ناوەندی ئاماری ئێران لە ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی “توانایی کڕین و ماوەی چاوەڕوانیی بۆ بوون بە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوون” بڵاوکردەوە. ئەو ساختەچییانەی کە شارەزایی تەواویان لە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئامار و داتای درۆ و ناڕاستدا هەیە، ئیدیعای ئەوە دەکەن کە هەر ئێرانییەک بەلەرچاوگرتنی توانایی کڕینی خانووبەرە لە ساڵی ١٤٠٠دا، دوای لێبڕینی خەرجییەکانی ژیان، دەتوانێت پاش ٤٧ ساڵ ببێتە خاوەنی ئاپارتمانێکی ٨٠ مەتری بە نرخێکی مامناوەند. بێگومان ئەم ئیدیعایە ناڕستە. هەڵسووڕانی کرێکاریی بە دروستی ئەوەیان سەلماندووە کە کرێکارێکی کە لانیکەمی مووچە وەردەگرێت، بە مەرجی یەکسانمانەوەی بەردەوامی هەڵاوسان لە کەرتی نیشتەجێبووندا، دەبێت زیاتر لە ١٧٠ ساڵ کار بکات و مانگانە بەشێک لە داهاتەکەی پاشەکەوت بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئاپارتمانێکی ٨٠ مەتری بکڕێت. بەرپرسانی ڕێژیم کە ئاگاداری ئەم ڕاستییەن، زۆر بێ شەرمانە هەر جارناجارێک وادەی سەرخەرمان و بەڵێنی بێ بنەمایان بە کرێکاران داوە و دەیدەن بەمەبەستی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون. ئەوان لەم دواییانەدا و بەشێوەیەکی فریوکارانه هەوڵیانداوە دەیان ملیۆن کرێکاری بێ ماڵ و حاڵ و ئاوارە و بنەماڵەکانیان بە کردەوەکانی خێرخوازان دڵخۆش بکەن، کە ئەمەش کارێکی بێهودەیە.
خانووبەرە لە سیستەمی گەندەڵی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا کاڵایەکە. جگە لەو هەڵاوسانە زۆرەی کە بەهۆی ئابووریی وێران و بێسەرەوبەرەی ڕێژیمەوە دروست بووە، باندە مافیا خاوەن هێز و دەسەڵاتەکانیش لە کەرتی خانووبەرەدا کار دەکەن کە هۆکارن بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کڕین و کرێی خانووبەرە. ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، نووسەرێک بە ناوی مێدیا ڕاپۆرتێکی لە ماڵپەڕی ڕادیۆ زەمانەدا بڵاوکردەوە کە بەتایبەت زانیاریی هەژێنەر سەبارەت بە مافیای نیشتەجێبوون لە شاری سنە دەخاتە ڕوو. بەقەولی مێدیا، بازرگانانی زەوی و خانووبەرە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا هۆکاری سەرەکی بیناسازی نایاسایی و پەراوێزیی شاری سنە بوون. لەدرێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ” هەریەکێک لەم سەرمایەدارانە چەند تیمێک بۆ خۆیان پێکدەهێنن، کە پێکهاتوون لە چەند ئەندازیارێکی گوێڕایەڵ و کۆمەڵێک “خاوەن نووسینگە“ی فێڵباز، چەند کەسێک لەو کارمەندانەی کە لەناو دامەزراوەکانی پلاندانانی شارەکاندا کاردەکەن و هەروەها کۆمەڵێک لات و چەقۆکێش بۆ حاڵەتە پێویستەکان“.
