کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دادخوازان ڕێوشوێن و تاکتیکی سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمیان پووچەڵکردووەتەوە.

سخن روز

سێ ڕۆژی ماوە بۆ ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا، ڕژیم ڕێوشوێنەکانی سەرکوتگەرانەی خۆی بەمەبەستی پێشگرتن لە هەرچەشنە چالاکییەکی وەک مانگرتنی گشتی و کۆبوونەوەی دادخوازان و خەڵکی ناڕازی لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، بە بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەپێداوە. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە سەرتاسەری ئێران هەڕەشەکردن لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، دەستبەسەرکردنی بەشێکیان، دانانی کامێرای چاودێری لە هەموو شارەکان و لەو شوێنانەی کە پۆلیس پێیوایە دەبنە شوێنی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و هەروەها ڕەوانەکردنی بە ئاشکرای هێزێکی زۆر و پڕچەک بۆ کوردستان و مانۆڕی ئەو هێزانە لە ناو شارەکان و دانانی خاڵی پشکنین لەسەر ڕێگای چوونەژوورەوەی هەندێک لە ئارامستان و شارەکان، بەشێکن لەو ڕێکارانە. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە تا ڕۆژی ٢١ی خەرمانان بڵاو بوونەتەوە، ٧٠ کەس لە بنەماڵە داغدارەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لەلایەن سەرکوتگەرانەوە دەستبەسەر کراون و باقی ئەندامانی ئەو بنەماڵانە و لەسەرووی هەموویانەوە بنەماڵەی ژینا، کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و زەخت و زۆر لێپرسینەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان هەموو ڕۆژێک بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە ئەمجەد ئەمینی باوکی ژیناوە کردووە و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێکردووە. ئەمجەد و هاوسەرەکەی، واتە موژگان ئیفتیخاری  ڕایانگەیاندبوو کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان لەسەر گڵکۆی کچەکەیان ئامادە دەبن و لەگەڵ دۆستان و ناڕازیانی خەباتکار بەشێوەیەکی هێمنانە وەککچی ئێرانیادی بەرزڕادەگرن. سەرکوتگەران لە ڕێگەی هەڕەشەی بەردەوام و ڕاستەوخۆ، دەستگیرکردنی خاڵی ژینا و هەروەها دادگاییکردنی پارێزەری بنەماڵەکەی، زۆرترین گوشاریان خستووەتە سەریان بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن بانگهێشتنامەکەیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام تا ئێستا تیرەکانیان لەبەرد کەوتووە.

لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٣٠ بنەماڵە بە ژمارەی دادخوازانی پێشووی دژ بە کۆماری ئیسلامی زیاد بووە و هەر بەو ڕادەیەش گوشارەکانی حکوومەت بۆسەر ئەو بنەماڵانە بەردەوام بووە و لەم ڕۆژانەدا بەچەند قات زیاتربووە. بەڵام ڕژیم لەگەڵ خۆڕاگریی سەربەرزانەی ئەو بنەماڵانە بەرەڕوو بووەتەوە. کاربەدەستانی دام و دەزگا سەرکوتگەرەکان کاتێک لەگەڵ خۆڕاگریی ئیلهامبەخشی لەو شێوەیە بەرەڕوو بوونەتەوە، پەنایان بردووەتە بەر شکاندن و شێواندنی بەردی سەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی“. مێهرداد ئاغا فەزلی، باوکی یەڵدا ئاغا فەزلی، خۆپیشاندەرێکی تەمەن ١٩ ساڵ کە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ دەستبەسەر و چەند ڕۆژێک دوای ئازادکردنی، بەهۆی ئەو ئازار و ئەشکەنجەی کە لە دژیان بەکارهێنابوو گیانی لەدەستدا، لەم پێوەندییەدا وتی: “هەرچەندە دەتەوێت بیشکێنە و لەناوی ببە، دڵنیابە بەم کارەت ناوی کچەم گەورەتر دەکەیت، هەزار جار بیشکێنی و لەناوی ببەی، سەرلەنوێ چاکی دەکەمەوە.” خۆڕاگریی لە بەرامبەر گوشارەکان و کردەوەی نامرۆڤانە لەدژی ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بەشێکە لەو خۆڕاگرییە درەوشاوەی کە لە لایەن خەباتکارانی قارەمانی ناو زیندانەکانەوە بگرە تا شار و گوندەکانی ئێران شاهیدی بووین. هەر لەم پێوەندییەدا چوار ڕێکخراوی کرێکاریی و خانەنشینی لە سەروبەندی ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینادا، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویانە: “لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١دا، کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران داستانێکی قارەمانانەی گەورەیان تۆمار کرد. ئێمە یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزانە بەرز ڕادەگرین. یادی ئازیزی ئەو کوڕ و کچ و ژن و پیاوانەی کە بەردەوام لە پێناو ماف و داخوازییە سەرکوتکراوەکانیاندا لە دژی ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداریی و سەرەڕۆیی دینیی، خەباتیان کردووە و هەروەها یاد و بیرەوەرییەکانی مەهسا (ژینا ئەمینی) و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان،ئازادی، لەبیر ناکەین.”

لاوان و کۆمیتە شۆڕشگێڕەکانیش ڕۆژی ١١ی سێپتامبر بەرامبەر لەگەڵ ٢٠ی خەرمانان، بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا بڵاوکردەوە و لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا نووسیویانە: “دەبێ ئەوە بزانین کە لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، شۆڕش تازە دەست پێدەکات“. بۆ ئێمە شۆڕش هەرگیز کۆتایی پێنایەت و تا ئەو کاتەی کە کرێکاران و ژنان و نەتەوە ستەم لێکراوەکان لەبەرامبەر سەرمایەداریی، پیاوسالاریی و ناوەندگەراییدا چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە نەگرن، شۆڕش هەروا بەردەوامە“. شۆڕشگێڕان و ناڕازییانی خەباتکار، لەوانە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان کە لەبەرامبەر گوشار و پەلامارەکانی بەرپرسانی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی و بەرێگیراوەکانیاندا قارەمانانە خۆڕاگرییان کردووە، لە ڕێگەی بەردەوامبوونی خەباتەوە، ئاستی چاوەڕوانییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینای  بەرزکردۆتەوە و ڕێوشوێن و تاکتیکە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمیان پووچەڵکردووەتەوە.

خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرماناندا بە مانگرتنی گشتی و کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، وێنەیەکی درەوشاوە لە بەردەوامبوونی ئەم شۆڕشە بە هەموو لایەک نیشان دەدەن.