کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دانپێدانانی ڕژیم بە زیادبوونی ناڕایەتییە کرێکاریی و کۆمەلایەتییەکان

لەم دواییانەدا حسێن زۆلفەقاری جێگری ئەمنییەتیی وەزیری ناوخۆی ڕژیم ئیعتیرافی کرد کە ڕژیم لەگەڵ زیادبوونی ٦٩ لەسەدی ناڕەزایەتییە کرێکاریی، کۆمەڵایەتیی و سێنفییەکان بەرەوڕوویە. جێگری ئەمنییەتیی و ئینتیزامیی وەزارەتی ناوخۆی ڕژیم هاوكات دانی به‌وه‌شدا ناوه‌ کە ڕەوتی زیادبوونی بە قەولی ئەو ” تاوانه‌كان” لە ماوه‌ی ٩ ساڵی ڕابردوودا درێژەی هەبووە و ئەم ڕه‌وتی هه‌ڵكشانه‌ دەرخەری داخوازیی خەڵکە. ناوبراو وتیشی: “سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، لە ماوه‌ی ٣ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت بەرەوڕووی قەیرانێکی وه‌ها نەبۆتەوە کە ئەمنییەتی ڕژیمی خستبێتە مەترسیی و ئەگەر بتوانین قەیرانەکە مودیرییەت بکەین، بەرەوڕووی دیاردەی قەیرانی ئەمنییەتیی نابینەوە، یاخود ‌ئه‌گه‌ر به‌ره‌وڕووشی بووینه‌وه‌،‌ بە هەزینەیەکی کەمه‌وه‌ دەتوانین پووچەڵی بکەینەوە.”
گومان له‌وه‌دا نییە کە لەماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا، ناڕەزایەتیی توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان و به‌تایبه‌ت چینی کرێکار به‌شێوه‌یه‌كی بەرچاو په‌ره‌یسه‌ندووه‌ بەچه‌شنێك کە تەنانەت کاربەدەستانی ڕژیمیش ددانی پێدا دەنێن. ڕۆژانە لە گۆشە و کەناری ئێران شایه‌تی کۆبوونەوە، دەربڕینی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکارین. لە ماوەی نزیك چوار ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا، بەهۆی چەوساندنەوەی توندی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و پێشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران لە لایەن خاوەنکاران و سەرمایەدارانی خسوسیی و دەوڵەتیی بە تایبەت سپای پاسدارانه‌وه‌، بزووتنەوەی کرێکاریی بەردەوام لە حاڵی خەبات و ناڕەزایەتیدا بووە. موعه‌لیمان وه‌كوو به‌شێك له‌ به‌ره‌ی كار، قاچێكی خه‌بات بۆ هێنانه‌دی خواسته‌كانیان بوون. قەیرانی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامیی، ژیانی باقی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان و خەڵکی هەژاریشی تووشی گیروگرفتی زۆر کردووە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەیکە ڕژیم نەك هه‌ر لەگەڵ ئێعتڕازاتی کرێکاریی، بەڵکوو ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی باقی چین و توێژەکانی دیكه‌ی ناو کۆمەڵگەش به‌ره‌وڕوو بێتەوە. هەروەک لەم ماوەیەدا شایه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی ناڕەزایەتیی بەرینی ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان، پەره‌ستاران و پزیشکان، جووتیاران و ئه‌مانه‌ بووین.
ئەگەرچی قەیرانی ئابووریی ژیانی زۆربەی هاوڵاتییانی تووشی گیروگرفتی زۆر کردووە، بەڵام ئەوە تاكه‌ قەیران نییە کە ڕژیم لەگەڵی دەستەویەخەیە. بە پێچەوانەی بۆچوونی جێگری ئەمنییەتیی و ئینتیزامیی وەزارەتی ناوخۆ، کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ قەیرانێکی هەمەلایەنەی ئابووریی، سیاسیی، حکومەتیی، فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیش بەرەوڕوویە و مۆته‌كه‌ و كابووسی ئاخیزی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش، هەموو دەسەڵاتدارانی ڕژیمی خستۆتە ترس و وەحشەتەوە. زیادبوونی ژمارەی ئێعدامەکان، گرتن و زیندانیکردنی بەرینی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، ڕۆژنامەنووسان، هەڵسووڕاوانی مەدەنیی، ژنان، خوێندکاران و هەڵسووڕاوانی بواری ژینگە، پەروەندەسازیی ئەمنییەتیی و دەرکرانی ئەحکامی قورسی زیندان و هه‌روه‌ها شه‌للاق لێدان بە بەرچاوی خەڵکەوە، هه‌مووی ئه‌مانه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ نیشانە و لێكه‌وته‌كانی هه‌بوونی قەیرانێکی ئەمنییەتیی و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ترسی سه‌رانی ڕژیمه‌ لە ئاخیزێک کە لە کەمینی سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و داڕزیوه‌كه‌یاندایه، ئاخێزێك كه‌ سه‌رتاپای ئەم ڕژیمە سەرمایەداریە ئیسلامییە بۆ هه‌میشه‌ ده‌خاته‌ ناو زبڵدانی مێژوو. 877

