دوو حەفتە بەسەر ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی خەڵکی ئێراندا تێپەڕیوە. لە لایەکەوە ئەم ناڕەزایەتیانە لە شکڵی جۆراوجۆریدا، لە کۆبوونەوە لەبەردەم زیندانی ئێوین بۆ ئازادی گیراوەکان، تا خۆپیشاندانی پڕژوبڵاو لە شارەکان، تا مانگرتنی کرێکاری، هەروا درێژەی هەیە و لە لایەکی دیکەوە ڕژیمیش هەروا خەریکی کرداری سەرکوتگەرانەی خۆیەتی. بەپێی ئەو ئامارانەی ڕاگەیەندراون تا ئێستا ٢٥ کەس لە لاوانی کەم تەمەن لە ناڕەزایەتیە خیابانیەکاندا بەهۆی تەقەی مەئمورانی بەکرێگیراوی ڕژیمەوە گیانیان لە دەست داوە، ٣٧٠٠ کەس گیراون و سەدان کەسیش بریندار بوون. بەپێی ئاخرین ئامارەکان تا ئێستا ٥ کەس لە سیا چاڵەکانی ڕژیمدا بە هۆی ئەشکەنجەوە مردون. پێویست بە ئاماژەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە گیراوەکان ئەو کەسانەن کە ڕژیم ئەوان لەسەر بنەمای تەرحی”پێشگیری” گرتوە و زیندانی کردون. عاسمە جههانگیر، ههواڵنێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ لە پێوەند لەگەڵ ئێران، وێڕای تەئیدی هەواڵی ئەم گرتنانە و مەحکوم کردنیان وتی: “ناتوانی هیچ کەس بە گومانی ئەوەی کە ڕەنگە بە لایەنگری لە داخوازیەکانی شتێک بڵێت بگریت”. لە بەرانبەردا خەڵک ڕژیمیان تێگەیاند کە چاوترسێنی کەش و فەزای سەرکوت نابن و پاشەکشە لە ویست و داواکاریەکانیشیان ناکەن و تەبلیغاتی درۆینەی سەقامگیری ئەمنیەتی ڕژیمیشیان دەرخست.
کردارە دژه ئینسانیەکانی ڕژیم، بە روونی نیشانەی ترس و نیگەرانی سەرانی کۆماری ئیسلامیە لە چارەنووسی نیزامەکەیان. خامنەیی کە لە سێڵاوی خرۆشاوی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا غافڵگیر بووە و خۆی بێدەنگ کردبوو، رۆژی سێ شەممە ١٩ی مانگی بەفرانبار دوای ١٢ رۆژ، لە پێوەند لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتیانەدا دەستی کرد بە قسە کردن. ئەو بە شێوازی هەموو دیکتاتۆڕەکان ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی لەدژی خۆی و حکومەتەکەی گرێدایەوە بە دەست تێدا بوونی دەرەکی و نەیارانی نیزام و وتی کە “بەڵگە و نیشانەکان دەریدەخەن کە ئەمریکایی و سەهیونیستەکان چەند مانگە خەریکن بە پارەی دەوڵەتێکی کەنداو لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی نەخشە و پیلان دادەنێن تا گورزمان لێ بوەشێنن”. لەم قسانەدا خامنەیی دانی بە دوو ڕاستیدا نا. یەکێکیان ئەوەی کە بارودۆخی ئابووری وێرانە و وتی”ڕیشەی زۆرێک لە گەندەڵیەکان لە بێکاری دایە و لەم پێوەندەدا گرفتی زۆرمان هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێن.” یەکێکی تر ئەوەی کە تەنانەت ئەگەر بتوانن ناڕەزایەتیەکانیش سەرکوت بکەن، سەرلەنوێ دەست پێدەکاتە. خامنەیی لە قسەکانیدا بۆ دەرچوون لەم بارەدۆخە ئابووریە فەلاکەتبارە کە بەسەر خەڵکیاندا سەپاندوە، ڕێگا چارەیەکی پێشنیار نەکرد. ئێستا کە ڕێگاچارە حەوزەییەکەی ئەو واتە ” ئابووری خۆڕاگرانە” بۆ چارەسەری بێکاری پوچ دەرچووە، ئەو نوسخەیەکی بێ نرخی دیکەی بەناوی ” گەشەی هاوڵاتیان” پێچاوەتەوە. نازاندرێت ڕژیم بەم بارودۆخە ئابوورییە نابەسامانەوە چۆن ئەتوانێ گەشە بە ئابووری بدات. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕژیمە هیچ ئاڵترناتیوێکی بۆ باشتر بوونی بارودۆخەکە نییە.
