کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دادخوازان لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕژیم لە مانگی موحەرەمدا

118605088 32b661ba 3633 4a8f a118 ecf5ba94b0c1

ژمارەیەک لە بنەماڵەی دادخوازان لەگەڵ هاتنی ڕۆژەکانی عەزاداری موحەڕەم، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕایانگەیاند کە لەم کاتەدا جل و بەرگی سپی لەبەر دەکەن، لەبەر ئەوەی کە خۆیان بە تازیەباری منداڵەشەهیدەکانیان دەزانن.

لە ویدۆیەکدا کە لە ئامول بڵاو بۆتەوە، ئەندامانی گوروپی مۆزیکی یەکێک لە هەیئەتەکانی عەزاداری بە لیباسی سپیەوە لەسەر گڵکۆی غەزالەچەلابی، یەکێک لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا ئامادە بوون و مۆزیکیلە خوێنی لاوانی وەتەن لالە دەپشکوێیان ئیجرا کرد. غەزالە چەلابی ڕۆژی ٣٠ مانگی خرمانانی ١٤٠١، لە جەریانی کۆبوونەوەی تێکۆشەرانی ناڕازی لە بەردەم فەرمانداری ئامول، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کە لە نێو فەرماندارییەوە کرابوو، گیانی بەخت کرد.

مستەفا قەیسەری، برای موحسین قەیسەری، یەکێک لە گیانبەخت کردوانی ناڕەزایەتیەکان لە ئیلامیش لە سه‌فحەی ئینستاگرامی خۆیدا بە بڵاو کردنەوەی ویدۆیەک لە براکەی نووسی:” من تازیەبارم، نەک تازیەباری موحەڕەم و حسێن، من بە نیشانەی تازیەباریم لیباسی سپی لەبەردەکم.” کامیلیا سەجادیان، دایکی محەممەد حەسەن تورکمان، لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ١٤٠١ لە بابول لە سفحەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسی:” هاواری حەقانیەت و دادپەروەری بەرز دەکەینەوە. سپی دەپۆشین بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆحی ئینسانیەت، بە حورمەتی منداڵەکانمان و باقی منداڵە شەهیدەکانی ئەم وڵاتە.” ئێحسان خەزایی، برای یەکێک لە گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ١٤٠١ لە شەهریار لە سەفحەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسی:” من تازیەبارم، نەک تازیەی موحەرەم و حسێن، من تازیەباری ئەو ئینسانانەم کە زیندوون، بەڵام ناتوانن بژین.”

لەم دەورەیەدا کە داخوازان لە بەرانبەر تازیەداری ڕژیمدا تازیەباری خەڵک بۆ ڕیزگرتن لە یاد و بیرەوەری ئەو ئازیزانەی کە لە خەبات لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەخت کردوە، وەک بەدیل داناوە. بنەماڵەی گیانبەختکردوانی شۆڕش زیاتر لە ڕابردو چاویان بە یەکتر دەکەوێ. ویدۆیەک لە ئامادە بوونی ئەمیر شەهیدی، باوکی مێهرشاد شەهیدی لە گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی ئێران بڵاو بۆتەوە. ئەو بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی سینا مەلایری یەکێکیتر لە گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتیەکانی ئێران باوکی ئەوەی لە ئامێز گرتوە. مێهرشاد لە دایک بووی ٦ ی مانگی ڕەزبەری ١٣٨١، بە شێوەی پیشەیی ئاشپەز بووە و لە یەکێک لە ڕێستوڕانەکاندا کاری دەکرد. ئەو رۆژی ٥ ی مانگی خەزەلوەری پار بەهۆی زەربەی باتومی مەئمورانی ئەمنیەتی لە جەریانی ناڕەزایەتیەکاندا لە شاری ئەراک گیانی لەدەستدا. سینا مەلایری ٣٤ ساڵ ڕۆژی ٣٠ مانگی خەزەڵوەر لە ئەراک لە ئاکامی زەربەی مەئمورانی ڕژیم گیانی لەدەستدا. کاربەرێک نووسی:

  بۆ من موحەرەم تەنیا و تەنیا وەبیر هێنەرەوەی سیما و ڕوانینی موحسینمحەممەد پورە. ئەو رۆژی ٢٥ ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە خورەمشار ئەوەندەی زەربەی باتومی بەگرێگیراوان بەرکەوت تا گیانی بەخت کرد.”

