کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

ڕۆژی شەممە ٢٥ و یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، ناوەندی سەرەکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هاوکات ئاگری دوو شەڕی هەڵگیرساند. شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و شەڕ لەگەڵ خوازیارانی پۆشینی جلوبەرگی دڵخواز و لایەنگرەکانیان. لەم نێوەندەدا شەڕی دووەم گرنگترە بۆی و مانەوەی بەندە بە سەرکەوتن تیایدا. خامەنەیی ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە، سەرلەنوێ لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا حیجابی ناچاریی بەحوکمێکی بێ ئەملاو و ئەولای شەرعیناوبرد و جارێکی دیکە ئاتەش بەئیختیارە بەکرێگیراوەکانی هان دا بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان لەپێناوفەرمان بە چاکە کردندا جێبەجێ بکەن. ناوبراو هەروەها وتی، تەنانەت ئەو ژنانەش کە باوەڕیان بە شەرع نییە، دەبێت حیجابی ئیجباری ڕەچاو بکەن، چونکە پرسێکی یاساییە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پڕۆژە یاسایعیفاف و حیجابلە مەجلیسی ڕژیمی بێ سای ئیسلامیدا، هێشتا مشتومڕی لەسەرە و پەسەند نەکراوە. ئەوەندەی پەیوەندی بە بۆچوونی خەڵکەوە هەیە، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکیتۆڕی شەرقکە سەر بە ڕۆژنامەی شەرقە، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢دا، ٨٤ لە سەدەی خەڵک دژی ناچارکردنی ژنان بە پۆشینی حیجابی ئیجباری بوون. بە پەیڕەوی لە فەرمانەکەی خامنەیی، بەکرێگیراوانی ٣٠ ئۆرگانی بەرپرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەیعیفاف و حیجابکەوتنە خۆ. لەم نێوەندەدا هێزە ئینتیزامییەکان وەک باڵی جێبەجێکار و ئامرازی سەرکوتی دەستی دەسەڵاتی دادوەری و کابینەی ڕەئیسی، وەحشیانەتر هاتنە مەیدان. ئەوان پلانێکی کردەیییان بە ناویتەرحی نوورخستۆتەڕوو و بەگوێرەی ئەو پلانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، لە شارە جۆراوجۆرەکان ڕاگەیاندنی توندیان بڵاوکردەوە کە لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەوە، سەرجەم پلان و ڕێکارە شکستخواردووەکانی پێشوویان کە پەیوەندییان بە حیجابی ئیجبارییەوە هەیە، توندتر دەکەنەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لەو ڕۆژەدا هێزەکانی گەشتی ئیرشاد، گروپە چالاکەکانی بەسیج، لیباس شەخسییەکان، لات و چەقۆکێشە بەکرێگیراوەکان و مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب، بەڕادەیەکی زۆر لە شەقامی شارە گەورەکان و لەوانە شاری تاراندا دەرکەوتن. ڕاپۆرتەکانی ناوچەی جوگرافیای میلیتاریزەکراوی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە جگە لە گەشتی ئیرشاد، هێزە تایبەتییەکانیش لە ئاستێکی بەربڵاودا ئامادەبوون. هەڵسوکەوتی توندوتیژتر لەگەڵ خوێندکارە کچەکان و لایەنگرانیان، هەم لە گرتنەبەری ڕێوشوێن و هەم لە کردەوەی توندوتیژی هێزە سەرکوتکەرەکانیاندا بە ڕوونی پەرەی سەندووە. ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانیش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام لە بەرامبەر ئەو یاسا و رێسایانەدا لەسەر نافرمانی و سەرپێچیکردن بەردەوامن.

