کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دادخوازان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی شێلگیرانەتر لەگەڵ ڕێژیمدا

cbfdd58b 5b22 464a 8c3d d568ae78010d permlink

ڕۆژی هەینی ١٣ی گەلاوێژ، ڕۆژی لەدایکبوونی غەزالە چەلابی، یەکێک لە گیانبەختکردوانی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیبوو. غەزالە چەلابی ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لە کاتی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی بەردەم فەرمانداریی ئامول، بە فیشەکی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد. بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندبوو کە لە ڕۆژی لەدایکبوونی کچەکەیاندا، سەردانی گڵکۆکەی دەکەن و گوڵ ڕێژی دەکەن. بەرپرسانی ئیتلاعات تووشی سەرلێشێوای ببوون. ئەوان درێژەیان بە هەڕەشەکانیاندا لەدژی دایک و بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووە قارەمانە و کاتێک هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنا، بە بلۆکی چیمەنتۆ، ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانیان داخست و بەهێزی سەرکوتگەر گەمارۆیاندا. سەرەڕای گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە، بنەماڵەی غەزالە و ژمارەیەکی بەرچاو لە جەماوەری ئازادیخواز لە سەر گڵکۆی ڕۆڵەی گیانبەختکردووی شۆڕش کۆبوونەوە و یاد و بیرەوەرییەکانی ئەو ئازیزەیان بەرز ڕاگرت. هەر لەو ڕۆژەدا، لە شاری ئەراکیش بنەماڵەیمێهرشاد شەهیدی نەژادیەکێکی تر لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا، وێڕای ژمارەیەک لە ئازادیخوازان، لە سەر گڵکۆکەی کۆبوونەوە و ڕێزیان لە یاد و بیرەوەرییەکانی گرت و پەیمانیان نوێ کردەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجە ڕزگاری بەخشەکانی، درێژە بە ڕێبازەکەی دەدەن. لە شاری ئیلامیش، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژ، بەشداربووان لەسەر گڵکۆی موحسین قەیسەری یەکێکی تر لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا بەشێوەیەکی داهێنەرانە شێعریان خوێندەوە و گیتاریان ژەنی.

لەحاڵێکدا لەم ڕۆژگارە هەستیارەی ئێستادا ئاخووند و پۆستاڵ لەپێ کۆنەپەرستەکان بە پەنابردنەبەر هەموو جۆرە پڕوپاگەندە و هەڕەشە و سەرکوتێک هەوڵدەدەن خەڵک لە دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بترسێنن، بە پێچەوانەوە دایکانی دادخواز بانگەوازی خەڵک دەکەن بۆ سەرلەنوێ داگیرساندنەوەی ئاگری ئەم بزووتنەوەیە. نەسرین شاکەرەمی، دایکی نیکا شاکەرەمی، یەکێک لە گیانبەختکردوانی تازەلاوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەم دواییانەدا لە پەیامێکدا بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، داوای لە خەڵک کرد لەبری ماتەمینیغەم و ئازارەکانیان بکەن بە ئەنگیزە و پاڵنەرێکی هیوابەخش بۆ بنیاتنانی ئێرانێکی ئاوەدان و ئازادلە دواڕۆژدا“. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: “ئێمە کە پێمانوایە منداڵەکانمان لەدژی کۆنەپەرستی و مێشک ڕزیوەکان ڕاپەڕیون و خوازیاری دونیایەکی جوان و پڕ لە بەختەوەرین، نابێت غەم و پەژارە و ئازارەکانمان بکەین بە شیوەن و ئاە و ناڵە، ئاە و ناڵەی بەردەوام ئێمە وەک کەسێکی لاواز و نەخۆش باردێنێت و ئیرادەمان لێ زەوت دەکات ”.