بەگوێرەی زانیارییەکانی مێدیا، ئەو سەرمایەدارانە زۆرتر بەدوای ئەو زەویانەدا دەگەڕێن کە پێشتر بۆ کشتوکاڵ بەکارهێنراون، بەتایبەت زەوییەکانی نزیک بە گوندەکانی دەوروبەری شار، ئەویش بە نرخێکی زۆر هەرزان. ئەو گوندنشینانەش کە ئەگەر نایانەوێت زەوییەکانیان بفرۆشن، ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەبنەوە و زەوییەکانیش بە هەر نرخێک بێت لەچنگ گوندنشینەکان دەردێنن. ئەمجۆرە زەویانەی دەوروبەری شار بە قەبارەیەکی بەربڵاو دەدرێت بە چەند خاوەن مڵک. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوای ئەوەی خاوەنی ئەو سەرمایانە، لە ڕێگای نفووز و بریکارەکانی خۆیان لە شارەوانییەکاندا مۆڵەتی دروستکردنیان وەرگرت، ئەندازیارە گوێڕایەڵەکان، بە کەرەستەی زۆر هەرزان خانووی ناستاندارد و نائەمن دروست دەکەن و دەڵاڵە فێڵبازەکانیشیان لەو بازارە بێ سەرەوبەرەیەدا بۆیان دەفرۆشن. بەواتایەکی تر ئەم تاقمە لە بیناساز و فرۆشیارەکانن کە لە کاتی بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتی تردا دەبنە بکوژی کڕیارەکان.
بێبەشبوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، چارەنووسی چارەهەڵنەگری ئەوان نییە. لە ئێرانێکدا کە لەسەر زەریایەک لە نەوت و گاز و سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی دیکەی ژێر زەوی دانیشتووە و دەیان ملیارد دۆلار سامانی کەڵەکەبووی تێدایە، تەنانەت بە بوونی نیزامی سەرمایەداریش، دەتوانرێت کۆتایی بە ژیانی پڕمەینەتی دانیشتوانی پەراوێزی شارەکان و بێ ماڵ و حاڵ و کارتۆنخەوەکان بهێنرێت. بەڵام ئەم پرسە تەنها بە خەباتێکی شێلگیرانە و ڕێکخراو بۆ بەدەستهێنانی باقی مافە ئابووری و دێموکراتیکەکان مسۆگەر دەبێت، چونکە دەیان ملیارد دۆلار سامان و هەروەها دەسەڵاتی حکومڕانی وڵات لە دەستی تاقمێکدایە کە بەدرێژایی ٤٤ ساڵی ڕابردوو بەپێی فەتوای خومەینی، حازر بوون دەست بۆ هەر جینایەتێک ببەن لەپێناو پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتەکەیاندا.
بێگومان هیچکەس نازانێت چ ڕادەیەک سەروەت و سامان لە دەستی چینی سەرمایەی تایبەتی، سەربازی و دامەزراوە ئایینییەکاندا کەڵەکە بووە. هەرئەوەندە دەتوانین وەبیر بهێنینەوە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلايەن مەحموود بەهمەنی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، ئاشکرا بوو، لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٧، تەنیا باڵانسی حیسابی ئاغازادەکانی کۆماری ئیسلامی لە بانکە دەرەکییەکاندا بڕی ١٤٨ ملیارد دۆلار بووە. ئەمە تەنها بڕە پووڵێکی نەغدە کە ئاشکرا بووە.
جگە لە کۆشک و تەلار و باغ و کەشتی گەشتیاریی لۆکس و گرانبەها و ئۆتۆمبێلی چەند ملیۆن دۆلاری و هتد…
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا، ئاسانترین ڕێگای دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران، بریتییە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. بەڵام تا ئەم بابەتە گرنگه به خەباتی شۆڕشگێڕانه و جهماوهریی وەدی دێت، دەبێت دروشمی “نان، مەسکەن، ئازادی” و دروشمەکانی دیكهی بزووتنهوهی داخوازیی کرێکاران لەگەڵ شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لێک هەڵپێکرێت. ئەو سەدان ملیارد دۆلارەی کە بە هیمەتی هێزی بازو و مێشکی بەتوانای ژنان و پیاوانی کرێکار و بە یارمەتی سروشت بەدەستهاتووە و لە لایەن دز و جەردەکانی دەسەڵاتدار و خاوەنکارەوە تاڵان کراوە، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ گیرفانی کرێکاران. لە ئاوا دۆخێکدایە کە لە سەدەی بیست و یەکدا دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمن و دژە بوومەلەرزە و خاوەن هەموو ئیمکاناتێکی ژیان، مومکین دەبێت.