بەڵام پێش بینی خامنەیی لە پێوەند لەگەڵ ئەوەیکە ناڕەزایەتیەکان دەست پیدەکاتەوە، گەلێک ڕاستە. خامنەیی باشتر لە هەر کەسێکی دیکە دەزانێ کە ئەم ڕژیمە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، لەگەڵ ئەو خەڵکە چی کردوە و لەم روەوە ساتبەسات چاوڕوانی ئاخێز و ڕاپەڕینە لێیان. سەرفی بوجەی کەڵانی دەیان میلیارد دۆلاری بۆ بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی فریو و خورافات، سەرچاوە گرتوو لەم نیگەرانیەوەیە.
بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران کە لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا بەشدار بوون، ئاشکرایە کە خامنەیی درۆدەکات. ئەوان دەزانن کە قسەکانی سەبارەت بە دەخاڵەتی بێگانەکان لە کەوتنە ڕێی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا هیچ شتێک نییە بێجگە لە پاساوێکی فریوکارانە بۆ کرداری سەرکەتگەرانەی ئێستایان. ئەوانەی کە خۆیان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، دەزانن کە لەبەر سکی برسی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستیانداوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی و لە بەرانبەر هێزە سەرکوتگەرەکاندا سینگیان کردۆتە قەڵغان. دەزانن کە لەبەر خاتری دەستەبەرکردنی ئازادی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی خۆیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بۆ قەبوڵکردنی دواهاتەکەشی ئامادەن. خەڵکی وەگیان هاتوو دەبینن کە لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا، چلۆن سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە لە لایەن مشەخۆرانی نێو ئەم حاکمیەتەوە دەدزرێ و بنەماڵەی مەلاکان و کاربەدەستان لە چ کۆشک و بە چ ئیمکاناتێکی ئەفسانەییدا ژیان بەڕێدەکەن. دەبینن کە بەرهەمی چەوساندنەوەی کرێکاران و تاڵان کردنی سەروەتی کەڵانی ژێر زەوی، بە چ شێوەیەک سەرفی هەزینەی شەڕ لەودیوی سنورەکان و یارمەتی بە گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان و ئاڕاستە و پارێزگاری لە شوێنە مەزهەبیەکان لە ناوچەکەدا دەکرێت. دەزانن کە هیچ کام لە باڵەکانی ڕژیم هیچ بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە نییە و وەعدەکانیشیان تەنیا خەڵەتاندنە.
ئیدیعای خامنەیی سەبارەت بە ” دخاڵەتی دوژمنانی دەرەکی” ئەوەندە بێ ناوەرۆکە کە تەنانەت هێندێک لە کاربەدەستانی ڕژیمیش وەدرۆی دەخەنەوە. مەحمود سادقی نوێنەری مەجلیس رۆژی یەک شەممە لە تۆڕی تویتێردا نووسی” بە پێی وتەی کاربەدەستانی ئیتلاعاتی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا تا ئێستا هیچ دەست و هۆکارێکی دەرەکی رۆڵی نەبوو”. حەسەن روحانیش رۆژی دوو شەممەی حەفتەی ڕابردو لەم پێوەندەدا بەبێ ناو هێنانی دەست و هۆکاری دەرەکی وتی:” گروپێک لەو کەسانەی کۆبوونەتەوە و سوکایەتیان بە پیرۆزی و بایەخەکانی شۆڕش کردوە و سەروەتی گشتیان خراب کردوە کەمینەن و گروپێکی بچوکن.”
بەڵام جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوو لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا تا ئیستا تەنیا گۆشەیەک لە هێز و ئیرادەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ویست و دخوازیەکانیان بە ڕژیم نیشان داوە. کۆماری ئیسلامیش سەرەڕای خۆهەڵکێشان و هەراوهوریا دەزانێ کە ئەگەر بێت و بارەدۆخەکە بەم شێوەیە درێژەی هەبێت و کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بتوانن هەموو هێز و تواناییەکانی ڕێکخراوەیی خۆیان بە ڕێبەری و بەرنامە و ستراتیژی ڕادیکاڵ و پێشڕەوەوە بێننە مەیدان، نە دەزگای سەرکوت و تۆقاندن و نە زیاد کردنی ناوەندەکانی پۆلیس و هێزی ئینتیزامی و نە سازماندانی یەک ملیۆن گۆپاڵ بەدەستی تر لە بسیجدا، هیچکامیان ناتوانن پاریزکاری لە درێژەی حاکمیەتی جەهل و خورافەی ئیسلامی سەرمایە بکەن.