دوای هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ١ی ئاوریل بەرامبەر بە سێزدەی خاکەلێوە بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، خامنەیی و بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەت و هێزە سەربازییەکان دەستیانکرد بە دروشم و هەڕەشە و گوڕەشە. خامنەیی وتی کە کارێک دەکەن ئیسرائیل پەشیمان ببێتەوە. ناوبراو وتی ئیسرائیل دەبێ تەمبێ بکرێت. بەڵام هاوکات هێرشکردنە سەر ژنانی ئازادیخوازیشی لەبیر نەکرد. چونکە لەم سەنگەرەدایە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و دۆڕاندوویەتی. ژنانی وشیار و خەباتکار، بەرجەستەکردنەوەی مەسەلەی حیجابی ئیجبارییان لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا، گەڕاندەوە بۆ بێتوانایی ڕیژیم لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیران و گرفتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتییەکان و هەروەها بێ توانایی لە ئاست وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەڵک. ڕاپۆرتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەریدەخەن کە ژنانی ئازادیخواز و خەباتکار و لایەنگرەکانیان، لەبەرامبەر هێرشی مەئموورانی سەرکوتگەردا بوێرانە خۆڕاگریی دەکەن. لە مەیدانی تەجریش چەندین شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان ژنان و مەئموورانی گەشتی ئیرشاد ڕوویدا. گەشتی ئیرشاد هەوڵیدا لەو مەیدانە بە توندوتیژی و لێدان و ئەزیەت و ئازار  دەیان کەس لەو ژنانەی کە جلوبەرگی دڵخوازیان لەبەردابوو و هەروەها پیاوانی پشتیوانیان دەستگیر بکەن، بەڵام لەگەڵ ناڕەزایەتی توند بەرەوڕوو بوونەوە. بەکارهێنەرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە دیمەنی وەحشیانەی دەستگیرکردنی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ حیجابی ئیجباری و خۆڕاگریی بەرامبەر بە بەکرێگیراوان لە شەقامی وەلیعەسر، نووسیویەتی، کاتی ئەو ڕووداوەزیاتر لە ٢٠ کەس بە وتنەوەی بێشەرەف، بێشەرەف، نەفرەتی خۆیان لەدژی بەکرێگیراوان دەربڕی!” بە وتەی پەیامنێرێک، چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی پڕۆژەینوورنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی قوتابخانەیەکی ئامادەیی کچان لە تاران دوای مەرەخەس بوونیان، بەبێ حیجابی ئیجباری و بەبێ گرنگیدان بە مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، هاتنە شەقام و بەکرێگیراوان نەیانوێرا ڕووبەڕوویان ببنەوە. بە وتەی هاووڵاتییەک، بەشێک لە هێزەکانی پۆلیس کە لە شەقامەکاندا ئامادە بوون، لەبەر ئەوەی نەیاندەویست هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ ئەو ژنانە بکەن کە حیجابی ئیجباری ڕەچاو ناکەن و یان دەستگیریان بکەن، یەک یان دوو ئەندامی سپای پاسدارانیان لە پەنا دەستیاندا دانابوو.

واقعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە سەپاندنی حیجابی ئیجباری کردۆتە بنەمای سەرەکی مانەوەی خۆی، مانەوەیەکی کە بەتەواوی لە مەترسیدایە. ئاخووندە دەسەڵاتدار و بەرپرسە نیزامییەکانی ڕژیم جگە لە لایەنی ئایدیۆلۆژیی، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە لە شۆڕشی ژینادا گەیشتە لوتکە. بە پێویستی دەزانن بە هەر نرخێک بێت، خەبات و نافەرمانی ژنان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بکەنەوە. چونکە بزووتنەوەی ژنان بە بەشی خۆی کەشوهەوای خەباتکارانەی لە کۆمەڵگادا زیندوو ڕاگرتووە و ئیلهامبەخش بووە بۆ خەباتی دادخوازان. پێویستە ئەو ڕاستییەیە لەبەرچاو بگیرێت کە لەم ڕۆژانەدا بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز و لایەنگرانی جلوبەرگی دڵخواز، بووەتە سەنگەری سەرەکی خەباتی نێوان ڕژیم و ئازادیخوازان. لەمڕووەوە ئەرکی سەرشانی سەرجەم ڕێبەران و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئازادیخوازەکان ئەوەیە کە پشتیوانی خۆیان لە بزووتنەوەی ژنان و هەر تاکێکی هەڵسوڕاو و تێکۆشەری ئەو بوارە هەرچی زیاتر پەرە پێبدەن و ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوتر ببینن لە شکست پێهێنانی سەرلەنوێی ڕژیم لەم بوارەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-