کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دابینکردنی ئەمنییەتی خۆراک بۆ هەمووان، لە گرەوی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدایە

5693668 b

ڕۆژنامەی ئارمانی ئەمڕۆ، ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ ڕاپۆرتێکی سەدیقە بێهزادپووری بڵاو کردووەتەوە کە چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە. ئەو پەیامنێرە لە قەولیشۆڕای باڵای تەندروستی و ئەمنییەتی خۆراکی ئێرانەوە نووسیویەتی کە هاووڵاتییانی ٨ پارێزگای وڵات لەگەڵ نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک بەرەوڕوون. نەبوونی ئەمنییەتی خۆراکی واتە شەوانە بە برسێتی سەرنانەوە و واتە نەگەیشتنی وزە و کالۆری پێویست بە جەستە بۆ لانیکەمی چالاکیی جەستەیی. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە سیستان و بەلوچستان ٥٠%ی منداڵان تووشی بەدخۆراکی و کورتە باڵایی و هەروەها ٢٥% کەمیی کێشیانن بەهۆی تێکچوونی خواردنیانەوە. ئاشکرایە کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بە تایبەت ژنان و کۆرپەڵە و منداڵان، قوربانیانی سەرەکی کارەساتی نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک بۆ زۆرینەی هاووڵاتیانی وڵاتن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، خواست لەسەر خۆراک لە وڵاتدا بەڕێژەی ٣٥% کەمیکردووە. جگە لەوەش جۆری خۆراکی خەڵکیش، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. زۆر کەس بەهۆی هەژارییەوە، خواردنە سودبەخشەکانیان لە بەرنامەی خۆراکیی خۆیان لابردووە و سکی خۆیان بە نانی وشک و پەتاتە و ماکارۆنی تێر دەکەن. ئاشکرایە کە یەکەمین قوربانی بەدخۆراکی منداڵانن. کەمخوێنی، پووکانەوەی ئێسک، کەمبوونەوەی بینایی چاو، کەمبوونەوەی توانایی فێربوون، دابەزینی زۆری کێش و کورتە باڵایی، لە زومرەی ئەو کاریگەریانەن کە کەمیی ماددە خۆراکیەکان لەسەر ژیانی منداڵان و تازەلاوانی بەجێدەهێڵێت. سەرجەمی ئەو کاریگەریانە لەسەر باری جەستەیی منداڵانی سیستان و بەلوچستان بە ڕوونی دەبینرێت. لە ئاکامی ئەم دۆخەدا ٦٪ی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ، بەهۆی بەدخۆراکییەوە تووشی کورتە باڵایی دەبن. ئەم ژمارەیە لە سیستان و بەلوچستان ٣ هێندەی ڕێژەی مامناوەندی وڵاتە. بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا پێویستەکانی خەڵک، ڕۆژ بەڕۆژ ڕەهەندی بەربڵاتری بەخۆیەوە گرتووە و تەندروستی دەروونی و جەستەیی ملیۆنان کەس لە دانیشتوانی ئێران، لەوانە منداڵان، ژنان، دایکانێک کە شیر بە کۆرپەکانیان دەدەن، کەسانی نەخۆش و  خاوەن پێداویستی تایبەتی، لەگەڵ مەترسییەکی جددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

لێرەدا تەنیا قسە لەسەر کەلێنی قووڵی چینایەتی و تاڵانکردنی ملیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی گشتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی گەندەڵی ڕێژیمی ئیسلامی، فەرماندەکانی سپا و بەرپرسانی ئەمنی، ڕانتخۆرانی حکوومەتی و ئاغازادەکانەوە نییە، بەڵکوو قسە لە سەر بێهداشتی نەگونجاو، نەبوونی خزمەتگوزاری دەرمانی پێویست و گرانبوون یان ماوەبەسەرچوویی دەرمان، تۆز و خۆڵ و هەوای ناتەندروست، گوشار و دڵەڕاوکێی بەردەوام سەبارەت بە دابینکردنی ژیان و هەژاری خۆراکە لەسەر بەستێنی ستەم و سەرکوت و سووکایەتی بەردەوام. قسە لەسەر کابوسێکە کە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و تەندروستی، بەشێکی زۆری دانیشتوانی کۆمەڵگای لەخۆ گرتووە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا کە نرخی گۆشت و میوە گرانترە لە نرخی گیان و تەندرووستی خەڵک، لە دۆخێکدا کە تەنانەت دابینکردنی ماکارۆنی و نانی وشکیش، لە توانایی ملیۆنان کەس لە بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکان، فەرهەنگیان و خانەنشیناندا نەبێت، بەردەوامبوونی ئەم حکوومەتە بە واتای بەردەوامی نەخۆشی و نەبوونی تەندروستی و بەدخۆراکییە بۆ ملیۆنان کەس لە دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگایە.

کۆماری ئیسلامی ئامرازی بۆرژوازی ئێرانە بۆ ڕزگارکردنی خاوەندارییەتی تایبەتی بۆرژوایی و دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی پەیوەندی کرێکار و خاوەنکار لە دوای شۆڕشی ٥٧ و ڕاپەڕینی ڕێبەندان. ئەم ڕێژیمە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە، جگە لە سەپاندنی هارترین جۆری سەرەڕۆیی ئایینی و لەسێدارەدانی هەزاران کەس لە شۆڕشگێڕان و ناڕازیان، بە بێکاریی، هەژاریی و برسێتی، ژیانی نەوەی ئێستای تووشی نەهامەتی و ڕۆژ ڕەشی کردووە. ئەم ڕێژیمە بە وێرانکردنی لەڕادەبەدەری ژینگە، زەمینەی لەناوچوونی نەوەکانی داهاتووی سەر بە کرێکاران و زەحمەتکێشانی خوڵقاندووە. بەمەبەستی پێشگرتن لە زیانی هەرچی زیاتری دەروونی و جەستەیی هاووڵاتیان، پێویستە ئاگری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیخۆشتر بکرێت و لە بری ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و سەرمایەدارەی ئێستا، دەسەڵاتێکی جەماوەریی جێگەی بگرێتەوە کە لەسەر بنەمای زانست دابمەزرێت و ڕزگارکردنی یەکجاری خەڵکی ئێران لە هەر چەشنە نەهامەتییەک لەوانە برسێتی و بەدخۆراکی، لە زومرەی ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی بێت. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕێگاچارەی سەرمایەدارانە بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتە گەورە مرۆییە، تەنیا دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی زیاتری ئەم دۆخە. ئەگەر بڕیار بێت ئەم دۆخە کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەوە، تەنیا بە خەبات و لەگۆڕنانی ئەو نیزامە مومکین دەبێت کە هەژاری و برسێتی، بەشێکە لە کارنامەکەی. خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، خەباتە بۆ ڕزگارکردنی حەفتا لەسەدی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە لە هەژاری و بێکاری، بەدخۆراکی، بێ ماڵ و حاڵی، گرانی و دەیان کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی ورد و درشتی دیکە.