دایکێکی جەرگ سووتاو و دادخواز وێڕای ئاماژەکردن بە ئازارێکی هاوبەش، وتبووی: “ئازاری هاوبەش، مرۆڤەکان لێک نزیک دەکاتەوە و هێزیان پێدەبەخشێت“. دایکێکی دادخوازی تر هەرلەم پێوەندییەدا وتی: “ئێمەی دایکان کاتێک یەکتر دەبینین حاڵمان کەمێک باشتر دەبێ و غەم و ئازارەکانمان کەمتر دەبێتەوە.” من دەمەوێت ئەوانەی کە کوڕەکەمیان کوشت، دادگایی بکرێن. ئێمەی دایکانی داغدار شان بەشانی یەکتر خۆڕاگریی خۆمان نیشاندەدەین. ئێمە دەمانەوێت چیتر گەنج و لاوانی بێتاوان نەکوژن. ئەم یاسا و حکومەتە ستەم لە گەنجانی وڵات دەکات. “ئێمە نامانەوێت دایکانی تر بە حاڵ و ڕۆژی ئێمە گرفتار بن.”

ناهید شێرپەنجە، دایکی پۆیا بەختیاری، یەکێک لە گیانبەختکردوانی ساڵی ٩٨، کە ئێستا دیلی دەستی کۆنەپەرستانی ستەمکارە و لە گرتووخانەی زەنجان دەستبەسەرە، وتی: ئێمەی دایکانی داغدار بەم ئازارە هاوبەشەوە، تێگەیشتنێکی باشترمان لە یەکتر هەیەئێمە وەک یەک ڕێکخراوە واین؛  گروپێکی هاوبەش کە لە دادخوازیدا هاودەنگین”. لەسەر بنەمای ئازار و تێگەیشتنی هاوبەش، دادخوازان ڕۆژ بە ڕۆژ چالاکتر و ڕێکخراوتر دەبن. “دایکانی شۆڕشلە کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا لەسەر گڵکۆی ژینا بوونی خۆیان ڕاگەیاند. ئەم دادخوازانەش وەک ئەوانی تر ڕایانگەیاند کە تا ڕۆژی دادگاییکردنی جەنایەتکاران درێژە بە خەبات و خۆڕاگریی خۆیان دەدەن. هەر لەو مانگەداکۆمەڵەی بنەماڵەی دادخوازانی ئابانکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک لەو بنەماڵانەی کە منداڵەکانیان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئابانی ساڵی ٩٨دا گیانیان لەدەستداوە، بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئەو کۆمەڵەیە دەڵێت ئامانج لە پێکهاتنی بریتییە لەبیرهێنانەوەی ئەو جەنایەتەی کە لە ئابانی ٩٨دا  ڕوویاندا و هەروەها کۆکردنەوەی بەڵگە و تۆمارکردنی دۆسیەیەکی دادخوازیی بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە“.

لە گەرمەی شۆڕشی ژینا و لە ڕێبەندانی ١٤٠١یشدا کۆمەڵێک لە بنەماڵەی دادخوازانئەنجومەنی شۆڕشگێڕی دایکانیان پێکهێنا. ئەم ڕێکخراوە نوێیانە لە تەنیشت ڕێکخراوە پێشووترەکانی دادخوازاندا خۆیان دەبیننەوە. دایکانی دادخواز لەسەر ئەو ڕاستییە پێداگرییان کردووە کە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی شوومی خۆی، غەم و پەژارەی خستۆتە دڵی دایکەکانەوە؛ ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕژیم لە دەیەی شەست و خاوەرانەوە بگرە تا دەگاتە قەتڵە زنجیرەییەکانی حەفتاکان لەلایەن دەست و پێوەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، زانکۆی تاران ساڵی ١٣٧٨، کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٣٨٨ تا ڕەشەمەی ١٣٩٦ و ئابانی ١٣٩٨ و دواجاریش لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، بەردەوام جەنایەتی ئەنجامداوە و پێویستە ئیمکانی دەستبردن بۆ ئەنجامدانی تاوانی تری پێنەدرێت. لەم ڕۆژانەی سەروبەندی ساڵڕۆژی ناشتنی تەرمی ژینا و دەسپێکی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیلە ٢٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١دا، دادخوازان بوونەتە کابوس و خەویان لەچاوی بەرپرسانی ڕێژیم زڕاندووە. جەماوەری خەباتکار و ناڕازی دەتوانن بەخەباتی یەکگرتووانەی خۆیان ئەم کابوسە بکەن بە ڕاستی.