کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەڵکی کوردستان لە گاڵتەچاڕێ هەڵبژاردنی ڕژیمدا بەشداری ناکەن

دەیەمین دەورەی شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئەسلامی و پێنجەمین دەورەی گاڵەجاڕی هەڵبەژاردنی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی قەرارە بەیەکەوە لە رۆژی ٧ ی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. ئەم جارەش قەرارە ئەو کەسانەی کە لە فیلتێرەکانی شوڕای نیگابان ڕەد دەبن و سەر لە سندوقەکانی دەنگدان دەردێنن وەک نوێنەری هەڵبژێردروای خەڵک بناسرێن.
ئەم جۆرە چاوبەستنە کە ناوی هەڵبژاردنی لێنراوە، لە هەمان رۆژێکەوە دەستی پێکرد کە ٣٦ ساڵ لەوەپێش بۆ ڕەوایەتی دان بە ڕژیمی ئیسلامی ڕیفڕاندۆمێک بەڕێوەچوو. پرسیاری فریوکارانە و وڵامی ” ئەرێ یان نا” کە بۆ ئەم ڕیفڕاندۆمە دیاری کرابوو، بەشێوەیەک بوو کە گۆیا ئەگەر کەسێک دەنگی ” ئەرێ” نەخاتە سندوقەوە، بەواتای ئەوەیە کە لایەنگری گەڕانەوەی ڕژیمی پاشایەتیە. سەرەڕای ئەم فریوکاریە ئاشکرایە، لەو کاتەشدا خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە وشیاری تەواوەوە لە ڕێفڕاندۆمدا بەشداریان نەکرد بەم جۆرە مەشروعیەتی ئەم ڕژیمەیان قەبوڵ نەکرد. دوای ئەم روداوە و لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابردودا، قەت هەڵبژاردنێک لە ئێران بەڕیوەنەچووە کە لەگەڵ هێچکام لە پێوانە ناسراوەکانی دیمەکراسی لە دنیای سەرمایەداریدا بێتەوە و بکرێ ناوی هەڵبژاردنی لێبنێی.12400627_10154528785619778_2034127889575583351_n

خامنەیی رۆژی ١٩ ی مانگی بەفرانبار لە سوخەنڕانیەکدا لە کۆبونەوەی کۆمەڵێک لە کەسانی سەربە ڕژیم کە لە قومەوە چوبوون بۆ تاران، وێڕای ئاماژە بە بوونی ” بەرەیەکی بەرین لە دەژمن لەبەرانبەر ڕژیمدا داوای لەخەڵک کرد کە:” بەگشتی لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن، تەنانەت ئەو کەسانەی کە نیزامیشیان قەبوڵ نییە بۆ پاراستن و ئیعتیباری وڵات بەشادری بکەن”. وەلی فەقیەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا بە ئامانجی گەرم کردنی تەنوری هەڵبژاردن ئەم قسە فریوکارانەیە دەکات کە ٣٦ ساڵە هەموو جۆرە دەنگێکی نەیار و مافخوازانەی خەڵکی بە سەرکوت وڵام داوەتەوە. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی ئیسلامی سەرەتایی ترین مافە دیموکراتیکەکانی وەک ئازادی بەیان، ئازادی چالاکی و هەڵسورانی سیاسی، ئازادی ڕاگەیاندن و مافی دەروست کردنی حیزب و بەکورتی مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی بە زەبری زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام لە نەیارانی سیاسی زەوت کردوە، لەوپەڕی عەوام فریودا داوا لە خەڵک دەکات کە لەم گاڵتەچاڕیەی هەڵبژاردندا بەشداری بکەن.
عەلی خامنەیی هاوشێوەی ئەم قسانەی بەر لە شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٩٢ ش کردبوو. ئەمجارەش هەمان شانۆی هەمیشەییە کە تێکرار دەبێتەوە. ساڵانێکە کە خەڵکی کوردستان ئاشنای ئەم فریوکاریانەی ڕژیمن لەم بوارانەدا. خەڵکی کوردستان بە روونی بۆیان دەرکەوتوە ئەوەی کە ڕژیم بەناوی هەڵبژاردن ئیجرای دەکات لە ڕاستیدا درێژەی هەمان بێ مافی و هەژاری و فەلاکەتە کە بە زەبری زۆر و سەرکوت لە ماوەی ٣۶ ساڵی ڕابردودا بەسەریانیدا سەپاندوە. ئەمە هەمان قولدڕی و زۆر وێژیە لە شێوازێکی تردا کە ناوی هەڵبژاردنی لێندراوە.
