شەڕی نێوخۆیی یەمەن چۆتە نێو سێهەم ساڵی خۆیەوە. ئەگەرچی ئەم شەڕە ماڵ ویرانکەرە، ڕیشەی لە ناکۆکی و کێشمەکێشی کۆنی نێو کۆمەڵگای یەمەن دایە و یەکێک لە ئاکامەکانی شکستی ڕاپەڕینی خەڵکی ئەم وڵاتە لەدژی دیکتاتۆڕی “عەلی عەبدوولا ساڵح” سەرۆک کۆماری پێشودایە، بەڵام ئهمرۆكه ئەوە کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێرانه لە لایەک و حکومەتی ئیسلامی سوننی عەرەبستانی سعودی لە لایەکی دیکەوه کە بوونەتە ئاگر خۆشکەری بەرەوروو بوونەوەی قەومی و مەزهەبی لەم وڵاتە.
ئەم شەڕە ماڵ وێرانکەرە وێڕای ئەوەی کە بۆتە هۆی کوشتاری زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە خەڵک و بریندار بوونی زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس و ئاوارە بوونی زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس لە خەڵکی یەمەن، ئەوانەی لەم وڵاتەشدا ماون کەوتونەتە بەر مەترسی قاتوقڕی و برسیەتی و گەلێک نەخۆشی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە مەوقعیەتی جوغڕافیایی و ستراتیژیکی یەمەن کە لە باشورەوە جیرانی عەرەبستانە، گرنگیەکی ئابووری و سیاسی زۆری بەم وڵاتە بەخشیوە. یەمەن وڵاتێکی خاوەن زۆرترین بەروبوومی کشتوکاڵیە لە ناوچەی شێوە دوڕگەی عەرەبستاندا کە وێڕای بەهرەمەند بوون لە سەرچاوەی سروشتی، بەسەر “خەلیجی عەدەن” و “گەروی باب المەندەبیشدا” زاڵە، کە ٢ لەسەر ٣ی گواستنەوە و گیاندنی دەریایی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت. دەوری ئەم دواییەی شەڕەکانی یەمەن لە ساڵی ١٣٩٣دا بە داگیر کرانی “سەنعا” پێتەختی یەمەن لە لایەن ڕەوتە ئیسلامیە شیعەكانی “حوسیەوە” دەستی پێکرد. حوسیەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی دەکران. دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی کە مەترسی دامەزرانی حکومەتێکی شیعەی لە پەنا گوێی خۆی هەست پێکردبوو، ڕاستەخۆ بووە پشتیوانی گوروپەکانی لایەنگری خۆی. لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤، ئیئتلافێك لە ١٠ دەوڵەت لە دەوڵەتانی کەنداو له ژێر ڕێبەریی عەرەبستانی سعودا پێکهات. ئهم ئیئتلافه دەستی کرد بە پشتیوان کردن لە “عەبد ڕبە مەنسورهادی” سەرۆک کۆماری هەڵاتوی یەمەن و بوو بە بەشیک لە شەڕێکی بە تەواو مانا لەدژی حوسیەکان. ئەم ئیئتلافە کاری خۆی بەدژه ئینسانیترین بۆمبارانەکان لهدژی خەڵکی یەمەن دەست پێکرد و رۆژ نهبوو كارهساتێكی تاوانبارانه نهخوڵقێنی. ئەم شەڕە ئێستاش هەر درێژەی هەیە.
ئێستا یەمەن بۆتە مەیدانی شەڕێک کە تێیدا هەموو جۆرە چەکە مۆدێرن و وێرانگەرەکانی کڕدراو لە لایەن رژیمە ئیسلامیەکانی شێعە و سوننییەوە لە ئێران و سعودیە لە دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی تێدا تاقی دەکرێتەوە و خەڵکی یەمەنی بە گەروی مەرگ و برسیەتیدا دەکەن. بە پێی ڕاپۆرتی سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئامریکا و بریتانیا بۆ شەڕی یەمەن، چەندین کاروان چەکیان بە بڕی ٤ ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ بە عەرەبستان فرۆشتوە. بە دڵنیاییەوە رژیمی کۆماری ئیسلامیش، مەبلەغێکی زۆری سەرفی کڕینی چەک و چۆڵ و باقی هەزینەکانی جەنگی بۆ حوسیەکان کردوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان، بڕە پارەی پێویستی بۆ دابین کرانی یارمەتیە ئینسان دۆستانەکان و ڕزگار کردنی خەڵکی یەمەن لە برسیەتی بە ٢ ملیارد و سەد ملیۆن دۆلار، بەراورد کردوە.
