کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دادگای جەنایەتی تورکییە لەدژی خەڵکی کورد لە پاریس

لە رۆژرکانی پێنجشەممە و هەینی ١٥ و ١٦ مانگی مارس، بەرابەر لەگەڵ ٢٤ و ٢٥ ی مانگی ڕەشەمە، چل و شەشەمین ئیجلاسی” تریبونالی نێو نەتەوەیی خەڵکی” بۆ هەڵسەنگاندنی جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە دژی خەڵکی کورد لە پاریس بەڕێوەچوو. ئیدیعانامەیەکی سەد لاپەڕەیی ئامادەکراو لە لایەن ٧ قازی دادگاوە، دەوڵەتی تورکیە، شەخسی ئەردۆغان و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەڕتەش و کاربەدەستانی باڵای سازمانی ئەمنیەتی مەبەست بوو.

ئیدیعانامەکە لیستی جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لەوانە تیرۆر کردنی ٣ ژنی ئەندامی “پ ک ک”، ” سەکینە جانسیز( سارا)”، ” فیدان دوغان ( رژبین)”، ” لەیلا شایلەمز ( روناهی)” لە ساڵی ٢٠١٢ لە پاریس لە لایەن مەئمورێکی ئەمنیەتیی تورکیەوە، ڕفاندنی عەبدواللە ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ لە وڵاتی کینیا دەکرێت باس بکرێن. ئیدیعانامەکە هاوکات کۆمەڵێک تاوانی لەدژی جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە شارە کورد نشینەکانی ” جزیرە”، ” نسیبین”، ” سیماک” و شارۆچکەی ” سور” لە ” دیاربەکر” و لە کۆتاییدا کوشتنی سیاسەتوانان و رۆژنامە نووسانی کوردی تاوتوێ کردبوو. تریبونالەکە داوای لە کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیە کردبوو بۆ دیفاع کردن لە خۆیان لە دادگا ئامادە بن. بەڵام دیار بوو کە ئەوان وڵامی ئەم داواکارییە نادەنەوە.

ئاغای ” جان فرمون”، دەبیری گشتی ” ئەنجومەنی نێو نەتەوەیی و وەکیلە دیموکراتەکان” لە سوخەنڕانیی کردنەوەی دادگادا وتی ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ” لە تورکیە خەباتێکی چەکداری و نیزامی لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و خەڵکی کورد دا لە ئارادایە و نەک بەو جۆرەی کە دەوڵەتی تورکیە ئیدیعا داکات کە گۆیا خەبات لەدژی تیرۆریزمە”. دادگا سەرەتا بە قسەی شاهیدەکان سەبارەت بە سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی دەوڵەتی تورکییە لە حەوزەکانی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و مافەکانی ژنان لە کاتی دامەزرانی کۆماری تورکیەوە تا ئیستا، گوێدا و ئەوجار چووە سەر سەرنجدان بە ئەنجام درانی ئەو جەنایەتانەی لە لایەن دەوڵەتی ئیستای تورکیەوە لە شارە جۆراو جۆرەکانی کوردستان ئەنجام دراون. خانمی ” لەیلا ئیمرت” شارەداری لادراوی شاری ” جزیرە” و ” فەیسەڵ ساری یەلدز” نوینەری پارلامان لە حیزبی دیموکراتی گەلان و رۆژنامە نووس، بەڵگە و وێنەی لە سوتانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خەڵکی شارۆچکەی “سوری” دیاربەکر کە لە جەریانی بۆمبارانی ئەڕتەشی تورکیەدا پەنایان بردبووە ژێرزەویەک و لە لایەن ئەڕتەشی تورکیەوە ئاگر درابوون، خسته‌ به‌ردەست دادگا.

لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا ئەڕتەشی تورکیە بە فەرمانی ئەردوغان سیاسەتی بەناو ” پاک سازی” شارە کورد نشینەکانی گرتە بەر. لە عەمەلیاتێکی بەریندا هەزاران کەس لە هێزەکانی تایبەتی ئەڕتەش، پۆلیس و ژاندارمری تەقریبەن هێرشیان کردە سەر هەموو شارەکانی کوردستان و دەستیان کرد بە گرتنی ئەو لاوانەی کە “یەکینەکانی پاراستنی گەرەکانیان” ڕێکخستبوو. لە جەریانی ئەم هێرشە وەحشیانەیەدا چەند شاری کورد نشین وێران کران. ئەوەی کە لەم شارانەدا رویدا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ مەیدانی شەڕی سوریەدا نەبوو. ئامارێکی ئەوتۆ لەوەی کە چەند کەس لەم هێرشانەدا کوژراون، بوونی نییە. سازمانی ملەل لە مانگی مارسی ٢٠١٧ دا ڕایگەیاند کە لە مانگی ژوئیەی ٢٠١٥ وە تا دیسامبری ٢٠١٦ واتە لە مەودای نیوان ١٨ مانگدا نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵیان بەجێبێڵن و نزیک بە دوو هەزار کەسیش کوژراون. ئەوەی کە بەشێوەی واقعی چەند هەزار کەس بوونەتە قوربانی ئەم جەنایەتە جەنگیە و بە ڕیوایەتی ئۆردوغان ” پاک سازی” کراون قەت ئاشکرا نەکرا. کەسوکاری ئەو کوژراوانە چەندین مانگ لە ناوەندی شاری دیاربەکردا بەو تابلۆیانەوە کە ناوی لاوەکانیانی بەسەرەوە نووسرابوو، بە هیوای دۆزینەوەی پەیکەری ئازیزەکانیان گەلێک پۆستی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد.

دادگا رۆژی دووهەمی بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیە لەوانە ڕفاندنی ئۆجالان تەرخان کرد. لەم دانیشتنەدا یەکەم وەکیلی ئۆجالان بە شێوەیەکی ورد لیستی تیرۆرەکانی دەوڵەتی تورکیەی لەدژی کەسانی ئوپوزسیۆن باس کرد.

ئیدە و بیرۆکەی بەڕێوەبردنی تریبونال لەدژی جەنایەتە جەنگییەکان و پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە بە ئیبتیکاری چوار ڕێکخراو ” ئەنجومەنی نێونەتەوەیی وەکیلانی دیموکرات”. ” ئەنجومەنی وەکیلانی ئوروپایی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ”، ” ئەنجومەنی بۆ دیموکراسی و مافە نێونەتەوەییەکان”، “سازمانی وەکیلانی کورد لە ئاڵمان و ئەنستیتوی کورد لە بلژیک” تەرح کرابوو. ” تریبونالی نێونەتەوەیی خەڵکی” کۆمەڵێک کرداری هاوشێوەی” تریبونالی راسل” لە پێوەند لەگەڵ جەنایەتەکانی ئەمریکا لە وێتنام لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٦- ١٩٦٧ و هەروەها دادگایی کردنی دیکتاتۆڕە نیزامیەکان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٣- ١٩٧٦، لە شاری بولونیای ئیتالیایە. ئەندامانی تریبونال لە کۆمەڵێک کەسایەتی ناسراوی نێونەتەوەیی، تۆڕێک لە پسپۆڕان لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا لە وڵاتانی ئوروپایی، ئەمریکای لاتین، ئاسیا و ئافریقایی پێکدێت. تریبونالی هەڵسەنگاندنی جەنایەتە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیە قەرارە لە دوو مانگی داهاتودا حوکمی خۆی سادر بکات و دواتر بیخاتە بەردەست نوێنەرانی پاڕلمانی ئوروپا بۆ بڕیاردان لەسەری. ناکرێ هیوادار بوو بەوەی کە ئەم نوێنەرانە بڕیارێکی تایبەت بدەن. مەگەر ئەوە نییە کە نزیک بە دوو مانگە ئەڕتەشی داگیرکەری تورکیە لەگەڵ گوروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان شەڕێکی خوێناویان لەدژی خەڵکی عەفرین دەست پێکردوە و ئەم نوێنەرانە و دەوڵەتەکانیان چاویان لە حاند ئەم جەنایەتە جەنگیانە و پاک سازی عەفرین بەستوە. بێشەرمانەتر ئەوەی کە یەکێتی ئوروپا ڕاست لە بارودۆخێکدا کە ئەڕتەشی تورکیە لە ئاسمان و زەویەوە عەفرین بۆمباران دەکات کە ئاوارە بوونی بە دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە یەکێک لە ئاسەوارەکانیەتی، رۆژی چوار شەممە پەسندی کرد کە ٣ میلیارد یۆرۆ بۆ بەرەو پێش بردنی سەودایەکی قێزەون کە خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە سەبارەت بە پەنابەران کردویانە بخەنە ئیختیار دەوڵەتی ئەردوغانەوە. هەڵبەت یەکێتی ئوروپا دەڵێت کە تەرخان کردنی ئەم بودجەیە هەنگاوێکی ئینسانیە بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی لە توریکیەن و هەڵبەت کێ هیە نەزانی بەشی هەرە زۆری پەنابەران لە پەراویزی شارە گەورەکان و لە زاغەکاندا لە خراپترین بارودۆخدا دەژین و وەک کرێکارانی هەرزان لە کارگا و کارخانەکانی نەساجی و کۆمپانیا گەورە ئەروپایی و ئەمریکاییەکاندا وەک کۆیلە بەکار دەهێندرێن. دەوڵەتی تورکیە خۆی پایەکی ئەو جەنایەتانەیە کە لە سوریە لە ئارادان و بوونەتە هۆی ئاوارە بوونی خەڵکێک کە ئێستا ئەردوغان بە گرەوگانی گرتون و باجیان پێوەردەگرێت. هەمان نەخشەیەک کە ئیستا لە عەفرین دەیباتە پێشێ.