هەرلەم ڕۆژانەی موحەرەمدا مەداحیی ناڕازیش پەرەی ئەستاندوە. بۆ نمونە ویدۆیەک لە مەڕاسمی نۆحەخوێنی لە دیزفول لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو بۆتەوە کە مەداح تێیدا بە ڕوونی لەوەی کە وێڕای ئەو گشتە کێشە ئابووریانەئەمانە هەموو خەمیان بابەتی حیجابە، ڕەخنە دەگرێت. مەداحی دیزفولی لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە کاربەدەستانی حکومەتی سەرنج نادەنە هەژاری و فرمێسک و ناڵەی کرێکاران، سفرە بێ نانەکان، باوکانی شەرمەزار و دایکانی پەڕێشان و بە پێچەوانە لە سەروەت و سامانی خەڵک ئەدزن.”

ئەم جۆرە مەداحییە، کە دەیان ساڵە لە شکڵ و شێوەی مەداحی حکومەتی دوور کەوتۆتەوە، نوێنەرایەتی بەشێک لە شارۆمەندانی ناڕازی ئێران دەکات کە هێشتا بڕوایان بە مەزهەب هەیە. زۆربەی ئەمانە دوای بینینی کاریگەری وێرانگەری ئیسلامی سیاسی لەسەر کۆمەڵگای ڕابردو خوازیاری دامەزرانی حکومەتێکی سیکۆلارن. ئەو مەداحەی جێی سەرنجی ئەوانیش بەو کینایانەی کە بە کاریدێنێ خامنەیی وەک یەزیدی سەردەم ناودەبات. هێندێکیان لە بەشێک لە نۆحەکانیاندا بە گیانبەختکردوانی شۆڕشدا هەڵ ئەدەن و ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوان بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن. ڕۆژی چوارشەممە ٤ ی مانگی گەلاوێژ مەئمورانی ئەمنیەتی یەکێک لەو مەداحە ناڕازیانەیان بە ناوی حەیدەر قوبادی لە کرماشان لە کاتی نۆحە خوێنیدا بە لێدان و ئازاردانەوە دەستبەسەر کرد.

  داخوازان، کە ئیبتیکاراتێکیان لەبەرانبەر تازیە حکومەتیەکاندا هێناوەتە گۆڕێ، بەشێک لە بزوتنەوەیەکی بەرینتر و ڕوو لە گەشەی داخوازین. ئەم داهێنەرانە و باقی دادخوازان بزوتنەوەی داخوازیان کردۆتە یەکێک لە پایە گرنگەکانی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی“. سەرانی ڕژیم کە هەستیان بەم بزوتنەوە دژی ڕژیمی، سیکۆلار و دیموکڕاسی خوازیە کردوە گوشارەکانیان بۆسەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان زیاتر کردوە. بەڵام هەر هەنگاوێکی دژی ئینسانی کاربەدەستان بە هۆکاری خۆڕاگری جێی ڕێزی ئەندامانی بنەماڵەکان ئاکامێکی پێچەوانەی هەبووە و بەکردەوە بزوتنەوەی دادخوازی، و دیارە شۆڕشی ژینای بەهێز تر کردوە. خۆڕاگری داخوازان و بە تایبەت دایکانی گیانبەخت کردوان ڕیشەی لە پشتیوانیەک دایە کە دەیان ملیۆن لە ژنان و پیاوانی کرێکار و ئازادی خوازان لێییان کردوون.