ماوەیەکە ڕاگەیەنەرەکانی تەبلیغی لە ئێران ئاگاهانە بابەتی تەوەڕوم و گرانی کە هەڵبەت ژیانی لە زۆربەی خەڵکی دانیشتوی ئێران تاڵ کردوە، هێناوەتە سەروی بابەتەکانی جێی” سەرنج”ی خۆیان. ڕاگەیەنەرەکان بێچگە لە یاری بە ئامار و ئەرقامی دروستکراو لە زمان ناوەندی ئامار و کارناسانی جۆراو جۆرەوە کە لەگەڵ ڕاستیەکانی ژیانی خەڵک مەودایەکی زۆری هەیە، لەهەوڵدان سەرنجی کۆمەڵگا لە هۆکاری سەرەکی بوونی هەڵاوسان و گرانی هەوسار پچڕاو و بێ مافیەکانی سەرچاوەگرتو لێیەوە لە ئێران بەرەو لایەکی تر لەوانە” کێشەی مودیریەتی ئابووری” و لە باشترین حاڵەتدا” ناکارایی دەوڵەتی ئێستا” بەرن. بە واتایەکی تر لە هەوڵدان گۆڕەپانی بەرەوڕوو بوونەوەی خەڵک لە ئێران لەگەڵ کولیەتی کۆماری ئیسلامی وەک سەبەبکاری سەرەکی لەنێو چوونی ژیان لە قوڵاییەوە بۆ ڕواڵەت بگوڕن و ئەو بە هۆکاری” خراپ بەڕێوەچوون”ی ئەم یان ئەو بەش لە ئیدارەی کۆمەڵ لەقەڵەم بدەن و لە ئەستۆی سەرجەم حاکمیەتی داماڵن.
رۆژنامەی” ئاڕمانی ئیمروز” کە زمان حاڵی ڕەوتی ئیسلاح خوازانی حکومەتیە، لە بابەتێکدا بە ڕێكەوتی شەممە ٦ ی مانگی ڕەشەمە لەژێر ناونیشانی” کارناسانی ناوەندی ئامار لەکوێ شت دەکڕن”؟ نووسیویەتی:” ڕاپۆرتی نرخی تەوەڕومی مانگی ڕێبەندان ٥٣،٤ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە بێجگە لەوەی کە ئەم ئامارە زۆر جێگای متاممەنە نییە دەرخەری شکستی دەوڵەتی سیزەهەمە لە کۆنترۆڵ کردنی هەڵاوساندا کە بەرپرسان لە مانگی گەلاوێژەوە چەندین جار مژدەیان داوە و ئەو وەک دەستکەوتی سیاسەتەکانیان باس دەکەن. بەڵام هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن کە ئەوەی لە ڕاستیەکانی کۆمەڵدا ڕویداوە گەشەی نرخی ئەو کالایانەیە کە بەشێکیان تا ٢٥٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە.” و لە درێژەدا دەنووسێ:” دەوڵەتی سیزدەهەم جەخت دەکاتەوە کە وڵاتی بە هەڵاوسانی ٦٠ لەسەدی وەرگرتوە و توانیویەتی ئەم تەوەڕومە کەم بکاتەوە بۆ٤٠ لەسەد؛ ڕەقەمی ٦٠ لەسەدی کە لە هیچ یەک لە عەدەد و ئەرقامەکانی ناوەندی ئاماردا نابیندرێت.”
ئەو جۆرەی کە وترا لەم ڕۆژانەدا بەشوێن ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی لەئارادای خەڵکی ئێران کە دەستی خستە سەر سەبەبکاری سەرەکی لەنێوچوونی ژیانی خەڵکی واتە کۆماری ئیسلامی، ڕاگەیەنەرە تەبلیغاتیەکان بە ئاماژە کردنیی ڕیاکارانە بە ئازاری و ڕەنجی خەڵک، دەیانەوێ ئەو بە لاڕێدا بەرن و خەڵک لە بوارێکی تردا سەرگەم بکەن و لە چاوەڕوانیدا ڕایانبگرن کە گۆیا بە گۆڕانی کەسەکان و نەهێشتنی خراپ بەڕێوەبردن، دەتوانن گرانی و هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکەن و ئێش و ئازارەکانی ژیان کەم بکەنەوە.
بەڵام زۆربەی خەڵکی ئێران، هەمان ئەو خەڵکەی کە لە ئاکامی ٤٤ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا پشتیان لەژێر باری ژیانی تاقەت پڕوکێندا بۆ دابین کردنی نانی سەر سفرە چەماوەتەوە، هەمان ئەو خەڵکەی کە دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیان بۆ زۆربەیان بۆتە ئاوات و ئارەزویەک، بە تایبەت لە ساڵی ٩٦ بەم لاوە لێیان حاڵی بووە کە ئەم ڕژیمە شیاوی ئیسلاح بوون نییە و گۆڕانی کەسەکان لە دەوڵەتە گوێ لە مشتەکانیشدا ناتوانێ ئازارە بێ ئەژمارەکانیان لە وەها نیزام و مناسباتێکدا کە لەسەر نا یەکسانی و بێ دادی و بێ مافی بینا کراوە تیمار بکات. بەم جۆرە بوو کە داخوازی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی هاتە سەروی داخوازیەکانەوە، ئەو داخوازیانەی کە لە سروشتی نیازی خەڵک بە ژیانەوە کڵپەی سەند و هەموو جێگایەکی گرتەوە.
داخوازی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە، لە قوڵایی ئەم کۆمەڵگایەوە سەری هەڵداوە و بە لاڕێدا بردنی لە لایەن حاکمیەت و دەزگای تەبلیغاتی ئەوانە ئیتر ئیمکانی نییە. تەنیا باس کردن لە ئێش و ئازارەکانی خەڵک بە بێ دەست بردن بۆ ڕیشە و هۆکارە ڕاستەقینەکانی، خۆ خەریک کردن لە ئاستێک دایە و کەوتنە داوێکەوەیە کە حاکمیەتی ئیسلامی بە یاری کردن بە ئامار و ئەرقامی ناڕاست سەبارەت بە بوونی هەڵاوسان و گرانی و باقی نەهامتیەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگاوە خستویەتیە ڕێ. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕژیمی ئیسلامی نە دەیەوێ نە دەتوانێ دەست بەڕێت بۆ ڕیشە، لەبەر ئەوەی ڕیشە هیچ شتێک نییە بێجگە لە منساباتێکی زاڵمانە و نایەکسان کە ڕژیمی ئیسلامی بە شێوازی خۆی بە سەرکوت کردنی توندوتیژ پاڕێزگاری لێ دەکات. بە هەموو ئامار و ئەرقامێکەوە و بەهەموو مودیریەتێکەوە ڕژیمی ئیسلامی دەبێ بڕوات. ئەمە حوکمێکی مێژووییە لە لایەن خەڵکی ئازار چەشتوی ئێرانەوە کە ڕێگای گەڕانەوەی نییە. ٤٤ ساڵ ئێش و ئازار و بێ مافی، ٤٤ ساڵ تیرۆر و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بەسە. لەمڕۆدا گۆڕانی ئەم یان ئەو بواری خەبات لەدژی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئەم حوکمە مێژووییە بگۆڕێت.