یەکێک لە کارکردەکانی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمە بریتیە لە کردنی ئەم هەڵبژاردنە بە وەسیلەیەک بۆ سەرلەنوێ داڕشتەنەوەی ئاڕایشی سیاسی باڵكەکانی نێوخۆی حکومەت. لەم روەوە ئەگەر قسە لەسەر نا دیموکراتیک بوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، دخاڵەتی ” شوڕای نیگابان” و ” وەلی فەقیە” و سپای پاسداران و ڕەد کرانەوەی سڵاحیەتی کاندیدەکان و تەقەلوب لە دەنگدان و شتی لەم بابەتە لە ئارادایە، ئەوە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتی خەڵکی تینوی ئازادی ئەم وڵاتە سەبارەت بەم بابەتانە نییە، بەڵکو گشت ئەم شتانە پێوەندی بە ژێر پێ خستنی قەواعدی بازی نێوان خودی باڵەکانی نێو حکومەتەوە هەیە. ئەمە ڕەخنەی باڵەکانی حاکمیەت لەیەکترە و هیچ پێوەندیەکی بە پێشێل کرانی مافی خەڵکەوە نییە. مافە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک لە کاتێکەوە پێشێل کراوە کە ڕژیمی دژی کرێکار، دژی ژن، دژی لاو، دژی شادی، دژی ئازادی، چەوسێنەر، ستەمکار و دوژمنی ئینسانیەت بە پشت بەستن بە کوشتار، ئەشکەنجە و زیندان، بە زۆر و سەرکوت، خۆی بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا سەپاند. بەم هۆیەوە نابێ ئیجازە بدرێت کە ناکۆکی و شەڕی نێوان بەڵەکانی حکومەت توند بێت و یان هێور، بە حێسابی دەنگی خەڵکی ئێران تەسویە بکرێت.
کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش قەت بە ئەندازەی ئەم دەورەیە، ماهیەت و ناوەرۆکی ئەم جۆرە شانۆگەری هەڵبژاردنەیان بۆ ئاشکرا نەبووە. جەماوەری خەڵکی کوردستان دەزانن کە کەسانێکی لەم شانۆگەریەدا بەناوی نوێنەرانی ئەوان سەر لە سندوقەکان دەردێنن، ناچنە مەجلیس تا مافەکانی کرێکاران و خەڵکی بێبەش بە یاسایی بکەن، بەڵکو بەم هۆیەوە دەچنە مەجلیس تا قانونی چەوسێنەرانە تر و بارودۆخی دژوارتر بە سەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا بسەپێنن. ئەوان ناچنە مەجلیس تا دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی پەیڕەوکرانی ستەمکاری نەتەوایەتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بەرز کەنەوە، بەڵکو دەچنە مەجلیس تا زنجیرەکانی ئەم ستەمکاریە قایم تر بکەن. ئەوان ناچنە مەجلیس تا دەنگ بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو بدەن، بەڵکو دەچنە مەجلیسێک کە لە زاتی خۆیدا لەسەر بنەمای بێ مافی ژنان بنیاد نراوە. ئەوان دەچنە مجلیس تا دەنگ بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ناوەندەکانی ئاموزشی و تەربیەتیدا بدەن. ئەوان ناچنە مەجلیس تا لەڕاستای چارەسەری کێشەی لاواندا هەوڵبدەن، ئەوان دەچنە مەجلیس تا بەپێی یاسا؛ شادی و نیشات و هیواو هومێدی لاوان زەوت بکەن. هەر دەنگێک، لەهەر بارودۆخێکدا، بەهەر بیانویەک و لەژێر هەر ناوێکدا، بەناوی هەڵبژاردن خرابێتە نێو سندوقەوە، بە کردەوە لەخزمەت درێژ کردنەوەی تەمەنی ئەم ڕژیمە و لە خزمەت درێژەی کارەساتێکدا بووە کە کۆماری ئیسلای بەسەر خەڵکیدا هێناوە.
لەم روەوە خەڵکی کوردستان لەم شانۆگەری هەڵبژاردنەدا بەشداری ناکەن. هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ ئەم پۆستە کاندید کراون، لە خزمەتگوزارانی ڕژیمن. لەبەر ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگ نییە دەنگ باکامیان بدرێت، بەڵکو گرنگ بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە خەڵک لەبەردەم سندوقەکانی دەنگداندا ئامادەبن. با ئەمجارەش خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردن لەم شانۆگەری هەڵبژاردنەدا نمونەیەکی تر لە سیمای خۆڕاگری خۆیان پێشانی خەڵکی ئێران و جیهان بدەن. بە بەشداری نەکردنی لێىڕاوانەی خەڵکی کوردستان لەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەدا، وەک مانگرتنی گشتی ٢٣ ی گوڵان و ١٦ ی گەلاوێژ شانۆی هاودەنگی، خۆڕاگری و وێنایەکی زیندو لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بێت.
با جەماوەری خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردن لەم ” هەڵبژاردنەدا”، بە هەموو دنیا و ڕایگشتی نیشان بدەن کە ئەم ڕژیمە هیچ جۆرە مەشروعیەتێکی نییە و خۆی بە زۆر بەسەر خەڵکدا سەپاندوە. لەمرۆدا تەنانەت خودی ڕژیم ناتوانێ چۆڵ بوونی بەردەم سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی لەبەر دەمدایە لە کوردستان پەردە پۆش بکات. ئەم جارەش پێویستە تا خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە ئامانجی ڕێسوا کردنی ئەم شانۆگەری هەڵبژاردنە، بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، لاپەرەیەکی تر لە مێژوی پڕ لە خەباتی ماندویی نەناسانەی خۆیان لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تۆمار بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-