سەرانی ڕژیمی ئیسلامیی چۆن دەتوانن هەست بە ئەمنییەت بکەن، لە حاڵێکدا کە به‌هۆی حاکمییەت و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئەوانه‌وه‌، ئاماری میلیۆنیی بێکاران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و هەقدەستی کرێکارانی شاغڵیش چوار ئه‌وه‌نده‌ خوارتره‌ لە هێڵی هەژاریی. چۆن دەتوانن هەست بە ئەمنییەت بکەن، لە حاڵێکدا کە ئاماری مۆعتادان، کارتۆن خەوەکان و لەشفرۆشان و هاوسەرگیریی منداڵان بۆ بەڕێچونی ژیانی ڕۆژانە، ڕووی لە زیادبوونە و لە هەمانحاڵدا هەر ڕۆژە و پەروەندەیەکی نوێ لە ئیختلاس و دزییە نجوومییەکانی کاربەدەستان و بەرپرسان ئاشکرا دەبێت. ئایا پێكهاتنی ئەم هەموو ده‌رده‌سه‌رییه‌ و گرتن و زیندانیکردنی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی، ژنان، خوێندکاران و ڕۆژنامەنووسان، مافناسان، هەڵسووڕاوانی سیاسیی، فەرهەنگیی و مەدەنیی و ژینگە، هۆكار نین بۆ وەحشەتی کاربەدەستانی ڕژیم و هەست نەکردنیان بە ئەمنییەت؟

ئایا زیادكرانی ساڵانەی بوودجەی نیزامیی و ئەمنییەتیی ڕژیم، نیشانەی ئەوە نییە کە سەرانی ڕژیم هەست بە ئەمنییەت ناکەن؟ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی له‌جیاتی تەرخانکردنی بوودجە بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەڕێچوونی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خستنه‌وه‌گه‌ڕی چەرخی ئابووریی په‌ككه‌وته‌، چارەسەرکردنی گرفتی بێکاریی و ئەو موشکلاتە کۆمەڵایەتییە زۆره‌یکە بۆ خەڵکی درووست کردووە، تەنها بوودجەی هێزە نیزامیی و ئەمنییەتییە سەرکوتگەرەکان و ناوەندەکانی هه‌ڵخەڵەتاندنی مەزهەبیی زیاد کردووە. لە بوودجەی ساڵی ٩٦دا بوودجەی ناوەندە نیزامییەکان سەد و بیست هەزار میلیارد تمەن، هێزە ئینتیزامییەکان ٢٣٤ میلیار تمەن، هێزە ئەمنییەتیی و ئیتلاعاتییەکان ٥٦٨ میلیارد تمەن و بوودجەی ناوەندە مەزهەبییەکانیش، شەش هەزار و ٣٩٠ میلیۆن تمەن زیاتر كراوه‌.

