کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەڵک ئیتر وەعدەکانی سەر خه‌رمانی دەوڵەتی رۆحانی قەبوڵ ناکەن

رۆژی شەممە ٢٧ ی مانگی پوشپەڕ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار بۆ سەفەرێکی یەک رۆژە هاتە کرماشان. لەگەڵ ئەوەی کە دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیم لە چەند حەفتە لەوە پێشەوە بە هەراو هوریایەکی زۆرەوە خەریکی زەمینە سازی بۆ ئەم سەفەرە بوون، بەڵام مەڕاسمی پێشوازی لێ کردنی گەلێک بە سارد و سڕی بەڕێوەچوو. ڕۆحانی لە یەکەم بەرنامەی سەفەرە یەک رۆژەکەیدا بۆ سوخەنڕانی و بەناو دیداری گشتی لەگەڵ خەڵکی کرماشان چوو بۆ وەرزشگای ئازادی ئەم شارە. کاربەدەستانی ڕژیم، كه‌ خۆیان بەشداری نەکردنی خەڵکیان پێش بینی کردبوو ئەم وەرزشگایەیان کە زەرفیەتەکەی کەمتر لە ٦ هەزار کەسە هەڵبژارد و بەشیکیان بە پەرژین و نەردە لێ جیا کردبۆوە بۆ خەڵک. لێرەشدا خەڵکی ئاسایی زۆر کەم هاتبوون بۆ وەرزشگاکە. شوێنه‌كه‌یان بە دانش ئاموزی مەدرەسەکان و کارمەندانی دەوڵەتی پڕ کردبۆوە. بۆ ئەوەی کە ئەم شانۆگەریە بە شێوەیەکی ڕازاوە پیشانی خەڵکی شوێنەکانی تر بدەن، دوربین و شگردی فریوکارانەی تەلەویزیۆنیان بۆ زۆر نیشان دانی جەمعیەت بەکار هێنابوو. لەگەڵ ئەوەشدا هاوکات لەگەڵ دەستپێکی سوخەنڕانیەکەی رۆحانی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی حازر لە ستادیوم بە نیشانەی ناڕەزایەتی شوێنەکەیان بەجێهێشت.ڕۆحانی لە سوخەنڕانیەکەیدا بۆ خەڵک باسی لە گرفتە ئابووریەکانی ئێستا، لەوانە بێكاری، ڕکود، بارودۆخی نەگونجاوی شوێنی کەسب و کار و شتی تر کرد و بە شێوەی مەعمول و وەک پێشو، هەموو کاسە و کوزەکانی لەسەری دەوڵەتی پێشودا شکاند و بەڵێنیدا کە هەموو ئەم کێشانە چارەسەر دەکات. ئەو بە ئانقەست لەبیر خۆی بردەوە کە سێ ساڵ لەوە پێش هه‌ر ئەم وەعدانەی بە خەڵکی ئەم شارە دابوو. لە جەریانی سوخەنڕانی ڕۆحانیدا خەڵکی ئامادە لە وەرزشگاکەدا بە کۆمەڵێک دروشم لە ناڕەزایەتی بە ڕکود و بێکاری و حقوقە نجومیەکان بەردەوام قسەکانیان پێ ئەبڕێ. رۆحانیش لە کاردانەوە بە دروشمەکانی ناڕەزایەتی خەڵک وتی :” باشە… گوێنادەنێ و بەردەوام دروشم ئەدەن. بەم دروشمانە کێشەکان چارەسەر نابن.” لەگەڵ ئەوەدا خەڵکی حازر لە شوێنەکە بە بەدەستەوە گرتنی پلاکارد سەبارەت بە دەستەبەر نەبوونی وەعدەکانی سەرۆک کۆمار بۆ چارەسەر کردنی گرفتە ئابووریەکان و لەدژی گەندەڵی بەرین لە دەزگا دەوڵەتیەکاندا ناڕەزایەتیان نیشان ئەدا. رۆحانی بە ئاماژە کردن بە هێندێک کێشە و گرفتی خەڵک، هەوڵی ئەدا کە ئاگری قین و توڕەیی ئەوان دامرکێنێتەوە. بەڵام ئەم شگردانە ئیتر ناسراو بوون و بۆ خەڵکێک کە بێکارن، لەگەڵ گرانی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتردا دەست و پەنجە نەرەم ئەکەن، گیرۆدەی دەیان جۆر خەساری کۆمەڵایەتین، نە دەبێتە نان و ئاو بۆیان و نە ئارامی و ئیعتماد بەدوای خۆیدا دێنێ. ئێستا دوای تێپەڕ بوونی سێ ساڵ بەسەر دەوڵەتی رۆحانیدا ئیتر خەڵک حازر نین لەوە زیاتر وەعدە و بەڵێنی درۆینەیان گوێ لێبێت. ئەوەی کە رۆحانی لە کرماشان لە نزیکەوە و بە چاوی خۆی بینی، تەنیا گۆشەیەکی چكۆله‌ لە قین و ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێبەش بوون لە مافە سەرەتاییەکان، كاردی گەیاندۆتە سەر ئێسقانیان.764