دامەزراوەی یارمەتی گەیاندنی “ئاکسفام” حەوتوی ڕابردو، ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی “یەمەن بەرەو رووی قاتوقڕیەک بۆتەوە کە دهستكردی ئینسانه”، بڵاو کردەوە. “ئاکسفام” لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە درێژەی شەڕ، سەبارەت بە سەرهەڵدانی قاتوقڕی لە یەمەن هۆشداری دا. ئەم سازمانە لە ئێستادا قەیرانی یەمەنی وەک “گەورە ترین قەیرانی ئینسانی لە سەرتاسەری دنیادا”، وەسف کردوە و داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دهكات، بەر بە ناردنی چەک بۆ یەمەن بگرن. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە هۆی ئەم شەڕهوه، ئێستا ٢ لەسەر ٣ی جەمعیەتی یەمەن واتە نزیکەی ١٩ ملیۆن کەس پێویستیان بە مەوادی خۆراکی هەیە. “گوترێش” دەبیری گشتی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان، ئەم هۆشدارییەی بە جیدی وەرگرتوە و حەفتەی ڕابردو لە کۆنفرانسی دەوڵەتانی پێشکەشکاری یارمەتی ماڵی بۆ یەمەن لە “ژێنێو” ڕایگەیاند کە “کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، شاهیدی تێدا چوونی نهوهیهكی تهواو له ئاكامی برسیەتی دایه.
ئاشکرایە کە شەڕی یەمەن، هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی ئەم وڵاتەوە نییە. لەم نێوانەدا ئەوە خەڵکی چەوساوە و بێبەشی یەمەنن کە یان دەبنە قوربانی و یان ژیانیان توشی فەلاکەت و نەهامەتی دەبێت. ئەوە ڕژیمە جەنایەتکارەکانی عەرەبستان و ئێرانن کە بەردەوام لهم وڵاتهدا پەرە بە تەفرەقەی مەزهەبی ئەدەن و خهڵكێكیان کە تا دوێنێ لە جەریانی ڕاپەڕینەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبیدا، شان بە شانی یەکتر لەدژی دیکتاتۆری، بۆ ئازادی و دابین بوونی ژیانێکی باشتر خەباتیان دەکرد، خستۆتە گیانی یەک. ئەوە زلهێزهكانن کە چەکی کوشتاری ئینسانەکان لە بەرانبەر دۆلاری نەوتیدا، دەخەنە بەردەستیان.
کۆماری ئیسلامی، بە سەرف کردنی بە ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران، پێداگری لەسەر دهستێوهردان لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچهكهدا دهكات. ئەم سیاسەتە لە سەرەتای دامەزرانی ڕژیمی ئیسلامیەوە لە ئێران، یەکێک لە پایەکانی درێژەی حاکمیەتی ئەم ڕژیمە بووە و خەڵکی یەمەن یەکێک لە قوربانییەکانی ئەم سیاسەتەی ڕژیمی ئیسلامین. لە لایەکی دیکەوە “محەممەد بن سەلمان” جێنشینی وەلیعەهد و وەزیری بەرگری سعودیەش کە پەرە سەندنی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە باشوری وڵاتەکەیدا بە مەترسیەک بۆسەر ئەمنیەتی وڵاتەکەی لە ڕێگای هاندانی گوروپە شیعەکان لە ناوچەکە دەزانێ، دەهۆڵی درێژەدان بە شەڕ لە یەمەن دەکوتێ. هەڵبەت ئەم هەڵوێستەی عەرەبستان بە پشت بەستن بە پشتیوانی ئامریکا لە عەرەبستان گیراوە. “جەیمز ماتیس” وەزیری بەرگری ئامریکا لە سەفەری دوو حەفتە لهوهپێشی بۆ دڵدانەوەی عەرەبستان، وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر پێوەندی ستراتیژیکی ئامریکا لەگەڵ عەرەبستان و پشتیوانی لەم دەوڵەتە لە بەرانبەر ئێراندا وتی، “گشت شەڕ ئەنگێزیەکان لە ناوچەکەدا لەژێر سەری ئێران دایە و ئامریکا بەر بە پەرەگرتنی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا دەگرێت”.
بە داخەوە لە نهبوونی بزوتنەوە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکاندا بە ڕێبەری و ستراتیژی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە و لە بارودۆخی هەژاری و برسیەتی و بێکاریدا، بەشێکی زۆر لە هێز و توانای جەماوەری خەڵک، دەچێتە خزمەت ئامانجی دژه ئینسانی حکومەتە سەرمایەدارهكان و بهڕێوهچوونی بەرنامەکانیانەوە. لە ئاوا بارودۆخێک دایە کە لە یەمەن، هەزینەی حیساب لەیەک دەرکردنی ڕژیمە کۆنەپەرست و دژی بەشەریەکانی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی لە خزمەت بە درێژەی حاکمیەت و ئامانجی تەوسعە تەڵەبانە و مەزن خوازانەیان لە لایەن خەڵکی ستەم دیتو و هەژارەوە بە گیان و ژیانیان دەبێ بدرێت و لەبەینی بەرداشی دوو کۆنەپەرستی ئیسلامیدا، ژیانی نەوەیەکیان توشی موسیبەت و فەلاکەت بێت