ئایا ڕژیمێک کە خەڵکی ئێرانیی لە گشت ئازادیی و چالاکییە سیاسیی، سێنفیی و کۆمەڵایەتیی و مەدەنییەکان بێبەش کردووە، دەتوانێ هەست بە ئەمنییەت بکات. هەموو باڵەکانی ڕژیم لەم بارودۆخه‌ قەیراناوییه‌دا، نیگه‌رانی ڕژیم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یانن. ئەساس و بنەمای بەشێک لە ناکۆکییەکانیشیان، له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا، له‌سه‌ر ئێستراتێژیی جیاواز بۆ ڕاگرتنی ڕژیم و هه‌روه‌ها ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو مەترسییانەیه‌ کە هەڕەشە لە حاکمییەته‌كه‌یان دەکات. ئەم ڕژیمە بێجگەلە ئامزاری سەرکوت و چاوترسێن كردن نه‌بێ، چ دیارییەکی دیکەی بۆ خەڵک هەبووە، هه‌تا له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌، ببێته‌ خاوه‌نی پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی؟

هه‌تا کاتێکیش کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماریی ئیسلامیی ده‌ستی له‌ ده‌سه‌ڵات كورت نه‌كرێته‌وه‌، نابێ چاوەڕوانی باشتربوونی بارودۆخی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بین. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی به‌ئیستلاح چەقۆی گەیاندۆتە سەر ئێسقان. خۆشباوه‌ڕیی ئیسلاحی ڕژیمیش كه‌ لە لایەن ئیسلاحخوازانی حکومەتیی و لیبڕاڵەکانەوە ته‌بلیغی بۆ ده‌كرێت، بێجگه‌له‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ڕژیم و ئیختناق و ئه‌م فه‌قر و فه‌لاكه‌ته‌ی كه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پێندراوه‌، هیچی دیكه‌ی لێ شین نابێت. ڕزگاربوون لەو ژیانه‌ فەلاکەتباره‌ی کە ئەم ڕژیمە بۆ جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی درووست کردووە، تەنها لە گرەوی خەباتێکی شێلگیرانە، یەکگرتوانە و ڕێكخراو و سازماندراوی چینی کرێکاردایە. پێشڕەوان و هەڵسووڕاوانی کرێکاریش، له‌ڕێگه‌ی پەرەدان بە بزووتنەوەی موتالباتیی کرێکاران، ژنانی زۆرلێکراو و خەڵکی ئازارچێشتوو لە دەوری داخوازییە هەنوکەییەکان، ده‌خاڵەت و ڕۆڵی چالاکانە لە خەباتێک كه‌ لە ئارادایە و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی هەوڵدان بۆ بە لێكگرێدان و سەرتاسەریکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانەیه‌ كه‌ دەتوانێ پاشەکشە بە ئیختیناقی زاڵ بەسەر کۆمەڵگه‌دا بکات. هەوڵدان بۆ درووستکردنی یەکێتیی و هاوپشتیی لە نێوان بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەتوانێ كاریگه‌ریی هه‌بێت لەسه‌ر گۆڕانكاریی فەزای سیاسیی ناو کۆمەڵگە و زەمینە و بواری پێکهاتنی تەشەکۆلی کرێکاریی و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازاردیتوو فەراهەم بکات. کرێکاران له‌ڕێگه‌ی ڕێكخستن و تەشەکولیابیی چینایەتیی و سیاسیی خۆیانه‌وه‌یه‌ كه‌ دەتوانن مۆركی خۆیان لە گۆڕانكارییه‌ شۆڕشگێڕانەکانی ناو کۆمەڵگا، دابنێن. خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، لەڕێگای بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاریی و هه‌روه‌ها ڕیکخستنی نیزام و ده‌سه‌ڵاتێكی سۆسیالیستیی، واتە کۆمەڵگه‌یه‌کی ئازاد و ئاسووده‌ی‌ بەدوور لە ستەم، تاكه‌ ڕێگه‌یه‌كی واقعبینانەیە، بۆ ڕزگاربوون له‌و ژیانه‌ پڕ لە مه‌ینه‌ته‌ی کە نیزامی سەرمایەداریی لە ئێران بۆ خەڵکی پێكهێناوه‌.