ئابووری ئێران قەیران لێدراوە و ئەم قەیرانەش رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرینتر دەبێتەوە. ئەمە خەڵک رۆژانە و لە پێوەند لەگەڵ کار و ژیانی خۆیاندا بە گشت وجودیانەوە هەستی پێدەکەن. تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژەکانی ژنێو و تەوافوقی بەرجامدا، کەم بوونەوە یان لاچونی سزا ئابووریەکان، هەرچەند ئاکامەكانی به‌كرده‌وه‌ تا ئێستا بە نادیارن، دەریچەیەکی بۆ کرانەوەی ئابووری لە ژیانی زۆربەی خەڵکدا دروست نەکرد. بەر لە تەحریمەکانیش سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و حقوق بگیرانی خوارەوەی ئەم کۆمەڵگایە بێ ڕەونق بوو قەت ئاوێکی ئاسودەیان بە گەرودا نە دەچوە خوارێ، دوای تەحریمەکانیش ئەگەر هێزی وشیاری و خەباتی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگە نەکەوێتەکار، بارودۆخەکە ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نایەت.

له‌ ڕاستی دا ئەگەر سەرجەم ئەو فاکتۆڕانەش کە رۆحانی دڵی پێ خۆش کردوە و لەسەر ئەساسی ئەوان وەعدە و بەڵێنی بەخەڵک ئەدات بکەونەکار، لە باشترین حاڵەتدا ته‌نیا کۆسپە سیاسیەکانی سەر ڕێگای تێکەڵ بوونی سەرمایەداری ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانی و به‌ڕێوه‌چوونی به‌رنامه‌یه‌كی ئابووریی نێئۆلیبڕاڵی لادەچێت. بەڵام ئەگەر وەها نوسخەیەک بیتوانیبایە گەشەی ئابووری، له‌ وڵاتێكی وه‌كوو ئێران به‌ دی بێنێت، ئه‌مڕۆكه‌ وڵاتانی خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا و باقی شوێنەکانی دنیا کە پەیڕەوی لەم ئۆلگوە ئابووریە دەکەن، توشی فەلاکەتی ئابووری نەدەهاتن. ڕژیمی سەرمایەداری لە ئێران وەک هەر جێگایەکی تری دنیا، لە ئەگەری ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی لەگەڵ دنیا پێشکەوتوی سەرمایەداریش، بۆ دەرچون لە قەیران ڕێگایەکی بێجگە لە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی چینی کرێکار، هەرزان کردنی هێزی کاری کرێکاران، کەم کردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان لەبەردەمدا نییە. بەڵام لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش کاسەی سەبری کرێکاران و زۆربەی خەڵک پڕ بووە چ بگات بەوەی کە دیسانیش زیاتر شیلەی گیانی خەڵک بۆ گەشەدان بە ئابووریەکەیان بمژن. وەعدە و وەعید و بەڵێنی و فریو و حەواڵە کردنی خەڵک بەرەو “بەهەشتی مه‌وعوود” لە دنیایەکی تر ئیتر کاراییان نەماوە. زەرفیەتەکانی رۆحانی و کەسانی وەک ئەو لەم بوارانەدا سوتاوە. رژیم مەیدانی مانۆڕی بێجگە لە بەکار هێنانی زۆر و سەرکوت نییە و دەزانێ کە بە توند کردنەوەی گوشار و نواندنی زەبەر زەنگ و داپلۆسین روو بە چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش، لەگەڵ چ بۆرکانێکدا یاری دەکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-