سەلامی فەرماندەی گشتی سپای پاسداران بە هەڕەشە کردن لە لاوانی ناڕازی، بە وڵاتانی دەرەوەی وت:” ئێمە بە لاوان ئەو ژمارەی کە فریویان خواردوە، دەڵێین ئەمرۆ رۆژی کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزیەکانە و ئیتر نەیەنە سەر شەقام؛ چیتان لە گیانی ئەم خەڵکە دەوێ؟”. ئەم قسانە لە حاڵێکدا دەکرا کە خوێندکاران لە زانکۆی تاران، زانکۆی کوردستان، زانکۆی نەوشیروانی بابول و چەند زانکۆی تر خەریکی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا لە زیاتر لە ١٤٠ شاری دنیا خەڵکی ناوچەکە و ئێڕانیەکانی دانیشتوی دەرەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕژابوونە سەر شەقامەکان. وەک نمونە خوێندکارانی کۆلیژی زانکۆی فەننی تاران لە حەساری کۆلیژەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد و لە کاردانەوە بە ڕووداوی تەقەکردن لە شاه چراغ، بە دروشمی وەک:” ئەم نەخشە تێکراریە، داعش خودی سپایە”،” ئەمەش فێڵ و پیلانێکی ترە، شاه چراغ ڕێکسێکی دیکەیە”.
ئەم قسانەی فەرماندەی جەنایەتکاری سپای پاسداران لە نەفامی ئەوەوە سەرچاوە ناگرێت، ئەمە لۆژیک و شعوری هەموو دیکتاتۆڕێکە کە توانایی دەرک و حاڵی بوون لە زمانی ناڕەزایەتی خەڵک، لە بارودۆخی مەجودی دا نییە. نزیکەی مانگێک لەوە پێش خامنەیی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک هەر لەم فەرماندە کەللە وشک و نەفام و جەنایەتکارانەدا شەیپوری کۆتایی هاتنی ناڕەزایەتیەکانی لێدا و ئاکامەکەشی مانگرتنەکان و ناڕەزایەتی بەرینتری خەڵک بوو.
فەرماندەی سپای پاسداران جارێکی تر شەیپوری کۆتایی هاتنی ناڕيزایەتیەکانی لێدایەوە، ڕاست لە کاتێکدا کە لە دەیان شار، زانکۆ، کارخانە و لە هەزاران شەقام دروشمی مردن بۆ دیکتاتۆڕ، ئێـمە کۆماری ئیسلامیمان ناوێ، ژن. ژیان. ئازادی یان گەیاندە بەرگوێی حاکمان و خەڵکی دنیا.
فەرماندە گەندەڵەکانی سپای پاسداران کە دەستیان بە خوێنی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێڕان و بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە لە سوریە و عێڕاق سوورە، زمانێک بێچگە لە زۆر و سەرکوت و وەحشیگەری حاڵی نابن. خامنەیی لە سوخەنڕانیەکەی چەند مانگ لەوە پێشیدا لە سوڕانێکی قەڵەمیدا سیفەتی موستەزعەفی بەخشیە سپاییە گەندەڵ و جەنایەتکارەکان. لەمرۆشدا فەرماندەی سپای پاسداران جێگای خەڵک و حکومەتی گەندەڵی گۆڕێوە و بە خەڵکی ناڕازی دەڵێ چیتان لە گیانی میللەت ئەوێ!
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ٦ حەفتە سەرکوت و جەنایەت نەیتوانیوە بڵێسەکانی ئاگری ناڕەزایەتی خەڵک دامرکێنێتەوە. شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بەرین بۆتەوە و ئیتر کەمتر شاڕێک ماوە کە شاهیدی مانگرتن، خۆپیشاندانی شەوانە، دروشم نووسین و تەنانەت شەڕی خیابانی بەکرێگیراوانی حکومەتی لەدژی خەڵکی بێ دیفاع نەبێت.
سپای پاسداران لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردودا لە دەست بردن بۆ هیچ جەنایەتێک لەدژی خەڵک سڵی نەکردۆتەوە. ئەم حیزبە سیاسیە پادگانیە کە ناوەندی سەرەکی گەندەڵی و سەرکوتە، وەک مۆتەکە خۆی کێشاوە بەسەر ناوەندەکانی دەسەڵات و سەروەتدا لە ئێران و یەکێک لە سەبەبکارانی سەرەکی هەژاری و فەلاکەتێکە کە بەسەر خەڵکدا داسەپاوە.
گەلێک ژنڕاڵی هاوشێوە لە گۆشە وکەناری دنیا لە پۆستی وەک ئەواندا کەفیان چڕاندوە و هەڕەشەیان لە خەڵک کردوە. گەلێک حکومەت نیزامی ناچار بوون لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکدا پاشەکشە و شکست قەبوڵ بکەن.
لە ماوەی ٦ حەفتەی ڕابردوشدا سپای پاسداران چ ڕاستەوخۆ و بە یونیفۆڕمی نیزامیەوە و چ لە زاهیری لیباس شەخسیدا ئامڕازی سەرەکی سەرکوتی ڕژیم بوون. خەڵک بە یەکگرتویی و خەبات و تێکۆشان وڵامی زۆربەی وڕێنە و قسە پوچەکانی فەرماندەکانی سپا ئەدەنەوە. ئەوە خەڵکن کە شەیپوری کۆتایی یاریی ڕووخانی ڕژیم لێ ئەدەن و فەرماندە جەنایەتکارە نیزامی و ئەمنیەتیەکان بە تاوانی جەنایەت لەدژی بەشەریەت ئەدەنە دادگا.