لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە داوا کردنی وامێکی زۆر بۆ قەرەبووی ئەو بەخششانە. بەڵام کاتێک کە دەوڵەت بۆ دانەوەی ئەم وامانەی توشی موشکلات بوو لە چاو تروکانێکدا ئەرزشی پۆڵی ئاڕژانتین دابەزی و ئەو ناچار بوو کە دەستەوداوێنی سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ بێت و ڕازی بێت بە تەرح و بەرنامەکانی ڕیازەتی ئابووری. لەگەڵ قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری دەوڵەت ڕایگەیاند کە هەروا لە ساڵی داهاتووشدا سیاسەتی بێکار سازی، بەرز کردنەوەی نرخی کالاکان و کەم کردنەوەی خزمەتگوزاری دەوڵەتی پەیگیری دەکات. لە بارودۆخێکدا کە نرخی کالاکان بەردەوام بەرز دەبێتەوە حەقدەست و موزد بگیران بە ڕاستی نازانن کە لە کۆتایی مانگدا چ حەقدەستێک وەردەگرن. ئەو بابەتەی کە لە جەریانی دابەزینی ئەرزشی ڕیاڵدا لە ئێران ڕوویدا. دروست لەم بارودۆخەدا ئاڕژانتین میوانداری کۆبونەوەیەکە کە بە سەدان میلیۆن دۆلار هەزینەی بۆسەر شانی خەڵک دەبێت.

لە ساڵێک لەمه‌وبه‌ره‌وه‌ دەوڵەت خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئیجلاسە ئامادە کردبوو. ئەوان ڕۆژی هەینیان پشوی گشتی ڕاگەیاند و داوایان لە خەڵک کرد کە سێ ڕۆژی کۆتایی حەفتە لە شار بچنە دەرەوە و بچن بۆ سەفەر. دەوڵەت نەیویست وێنایەکی وەک وێنای خەباتی ساڵی ڕابردوو لە دژی” جی ٢٠” لە هامبۆرگی ئاڵمان مێدیای دنیا داگیر بکات. لەبەر ئەمە لە نیوە شەوی پێنجشەممەوە شاری بۆینێس ئایرێس بوو بە پادگانێکی نیزامی. ٣٠ هەزار پۆلیس و سەرباز دەبوو ئەمنییەتی ئیجلاسەکە دابین بکەن. نە تەنیا وەسیلەکانی گواستنەوە و گەیاندنی تایبەت، بەڵکوو تاکسیەکان، ئۆتۆبووسەکان و میترۆ ئیجازەی چوون بۆ ناوەندی شاریان نەبوو. فرۆکەخانە مەدەنییەکان بۆ ڕۆژەکانی هەینی و شەممە داخران و ئاسمانی ئاڕژانتین لە لایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵ دەکرا. بەرنامەیان لە ڕاستیدا دامەزراندنی حکومەتی نیزامی لە شاردا بوو. بەڵام جیاوازی بۆینێس ئایرێس لەگەڵ هامبۆرگ لەوە دایە کە لە یەکەمیاندا بە هاسانی ئینسان دەتوانێ ببێتە ئامانجی گوللەیەک کە نازاندرێت کێ تەقاندویەتی.

لەگەڵ بوونی ئەم حکومەت نیزامیە ڕانەگەیەندراوەدا بۆ ڕۆژەکانی پێنجشەممە و هەینی ئیئتیلافێک لەژێر ناوی” جی ٢٠، سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ ون بن” بانگەوازێکیان بۆ بەرپا کردنی ڕێپێوانێک بڵاو کردبووە. ئەو هاوپه‌یمانێتییه‌ پێکهاتبوو لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵەی هونەرمەندان، سازمانەکانی مافی مرۆڤ، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ئاوایی نشینەکانی بێ زەوی و بێکارران، یەکێتیەکانی دانیشتوانی خۆجێی و کەشاوەرزان، ئەحزابی سیاسی و سازمانە نێو نەتەوەییەکان.

ئەوان بەگشتی لەسەر ئەو بابەتە ڕێككه‌وتوون کە “جی ٢٠” هێج جۆرە سیاسەتێکی لە پیوەند لەگەڵ دیفاع لە مافە ئینسانییەکان نییە” و ئەمە هەڵبەت دەربڕینی ڕاستیەکی تاڵ و ئاشکرایە کە نیزامی سەرمایەداری حاکم بەسەر دنیادا پەیڕەوی دەکات.