هەر ئێستا نزیک بە ٨٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی شاری عەفرین لە ئاوی خواردنەوە بیبەشن. دەڵەتی تورکیە بۆ توشی شکست کردنی خۆراگری قارەمانەی یەکینەکانی پاراستنی گەل و خەڵکێک کە چەکیان هەڵگرتوە و پاریزگاری لە بوونی خۆیان دەکەن، تاکتیکی قەلاچۆ کردنی خەڵکی دانیشتوی ئەو شارەی لە ڕێگای گەمارۆ و داگیر کردنی شارەکەی گرتە پێش. بەم جۆرە کردارە جەنایەتکارانەیە بوو کە دوێنێ دەستی بەسەرچەند بەشێک لە شاری عەفریندا گرت. ئەم تراژیدیە بەبەر چاوی هەموو ئەوانەوە بەڕێوەدەچێت کە ئێستا ٣ میلیارد یۆرۆ دەخەنە ئیختیار دەوڵەتی تورکیەوە.

پێکهاتنی تریبونالێک بۆ دادگایی کردنی دەوڵەتی تورکیە ئەگەرچی هەنگاوێکی سیبولیکە و زەمانەتی ئیجرایی نییە، بەڵام لە درێژەی هەوڵەکاندا بۆ دروست کردنی بزوتنەوەیەکی هاوپشتی جیهانی لەدژی جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە کوردستان خاوەنی گرنگیەکی زۆرە. لەبیرمانە کە هاوپشتی و خەباتی بەشەریەتی پێشکەوتن خواز روکنێکی ئەساسی بوو لە شکست پێهێنانی شەڕی داگیرکارانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لەدژی خەڵکی وێتنام. بەملیۆن ئینسان لە سەرتاسەری دنیادا بە گەڕانەوە بۆ ئەم ئەزمونە سەرکەوتوە مێژووییە بێ گومان دەتوانن سەهمێکی بە نرخیان لە دیفاع لە عەفرین، لە دیفاع لە ژنانی بوێری یەکینەکانی پاراستنی گەل و لە دیفاع بەدیلێکی ئینسانی و پێشکەوتن خوازانە لە ناوچەکە و دنیایەکدا هەبێت کە شەڕە نیابەتیەکان، قەومی و مەزهەبیەکان گەلێک پەیامی مەرگ و نابوودیان بۆ بە ملیۆن کەس لە خەڵک بە دیاری هێناوە .

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-